وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاگادارییەکی بۆ ئەو خوێندکارانە بڵاوکردووەتەوە کە لە دەرەوەی وڵات بەهۆی رێکارەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیریانخواردووە و داوادەکات بەپێی ئەو خشتەیەی راگەیێندراوە کاتەکانیان رێکبخەن بەمەبەستی گەڕانەوەیان.
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاگادارى سەرجەم ئەو خوێندکار و قوتابیانەی کردووەتەوە، پێویستە کاتەکانیان بەپێى خشتەى دیاریکراو رێکبخەن بەمەبەستى ئەنجامدانى ئامادەکارى و ئامادەبوونیان لە فڕۆکەخانەى وڵاتەکان بەمەبەستى گەڕانەوەیان بۆ هەرێمى کوردستان.
ژمارەیەک لەو قوتابی و خوێندکارانەی کە بەمەبەستی خوێندن روویان لە دەرەوەی وڵات کردووە، بەهۆی رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیریانخواردووە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوە کردووە، لەگەڵ لایەنى پەیوەندیدار لە حکومەتى هەرێمی کوردستان، حکومەتى عێراقى و پەرلەمانتارانى کورد لە بەغدا لە ھەوڵدایە بۆ وەرگرتنی رەزامەندی لایەنی عێراقی و ئەو وڵات و شوێنانەی کە قوتابی و خوێندکارانى هەرێمى کوردستان تێیاندا دەخوێنن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.