Erbil 38°C سێشەممە 03 ئازار 09:50

رێکارەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ رووبەرووبوونەوەی کۆرۆنا جێگای ستایشی لایەنە نێودەوڵەتییەکانە

رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان راگه‌یندراوێكى بلاوكرده‌وه‌
کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ هەینی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە رێكارەكانی حكوومەتی هەرێم بۆ رووبەرووبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا نموونەیی و جێگای ستایشی رێكخراو و لایەنە نێودەوڵەتییەكانە.


د. دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دەستنیشانكردنی چەند حاڵەتێك لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بابەتەكەی بە هەند وەرگرت و لەسەر سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران گرنگییەكی زۆری پێدرا، دوای ئەوەی چەند حاڵەتێكی نەخۆشییەكی لە وڵاتی ئێرانی تۆمار كران، وەك یەكەم هەنگاوی یەكەم بە فەرمانی بەڕێز حكوومەتی هەرێمی كوردستان بودجەیەكی كراوە بۆ رووبەڕبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا تەرخان كرد و لە رۆژی 26/2/2020 دەوامی قوتابخانەكانی بۆ ماوەی مانگێك داخست، دواتر دەوامی زانكۆ و پەیمانگاكانی لە سەرتاسەری هەرێم داخست و كاتژمێرەكانی دەوامی ئاسایی فەرمانبەرانی كەم كردەوە، هەروەها رایی كردنی مامەڵەی هاووڵاتیانی لە چەند فەرمانگەیەك راگرت كە ئەگەری قەرەباڵغی و بەركەوتنی هاووڵاتیانی تێدا زۆرە


رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان زیاتر گوتی ئەم رێكارانەی كە لە هەرێمی كوردستان گیرانە بەر مایەی دەستخۆشی و ستایشی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و وڵاتان بوو، چونكە هەر زوو حكومەتی هەرێم لە فڕۆكەخانە و دەروازە سنوورییەكان رێوشوێنی توند ئەنجامدران بۆ پشكنینی ئەوانەی لە دەرەوەی وڵاتەوە روویان لە هەرێمی كوردستان كرد لەوانە كەرەنتینە كردنی دوو هەزار كەس كە لە ئێرانەوە گەڕابوونەوە هەرێمی كوردستان بۆ ماوەی 14 رۆژ، هەروەها دەستكرا بە رێوشوێنی یاسایی و گەڕان بەدوای ئەو كەسانەی كە گومان دەكرێت لە دەرەوەی خاڵە سنوورییە فەرمییەكانەوە هاتبنەوە هەرێمی هەرێم و پشكنینیان ئەنجام نەدابێت بۆ ئەوەی كەرەنتینە نەكرێن. بەگشتی رێكارەكان دلخۆشكەرن و ئەگەر هاووڵاتیان پابەندی رێنماییەكان بن ئەو قۆناغە بە سەركەوتوویی و كەمترین زیان تێدەپەڕێنین.


لە بارەی هاوكارییە نێودەوڵەتییەكانی بۆ هەرێمی كوردستان لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، دیندار زێباری رایگەیاند لیژنەیەكی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ھەرێمی كوردستان پێكهات بە سەرپەرشتی بەڕێز سەرۆكی حكومەت، ئەم لیژنەیە بەردەوامە لە ئەنجامدانی كارەكانی بۆ رێگە گرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە بۆ ئەم مەبەستەش لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی حكومەتی فیدراڵ و لایەنە نێودەوڵەتییەكان بۆ یارمەتیدانی هەرێم، لەم رووەوە حكومەتی چین لە رێگای كونسوڵخانەی گشتیی لە هەولێر یارمەتی پێشكەش بە هەرێم كردووە كە پێكدێت لە كەرەستەی و كەلوپەلی پزیشكی پێویست بەتایبەتی کیتی پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هەروەها تیمێكی پزیشكی چینیش سەردانی هەرێمی كرد بۆ ڕاوێژکردن و هەڵسەنگاندنی دۆخی ئێستای هەرێم بۆ چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە و لە نزیكەوە چاویان بە تووشبووانی نەخۆشییەكە بكەوێت لە هەرێم، لەلایەكی دیكەوە چەند كۆمپانیایەكی چینی بڕیاریان داوە چەند ئامێرێكی پزیشكی پێویست بۆ هەرێم دابین بكەن.


رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان سەبارەت بە هێنانەوەی هاووڵاتیان و قوتابیانی كورد لە دەرەوەی هەرێم وتی: لە چوارچێوەى هەوڵەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەژێر راسپاردەى بەڕێز سەرۆکى حکومەتى هەرێم بۆ گەڕاندنەوەى ئەو هاوڵاتیانەى لە دەرەوە گیریان خوارد بوو، نزیکەى ١٠٠ هاوڵاتى هەرێمى کوردستان کە لە وڵاتى هیند گەیشتنەوە هەرێمى کوردستان. كە بۆ چارەسەرى نەخۆشى و کارى بازرگانى سەردانى وڵاتى هیندیان کردبوو، هەروەها ژمارەیەكی زۆر قوتابی هەرێم لە قوبرسەوە گەڕێندرانەوە و دوای گەیشتنەوەیان لەلایەن وەزارەتى تەندروستیەوە رێکارەکانى پشکنین و کەرەنتینیان بۆ ئەنجامدراوە.


سەبارەت بە رەوشی راگیراوان و حوكمدراوان لەو رەوشەی ئێستادا رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان وتی: وەك پابەندبوون بە پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ و پاراستنی راگیراوان و سزادراون لە تووشبوون بە نەخۆشییەكە، حكومەتی هەرێم لیژنەیەكی پێكهێناوە بۆ دیراسەتكردنی بارودۆخیان بە مەبەستی دۆزینەوەی میكانیزمێك بۆ ئازادكردنی ژمارەیەك لە حوكمدراوان و راگیراوان، بەپێی دەرەنجامی كارەكانی لیژنەكە بڕیاری تایبەت بە دۆخی ئەوانە دەدرێت، چونكە دەتوانرێ كارێكی یاسایی بۆ ئازاد كردنی بەشێك لەو زیندانیانەش دەربچێ كە حوكمەكانیان كەمی ماوە وەك كاركردن بە ئازادبوونی بەمەرج تاكو لەم كاتەدا ئەوانەی دەگونجێ بگەڕێنەوە نێو خانەوادەكانیان.


لە كۆتاییدا دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان سەبارەت پاراستنی كەمپەكانی ئاوارە و پەنابەران وتی: حكومەتی هەرێمی كوردستان داوا لە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی و ئاژانس و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات كە گرنگی بە مەترسیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بدەن، بەتایبەتی لە کەمپەکان کە ژمارەیەکی زۆری پەنابەر و ڕاگوێزراو لەخۆ دەگرن و ئەگەری تووشبوون بەم ڤایرۆسە لەو شوێنانە زیاترە و کۆنتڕۆڵکردنیشی کارێکی ئاسان نابێت، بۆیە پێویستە هەوڵەکانی هەموو لایەک بۆ دوورخستنەوەی مەترسی بڵاوبوونەوەی کۆڕۆنا چڕ بکرێتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی بودجەی تایبەت بە یارمەتیدانی ڕاگوێزراوان لە چەند کەرتێک بە ڕێژەی (٥٠%) کەم کرایەوە، کە کارێگەرییەکی زۆری لەسەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان هەبووه.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.