لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی، كۆبووهوه ئاماژەی بە قۆناغی سێیەمی رێكارەكانی خۆپارێزی كردووە، كە بریتییە لە قۆناغی پاراستنی بژێویی و ئاسایشی ئابووریی خەڵك .
د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگارى سلێمانى، لە دیوانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی سەرپەرشتیی كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی و لیژنەی ئارامیی شاری سلێمانی كرد، بەمەبەستى هەڵسەنگاندنی قۆناغی یەكەم و دووەمی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە سنورى پارێزگاى سلێمانیدا.
قۆناغی یەكەم، کە دیاریکردنى پلان بوو بۆ چۆنێتی روبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا و دابینكردنی پێداویستی و ئامێر و كەلوپەلی تەندروستی و لۆجیستیەكان و ئامادەکردنی ڕێنمایی و هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە و رێوشوێنەكانی كەرەنتینەكردن.
قۆناغی دووەم، قۆناغی خۆپارێزیی هاووڵاتیان و قەدەغەی هاتوچۆ و وەستانی ژیانی گشتیی و كاركردن بو لەسەر پاراستنی ئاسایشی تەندروستی تاك و كۆمەڵگا، دیاریكردنی رێكارو رێنمایی تەندروستی و كارگێڕی و ئارامیی ورد و زانستیانە و تەندروستیانە.
پارێزگارى سلێمانى رایگەیاندووە، قۆناغی سێیەم قۆناغی پاراستنی بژێوی و ئاسایشی ئابووریی خەڵك و کەرتی تایبەت، بە تەریبی لەگەڵ پاراستنی بەردەوامی ئاسایشی تەندروستیی و كەمكردنەوەی مەترسییەكانی پەتای كۆرۆنادا.
لەم قۆناغەشدا وەك قۆناغەكانی تر پشتیوانیی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پابەندیی خۆپارێزیی و تاكپارێزیی و كۆمەڵگا پارێزیی هاونیشتمانانی خۆشەویست، وادەكات بتوانین هێدی هێدی، قۆناغ بە قۆناغ دەرفەتی زیاتری ژیانكردن و كار و كەسابەت و بژێوی هاوڵاتیان ڕێكبخەینەوە و بكەینەوە، ئەمەش بە پابەندبوونی تەواوی هاووڵاتیان دەبێت بە خۆپارێزییانو بە رێنماییە تەندروستییو كارگێڕییو ئارامییەكانەوە.
د.هەڤاڵ ئەبوبەکر بە پێویستی دەزانێت هاووڵاتیان خۆیان بۆ خۆیان ئەركی پاراستنی تەندروستی خۆیان لە پەتای كۆرۆنا بگرنە ئەستۆ، بۆ ئەوەی دامودەزگاكانی دەوڵەت بتوانن رێكارو رێنمایی پێویستیان بەپێی قۆناغەكە بۆ دیاری بكەن و دەرفەتی چارەسەركردن و پشكنین و كەرەنتینەكردن و چاودێریكردنی تەندروستی و كەمكردنەوەی مەترسییەكانی پەتاكە لەلایەن كەرتی تەندروستیەوە بڕەخسێت و، یەكە كارگێڕیی و دامودەزگاكانی دەوڵەت لە سنوری پارێزگای سلێمانیدا بتوانن كایەكانی ژیانو سێكتەرە جیاجیاكانی بژێوی هاونیشتمانان لەژێر ڕێكارو ڕێنمایی وردو توندی تەندروستیدا جێبەجێ بكەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.