عه‌دنان نوار نوێنه‌ری رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی له عێراق رایگه‌یاند: پێشبینی ده‌كرێت به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌كانی گه‌رماوه، بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا سنووردار بكرێت و تۆماركردنی تووشبوان كه‌م ببێته‌وه.
له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا، عه‌دنان نوار رایگه‌یاند: تاوه‌كو ئێستا بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌عێراق به‌راورد به‌وڵاتانی گه‌وره‌ی جیهان جێگه‌ی نیگه‌رانیه، رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی هیواخوازه ژماره‌ی تووشبوان له‌چه‌ند رۆژی داهاتوودا روو له كه‌مبوونه‌وه بكات.
وتیشی، پێشبینی دەكەین مانگی داهاتوو، ژماره‌ی تووشبوان به ڤایرۆسی كۆرۆنا له عێراق روو له كه‌مبوونه‌وه ده‌كات، ئه‌ویش به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌كانی گه‌رماوه‌یه، هه‌رچه‌نده عێراقیه‌كان حه‌ز به‌گه‌رما ناكه‌ن، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان سوود له گه‌رماكه وه‌رده‌گرن، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی كاریگه‌ری له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه له‌نێوان دوو كه‌سدا دروستده‌كات.
پێشتر جه‌عفه‌ر سادق عه‌لاوی وه‌زیری ته‌ندروستی عێراق رایگه‌یاندبوو، چاوەڕوان دەكرێت ژماره‌ی تووشبوان به‌ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌عێراق بگاته 1500 بۆ 2 هه‌زار توشبوو، ئه‌وه‌ش به‌راورد به‌وڵاتانی جیهان ژماره‌یه‌كی كه‌مه.
به‌گوێره‌ی ئاماره‌كان، تا ئێستا له‌عێراقدا 961 كه‌س تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، 61 كه‌سیش گیانیان له‌ده‌ستداوه، 279 كه‌سیش كه هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه بوون چاكبوونه‌ته‌وه.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.