رۆژنامه‌ی نیۆرك تایمزی ئه‌مه‌ریكی بڵاوی كردۆته‌وه ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی خانه‌واده‌ی شای سعودیه تووشی ڤایرۆی كۆڕۆنا هاتوون ئه‌مه‌ش ترسی لای شا سه‌لمان و محه‌مه‌د بن سه‌لمان شازاده‌ی جێنشینی ئه‌م وڵاته دروستكردووه.
به پێی رۆژنامه‌كه ده‌سه‌ڵاتدارانی ریاز داوایانكردووه 500 قه‌ره‌وێله‌ی چاره‌سه‌ری له نه‌خۆشخانه‌ی شا فه‌یسه‌ڵی دووه‌م له ریازی پایته‌خت بۆ ئه‌ندامانی خانه‌واده‌ی شای سعودیه ئاماده‌بكرێت هاوكات داوای ته‌رخانكردنی باشترین پزیشكه‌كانی ئه‌م وڵاته‌یان كردووه.
رۆژنامه‌ی نیۆرك تایمز ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه دوای شه‌ش هه‌فته له تۆماركردنی یه‌كه‌م حاڵه‌تی تووشبون به ڤایرۆسی كۆڕۆنا له سعودیه، ئه‌م ڤایرۆسه ترسی خستۆته نێو خانه‌واده‌ی شا و سه‌رچاوه‌یه‌ك نزیك له خانه‌واده‌ی فه‌رمانڕه‌وای سعودیه تووشبوونی نزیكه‌ی 150 كه‌سی له‌م خانه‌واده‌یه راگه‌یاندووه.
رۆژنامه‌ی نیۆرك تایمز ئاشكراشیكردووه شا سه‌لمانی فه‌رمانڕه‌وای سعودیه ته‌مه‌ن 84 ساڵ له ئێستادا له دوورگه‌یه‌كی نزیك شاری جده كه‌ره‌نتین كراوه و شازاده‌ی جێ‌نشین محه‌مه‌د بن سه‌لمانی ته‌مه‌ن 34 ساڵیش له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له وه‌زیره‌كان به هه‌مان شێوه له یه‌كێك له دوورگه‌كانی ده‌ریای سوور خۆیان كه‌ره‌نتین كردووه.
هاوكات رۆژنامه‌ی نیۆرك تایمز له‌سه‌ر زاری پزیشكانی نه‌خۆشخانه‌ی شا فه‌یسه‌ڵ ئاشكرایكردووه شا فه‌یسه‌ڵ بن به‌نده‌ر ئال سعود پارێزگاری ریاز و برازای شا سه‌لمان، تووشی ڤایرۆسی كۆڕۆنا هاتووه، چه‌ندین فه‌رمانده‌ی سه‌ربازی پله‌باڵاش دووچاری ڤایرۆسه‌كه هاتوون.
تاكو ئێستا نزیكه‌ی سێ هه‌زار حاڵه‌تی تووشبون به ڤایرۆسی كۆڕۆنا له سعودیه تۆماركراوه و له‌م ژماره‌یه‌ش 41 كه‌س مردوون.
به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ش ده‌سه‌ڵاتدارانی ریاز سه‌رجه‌م گه‌شته ئاسمانی و زه‌مینی و ده‌ریاییه‌كانیان بۆ ئه‌م وڵاته راگرتووه هاوكات گه‌شتی عومره‌ش وه‌ستێنراوه و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت به‌هۆی كۆڕۆنا وه‌رزی حه‌جی ئه‌مساڵ ئه‌نجام نه‌درێت.
پسپۆڕانی ته‌ندروستیش ئاماژه به‌وه‌ده‌كه‌ن ره‌نگه ژماره‌ی تووشبوان به ڤایرۆسی كۆڕۆنا له‌م وڵاته بگاته 200 هه‌زار كه‌س.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.