Erbil 38°C سێشەممە 03 ئازار 06:05

مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان (61)ەمین ساڵڕۆژی دەرچوونی رۆژنامەی خەبات پیرۆز ده‌کات

دەسكەوتێكی دیكەی گرنگ و پڕبایەخی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەمان بوو بە رابەرایەتی بارزانی نەمر
کوردستان TV
100%


بەڕێزان/ سەرنووسەر و ستافی نووسین و هونەركاران و كارمەندانی رۆژنامەی (خەبات)

ئەمڕۆ یادی (61)ەمین ساڵیادی بەئاشكرا دەرچوونی رۆژنامەی(خەبات)دەكەینەوە، ئەو رۆژنامەیەی خاوەن شوناس و پێگەی شایستە و گرنگی خۆیەتی لە رەوتی رۆژنامەگەری كوردیدا و، لەو تەمەنە پڕ بەخششەیدا توانیویەتی خزمەتێكی بێكۆتا بە رەوتی رۆژنامەگەریی و ئەدەبیات و زمان و كولتووری نەتەوەیی و پرسە نیشتیمانیەكان بكات.
 بەوبۆنەیەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوە و نووسەران و خوێنەرانی رۆژنامەكەتان دەكەین و، ئاواتەخوازین بە هەمان گیانی بەرپرسیاریەتی و لەخۆبردووییەوە بەردەوام بن لە پێناو خزمەتگەیاندن.

 رۆژنامەی (خەبات) وەكو یەكەمین رۆژنامەی رۆژانە و زمانحاڵی پارتی دیموكراتی كوردستان دەسكەوتێكی دیكەی گرنگ و پڕبایەخی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەمان بەرابەرایەتی ((بارزانی نەمر)) و، پەیامی داكۆكیكردن لە داخوازیە رەواكانمان و پرەنسیپەكانی دیموكراسی و ئازادی و بڵندگۆ و كۆكەرەوەی رۆشنبیران و نووسەران و رۆژنامەنووسان، بوو.

 رۆژنامەی (خەبات) لە پلان و كار و بەرهەمیدا تایبەتمەندی خۆی لە بواری رۆژنامەنووسیدا سەلماندووە و بە درێژایی خەباتی بزووتنەوەی ئازادیخوازی و كوردایەتیدا وەكو رۆژنامەیەكی مولتەزیم رۆڵێكی دیار و كاریگەری گێڕاوە چ لە رووی هۆشیاركردنەوە و جۆشدانی هەستونەستی نیشتیمانپەروەری و شۆڕشگێڕیی و چ لە رووی پتەوكردنی گیانی تەبایی و یەكڕیزیی  و یەكدەنگیی هێز و لایەنە سیاسیەكان، هەروەها بەو تەمەنە دەوڵەمەند و بەپێزەی توانیویەتی خزمەتێكی زۆری زمان و ئەدەب و كوولتوری نەتەوەییمان بكات، جگە لەوەی سەرچاوەیەكی مێژوویی و ئەكادیمی و مەعریفیشە بۆ توێژی میدیاكاران و رۆشنبیر و زانستخوازان.
رۆژنامەی (خەبات) كە هەڵگری ئەو پەیامە زیندووەیە نكوڵی لە رۆڵی گرنگ و كاریگەری لە هەموو دەور و قۆناغێكدا ناكرێ، بۆیە بەراستی جێپەنجەی بەسەر كاروانی سەرفرازانەی رۆژنامەگەریی كوردیدا روون و دیارە و وەكو گەنجینەیەكی بەنرخ و بەهادار مایەی رێز و ستایش و شانازییە.

 هیوادارین لەو یادە پیرۆزەدا زیاتر و باشتر لەرووی چەندایەتی و چۆنیەتیەوە بەرەوپێش بچن و وەك هەمیشە برەو بە بنەما و رێسا راست و دروستەكانی كاری رۆژنامەگەریی بدەن و لەرووی راستگۆیی و بەرپرسیاریەتیەوە هەر لە پێشەنگ دابن بۆ داكۆكیكردن لە دۆزە رەواكەمان و پاڵپشتی پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكان.
 
لە(61)ەمین ساڵڕۆژی دەرچوونی رۆژنامەی(خەبات) جارێكی دیكە پاڵشتی تەواوی خۆمان بۆ بەردەوام بوون و پێشڤەچوونی رۆژنامەكە دووپات دەكەینەوە، ئومێدەوارین هەردەم هەنگاوی نوێ و بەرهەمدارتر بنێن..

هەزاران سڵاو بۆ یادی رۆژنامەوانانی پێشەنگ و ماندوونەناس..
دروود بۆ گیانی پاكی ئەوانەی لەو رێگایەدا سەریان نایەوە و ئەو كاروانەیان بەمڕۆكە گەیاند..
بەرزوپیرۆزبێت(61)ساڵ بەرهەم و خزمەتی بێسرەوتنی رۆژنامەی(خەبات)..

مەكتەبی سیاسی
 پارتی دیموكراتی كوردستان
4/4/2020

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.