هه‌رچه‌نده سه‌رۆكوه‌زیرانی به‌ریتانیا به‌ڵێنی پێدانی شوێن و خزمه‌تگوزاری پێدان، به‌ڵام كۆچبه‌رانی بێلانه و هه‌ژار له‌و وڵاته هێشتا له ده‌ره‌وه و له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان ده‌خه‌ون كه ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ری توشبوونیان به ڤایرۆسی كۆرۆنا زیاتر ده‌كات.
مانگی ڕابردوو، بۆریۆس جۆنسن، سه‌رۆكوه‌زیرانی به‌ریتانیا به‌ڵێنی دا به دابینكردنی په‌ناگه و پشتگیری و هه‌موو خزمه‌تگوزارییه پێویسته‌كان به كۆچبه‌رانی بێلانه و ماڵ.
به‌ڵام ڕێكخراوه خێرخوازیی و مرۆییه‌كانی وه‌ك كرایسس، په‌بلیك ئینتریست لۆو سه‌نته‌ر، مایگرانت ڕایتس نێتوۆرك و پڕۆجێكت 17 ده‌ڵێن سه‌رۆكوه‌زیران به‌ڵێنه‌كه‌ی نه‌بردووه‌ته سه‌ر، ئه‌وه‌ش به‌پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامه‌ی زه گاردیانی به‌ریتانی.
ڕێكخراوه‌كان به ڕۆژنامه‌كه‌یان وتووه كه هێشتا كۆچبه‌رانی بێلانه له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان ده‌خه‌ون و پێداویستی ڕۆژانه‌یان نییه، چونكه كاتێك داوای هاوكاری و پشتگیری‌یان كردووه ئه‌نجومه‌نی شار و ناوچه‌كان بێئومێدیان كردوون یاخود ڕێنماییه‌كانی حكومه‌ت بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و هاوكارییانه ڕوون نییه و كۆچبه‌ران نه‌یانتوانیوه داوای هاوكاری بكه‌ن.
كۆچبه‌رانی بێلانه جیاوازن له كه‌سانی تری بێلانه، چونكه ئه‌وان زۆرجار خۆیان ده‌شاردنه‌وه تاوه‌كو له‌لایه‌ن تیمه‌كانی كۆچبه‌رانه‌وه ده‌ستگیرنه‌كرێن.
به‌پێی ڕاپۆرته‌كه‌ی گاردیان، زۆربه‌ی كۆچبه‌رانی بێلانه ناویان لای به‌رپرسانی ناوچه و ئه‌نجومه‌نه‌كاندا نییه.
چه‌ند كۆچبه‌رێكی بێلانه كه قسه‌یان بۆ گاردیان كردووه ده‌ڵێن: كاتێك داوای هاوكارییان كردووه به‌ڵام به‌بێ ئه‌نجام گه‌ڕێنراونه‌ته‌وه.
په‌ناخوازێكی 58 ساڵی نه‌یجیری به ڕۆژنامه‌كه‌ی گوتووه: كه ماوه‌ی 16 مانگه خه‌ریكه داواكاری مافی په‌نابه‌رێتی نوێ پێشكه‌شی وه‌زاره‌تی ناوخۆی به‌ریتانیا بكات به‌ڵام تائێستا نه‌یتوانیوه، چه‌ند ساڵێكه ئه‌و په‌ناخوازه له شه‌قام و ده‌ره‌وه ده‌خه‌وێت و هیچ شوێنێكی نییه بۆی بڕوات.
ئه‌و ده‌ڵێت: توشی ئاڵنگاری زۆر ده‌بمه‌وه بۆ ده‌ستخستنی خواردنی ڕۆژانه‌م چونكه به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه زۆربه‌ی ڕێكخراوه مرۆییه‌كان داخراون، سوپاس بۆ چه‌ند كه‌سێك كه له ده‌ره‌وه و له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان شتێكم پێده‌ده‌ن تاوه‌كو زیندوو بمێنم."
هه‌فته‌ی ڕابردوو ڕێكخراوه مرۆییه‌كان نامه‌یه‌كیان بۆ به‌رپرسانی خۆجێی نووسی و داوایان لێ‌كردن هاوكاری ئه‌و كه‌سانه بكه‌ن.
ئه‌و ڕێكخراوانه له نامه‌كه‌یاندا ده‌ڵێن: پێشكه‌شنه‌كردنی هاوكاری پێویست بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی پێویستیانه شكستهێنانێكی ئه‌خلاقییه، هه‌روه‌ها ته‌ندروستی گشتیش ده‌خاته مه‌ترسییه‌كی جدییه‌وه چونكه كۆچبه‌ران ناتوانن ڕێكاره‌كانی خۆپارێزی له ڤایرۆسی كۆرۆنا په‌یڕه‌و بكه‌ن."
كۆچبه‌رێكی تر به ڕۆژنامه‌كه‌ی گوتووه: من له‌ئێستادا ناچارم له ده‌ره‌وه بمێنمه‌وه، سوپاس بۆ هاوڕێكه‌م كه ڕێگه‌م پێ ده‌دات ته‌نها بۆ كاتی خۆشۆردن بچمه ماڵه‌كه‌ی، من زۆر ده‌ترسم له ده‌ره‌وه توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا ببمم له كاتێكدا له ده‌ره‌وه ده‌خه‌وم.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.