Erbil 38°C پێنجشەممە 05 ئازار 12:50

چه‌ندین نەخۆشخانەی تایبەت بە کۆرۆنا له‌ هه‌رێمى کوردستان دروست ده‌کرێن

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕاگەیەندراوێکى بلاو كرده‌وه‌
کوردستان TV
100%

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێک 
سەبارەت بە کار و چالاکییەکانی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە وەزارەتەکە لە دۆخی ئێستا هەرێمی کوردستان بڵاودەکاتەوە.

وەزارەتەکە ڕایدەگەیەنێت کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە هەر پێنج شاری هەولێر، هەڵەبجە، چوارقوڕنە، کەلار، پێنجوێن زەوی تایبەت دابینکراوە بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

ئەمەی خوارەوە دەقی ڕاگەیەندراوەکەیە:- 

بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێی دروستکردنی لیژنە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڤایرۆسە بە سەرپەرشتیی سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ڕاپەڕاندنی کارەکان لە لەلایەن وەزارەت و فەرمانگە پێوەندیدارەکانەوە، بەردەوامە لە ڕزگارکردنی هاووڵاتییان. وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لەپاڵ وەزارەتەکانی تەندروستی و ناخۆ و وەزارەت و فەرمانگە پێوەندیدارەکانی تر، بە بەردەوامیی گەیاندنی ئاوی خاوێن بۆ ماڵەکان کە باشترین جۆری کلۆر و شەب بەکار دێت و بە چەندان فلتەری جیاوازی خاوێنکردنەوە دەڕوات، هەروەها بەردەوامیدان بە کاری تیمەکانی ئاوەڕۆ بۆ ئەوەی ژینگەی شار و شارۆچکەکان لەم کاتەدا و بەخاوێنی بمێنێتەوە و هەڵگرتنەوەی خاشاکی ماڵان وەک ڕۆژانی ئاسایی و بەردەوامیدان بە خزمەتی پارکی ناو شار و شارۆچکەکان ئەگەر ئەم ماوەیە خزمەت نەکرێن، ڕەنگە وشک ببن و زیانی زۆریان پێ بکەوێت.

تیمەکانی شارەوانی بێ پشوودان لە خزمەتی هاووڵاتییانن، بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، لە هەموو شار و شارۆچکەکان، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەت و فەرمانگە پێوەندیدارەکان، بەردەوام خەریکی دەرمانڕێژکردنی تەواوی بازاڕ و گەڕەکەکانن کە هۆکارێکی بنەڕەتییە بۆ کوشتنی هەر جۆرە ڤایرۆسێک ئەگەر گەیشتبێتە ناو بازاڕە و شەقامەکانەوە.

جیا لەوانە، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لەڕێی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی و سەرۆکایەتیی شارەوانییەکانییەوە، تا ئێستە چەندان زەوی بۆ نەخۆشخانەی تایبەت بە کۆرۆنا دابین کردووە، وەک لە خوارەوە ئاماژەیان پێ دەدرێ:
- دابینکردنی زەوی بۆ نەخۆشخانەیەکی 70 قه‌ره‌وێڵه‌یی لە شاری هەولێر.
- دابینکردنی زەوی بۆ نەخۆشخانەیەکی 64 قه‌ره‌وێڵه‌یی له‌ شاری هه‌ڵه‌بجه‌.
- دابینکردنی زەوی بۆ نەخۆشخانەیەکی 70 قه‌ره‌وێڵه‌یی له‌ شاری كه‌لار.
- دابینکردنی زەوی بۆ نەخۆشخانەیەکی 20 قه‌ره‌وێڵه‌یی له‌ شارۆچكه‌ی پێنجوێن.
- دابینکردنی زەوی بۆ نەخۆشخانەیەکی 100 قه‌ره‌وێڵه‌یی له‌ شارۆچكه‌ی چوارقورنه‌.

وێڕای ئامادەباشیی تیمەکانی شارەوانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، بەهۆی بارانی زۆری ڕۆژانی ڕابردوو، شارەوانییەکان بۆ نەهێشتنی دروستبوونی لافاو و گەشتنی زیان بە هاووڵاتییان، بەردەوام خەریکی چارەسەرکردنی هەر گرفتێکن لە هەر شوێنێک دروست بووبێ.

ڕاگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.