هەردوو كۆمپانیای ئەپڵ و گووگڵ لە هەوڵێكی هاوبەشدا ئەپڵیكەیشنێك دروستدەكەن، كە بۆ چاودێری جوڵە و شوێنی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەكاردەهێنرێت، بەڵام هەردوو كۆمپانیاكە ئاگادارییەكیان بڵاوكردووەتەوە كە حكومەتەكان ناتوانن هاووڵاتیان ناچار بكەن ئەو ئەپڵیكەیشنە بەكاربێنن.
لە هەلومەرجێكی ئاساییدا، گووگڵ و ئەپڵ ركابەری سەرسەختی یەكدین، بەڵام كۆرۆنا نۆرمە كۆمەڵایەتی، بازرگانی و ئابوورییەكانی گۆڕیوە، بۆیە رۆژی هەینی11 ی نیسانی 2020 هەر دوو كۆمپانیاكە رایانگەیاند هەوڵەكانیان یەكدەخەن بۆ دروستكردنی تەكنەلۆژیایەكی چاودێریی دیجیتاڵی، كە لە رێگەیەوە داوودەزگاكانی تەندروستیی وڵاتان دەتوانن چاودێری شوێن و جوڵەی تووشبووانی كۆڤید-19 بكەن، یان خەڵكانێك كە پێشتر پەیوەندیی و بەریەككەوتنیان لەگەڵ تووشبووەكە هەبووە ئاگادار دەكەنەوە یان لەبارەی ئەگەری نزیكبوونەوە لە شوێنی هەڵگرێكی ڤایرۆسەكە هۆشداری دەدەنە بەكارهێنەران.
گووگڵ و ئەپڵ رایانگەیاندووە لە رێگەی تەكنەلۆژیای بلوتووسەوە یارمەتی حكومەت و دامودەزگاكانی تەندروستی دەدەن تەشەنەسەندنی ڤایرۆسەكە هێواش بكەنەوە، بەڵام جەخت لەوەش دەكەنەوە كە "پاراستنی زانیاریی تاكەكەسی و ئاسایشی زانیارییەكان بەشێكی بنەڕەتی لە هەوڵەكە پێكدەهێنێت".
سەركەوتنی ئەو ئەپڵیكەیشنانە بەوە مسۆگەر دەبێ كە زۆرترین خەڵك بەكاریان بێنێت، چونكە لەم رێگەیەوە نەك هەر چاودێری زۆرترین تووشبوو و گومانلێكراو دەكرێت، بەڵكو زۆرترین خەڵكیش لە ئەگەری تووشبوون بە پەتاكە دەپارێزرێن. هەر بۆیە كۆمپانیاكان و ئاژانسەكان پێویستە پێش هەموو شتێك متمانەی خەڵك بەو ئەپڵیكەیشنانە بەدەستبێنن و زانیارییەكانی خۆیانی لەگەڵ بەش بكەن.
یەكێك لەو هۆكارانەی كۆمپانیاكان جەختی لەسەر دەكەنەوە ئەوەیە سۆفتوێرەكە بژاردەی بەكارهێنان یان بەكارنەهێنانی ئارەزوومەندانەی تێدابێت، واتە هەر كەسێك كە نایەوێ ئەپڵیكەیشنەكە بەكاربێنێت بتوانێ ئەپڵیكەیشنەكە بسڕێتەوە و سۆفتوێرەكە ئاگادار بكاتەوە كە چیدی چاودێری جوڵە و شوێنی مانەوەی نەكات.
گووگڵ و ئەپڵ رایانگەیاندووە نموونەی ئەپڵیكەیشنەكان دەدەنە دامودەزگاكانی تەندروستی، دواتر خۆیان بەشێوەی راستەوخۆ ئەپڵیكەیشنەكە لەناو سیستەمی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس دادەنێن، بۆ ئەوەی كەسەكە پێویست نەكات ئەپڵیكەیشنەكە دابگرێت. هەردوو كۆمپانیا گەورەكە رایانگەیاندووە كە لەگەڵ خاوبوونەوەی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەوانیش وڵات بە وڵات ئەپڵیكەیشنەكە دادەخەن.
كۆمپانیاكان بەڵێنیانداوە كە زانیاری و وردەكاری تاكەكەسی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ هیچ كام لە كامپانیاكان ئاشكرا ناكرێت، تەنیا بەرپرسانی تەندروستی دەتوانن دەستیان بە زانیارییە كەسییەكان رابگات، ئەوانیش تەنیا لەكاتێكدا ناسنامەی كەسەكەیان بۆ ئاشكرا دەبێ كە كەسەكە هەڵگری ڤایرۆسەكە بێت.
بڵاوبوونەوەی خێرای ڤایرۆسی كۆرۆنا حكومەتەكانی ناچاركردووە بیر لە چاودێریی دیجیتاڵی تووشبووان و بەركەوتنە كۆمەڵایەتییەكانیان بكەنەوە. ئەم رێكارە پێشتر لە وڵاتانی رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا تاقیكراوەتەوە و سەركەوتووش بووە. نموونەی ئەم وڵاتانە كۆریای باشوورە، كە لە پاڵ كۆمەڵێك رێكاری دیكەی وەك پشكنینی بەربڵاو، توانی لە رێگەی ئەو جۆرە ئەپڵیكەیشنانەوە كۆنترۆڵی پەرەسەندنی ڤایرۆسەكە بكات، بەبێ ئەوەی ناچاربێ قەدەخەی هاتووچۆ رابگەیێنێت.
بەڵام بەكارهێنانی ئەپڵیكەیشنەكانی چاودێری لە ئەوروپا و ئەمریكا پرسێكی هەستیارە، لەبەرئەوەی مافی پاراستنی زانیارییەكان و پەیوەندییەكانی تاكەكەسەكان دەخاتە مەترسییەوە. رێكخراوەكانی داكۆكی لە مافەكانی مرۆڤ ترسی ئەوەیان هەیە كە حكومەتەكان دوای كۆتاییهاتنی قەیرانی كۆرۆناش هەر لە رێگەی ئەو ئەپڵیكەیشنانەوە چاودێری جوڵە و پەیوەندییەكانی خەڵك بكەن، لەكاتێكدا یاسا و رێنماییەكانی وڵاتانی رۆژئاوایی رێگرن لەوەی حكومەت هەرچۆنێكی ویستی چاودێری هاوڵاتیان و پەیوەندییەكانیان بكات.
رۆژی یەكشەممە حكومەتی بەریتانیا پشتڕاستیكردەوە كە بەنیازە كار لەسەر ئەپڵیكەیشنێك بكات كە بەهۆیەوە ئەو خەڵكانە ئاگادار دەكرێنەوە كە لە ماوەكانی پێشتردا بەریەككەوتنی كۆمەڵایەتیان لەگەڵ تووشبوو یان گومانلێكراوێكی كۆڤید-19دا هەبووە.
مەت هەنكۆك، وەزیری تەندروستیی بەریتانیا رایگەیاندووە بەكارهێنانی ئەپڵیكەیشنەكە ئارەزوومەندانە دەبێت. ئەگەر كەسێك هەست بە نیشانەكانی پەتای كۆڤید-19 لەخۆیدا بكات، دەتوانێ لە رێگەی ئەو ئەپڵیكەیشنەوە سیستەمی تەندروستیی بەریتانیا ئاگادار بكاتەوە، دواتر ئەوان هەموو بەكارهێنەرانی ئەو ئەپڵیكەیشنە ئاگادار دەكەنەوە كە لە رابردوویەكی نزیكدا پەیوەندی و بەریەككەوتنی كۆمەڵایەتییان لەگەڵ ئەو كەسەدا هەبووە. ئەگەر دوای پشكنینەكان دەركەوت كەسی یەكەم هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنایە، ئەوە بەكارهێنەرانی ئەپڵیكەیشنەكە ئاگادار دەكرێنەوە كە خۆیان كەرەنتین بكەن.
تاوەكو پاشنیوەڕۆی سێشەممە 14ی نیسان، زیاتر لە 159 هەزار تووشبووی كۆڤید-19 لە ئیتاڵیا تۆماركرابوون، بەمەش لە پلەی سێیەمی وڵاتانی خاوەن زیاترین تووشبووی پەتاكە دێت. سەرەڕای ئەوەش ئیتاڵیا تائێستاش لەبارەی بەكارهێنانی رێكاری دیجیتاڵی وەك ئەپڵیكەیشنەكە یەكلا نەبووەتەوە.
پائۆلا پیانسۆ، وەزیری داهێنانی ئیتاڵیا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە بەكارهێنانی ئەپڵیكەیشنی لەوجۆرە كۆمەڵێك كێشە دەهێنێتە ئاراوە كە پێش بەكارهێنانی ئەپڵیكەیشنەكە دەبێ چارەسەر بكرێن، لەوانەش پاراستنی زانیارییەكانی پەیوەست بە ژیانی تاكەكەسی.
وەزیرە ئیتاڵییەكە لەوبارەوە بە پەرلەمانی وڵاتەكەی گوت "ئەمە بابەتێكی هەستیارە، وابزانم هەموومان ئاگامان لە هەستیاریی ئەو بابەتە هەیە و دەبێ هەر ئاوهاش بمێنینەوە". حكومەتی ئیتاڵیاش جەختی لەوە كردووەتەوە كە بەكارخستنی ئەپڵیكەیشنەكە ئارەزوومەندانە دەبێت و تەنیا بۆ ئامانجی پەیوەندیدار بە بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا بەكاردەهێنرێ و زانیاری تاكەكەسی بەكارهێنەران بۆ هیچ لایەنێكی سێیەم ئاشكرا ناكرێت.
ئەڵمانیا یەكێكە لەو وڵاتانەی كە رێژەی مردن تێیدا بە بەراورد بە ژمارەی تووشبووانی كۆڤید-19 زۆر كەمە. یەكێك لە هۆكارەكانی ئەوە بۆ زۆری ژمارەی ناوەند و پێداویستییە تەندرووستییەكان دەگەڕێتەوە. بەڵام ئەڵمانیا خاوەن یەكێك لە پێشكەوتووترین ئەپڵیكەیشنەكانی چاودێریشە.
پەیمانگەی رۆبێرت رۆخ رایگەیاندووە ئەپڵیكەیشنێكی دروستكردووە كە كەسەكان دەتوانن لەسەر كاتژمێرە دەستییە سمارتەكان دایبنێن و چاودێری چالاكییەكان، خەو، لێدانی دڵ و تەنانەت گەرمیی لەشی كەسەكە دەكات، كە بە نیشانەیەك لە نیشانە سەرەكییەكانی كۆڤید-19 دادەنرێت.
پەیمانگە حكومییەكە جەختی لەوە كردووەتەوە كە بەكارهێنانی ئەپڵیكەیشنەكە ئارەزوومەندانەیە، بەبێ ئەوەی ناسنامەی كەسەكان بدرێتە هیچ لایەنێكی دیكە یان بۆ مەبەستێكی دیكەی جگە لە بابەتەكانی پەیوەندیدار بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بەكاربهێنرێت.
ژێدهر/ سهنتهری میترۆ
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.