Erbil 38°C شەممە 28 شوبات 18:40

لەگەڵ بەختە بارانەدا 

سیناریۆ
کوردستان TV
100%


                          
سیناریۆ:
سیناریۆ لەزنجیرەی درامادا ئەو زەمینەیەیە  كە تەواوی  رەگەزە هونەرییەكانی دیكەی لەسەر بونیات نراوەو بە كرۆكی سەرەكی  ئەو بونیاتە هەژمار دەكرێت.
هەندێ‌ جار سێ‌ كەس لەنووسینەوەی دەقی دراما بەشداری دەكەن،  رۆمان نووس  یان چیرۆك نووس یاخود خاوەنی بیرۆكە، دووەمیان ئامادەكار كە ئەركی گۆر ِینی چیرۆك بۆ دراما دەگرێتە ئەستۆ و  دیالۆگی بۆ دادەنێت و كاراكتەرەكان بە پێی پێویست كەم و زیاد دەكات، سێیەمیان سیناریۆ نووسە  كە دیمەنەكان  دروست دەكات و گرتەكان دیاری دەكات.
 ئەم سێ‌ كەسە پسپۆرە هەر یەكەو  بەپێی پسپۆری خۆیان دەبنە یاریدەدەری دەرهێنەر بۆ ئەوەی كارێكی هاوبەش دروست بكەن، دوای ئەوان رۆڵی دەرهێنەر دێت كە زمانی وێنە بەدەق ببەخشێت و خەیاڵی تایبەتی خۆی زێدە دەكات، هەموو ئامرازە هونەرییەكانی خۆی بۆ بەرجەستە كردنی  دەق دەخاتە كار، لەموزیك و موئەسیراتی دەنگ و رووناكی و بەكارهێنانی  كامێرا.
لە درامای (بەختە بارانە) نووسەرێك (ئەحمەد رەزا) ئەركی هەرسێ‌ كەسی نووسەرو ئامادەكارو سیناریۆ نووسی بە تاقی تەنیا بینیووە، ئەم ئەركە رەنگە بۆ  نووسینی سیناریۆی كورتە فیلمێك، یا درامایەكی تەلەفزیۆنی ئاسایی بێت، ئەگەر نووسەرەكە شارەزایی و ئەزموونی لەهەر سێ‌ بواردا هەبێت، بەڵام بۆ نووسینەوەی زنجیرەی تەلەفزیۆنی ئەركێكی قورسە، بەتایبەت ئەگەر زنجیرەكە 80 ئەلقە بێت.
بۆیە چەند ئەوەندەی ئەركەكان بەسەر نووسەری دەق  زۆرتر بن، ئەوە كاریگەرییە نەرێنیەكان بەسەر دراماكەدا زۆرتر دەبێت، بەتایبەتیش ئەگەر دەرفەتی پێویست لەبەردەم نووسەردا دەرفەتێكی دیاری كراو بێت و تەنگەتاو بكرێت بۆ تەواو كردنی بەرهەمەكە، چونكە بمانەوێت و نەمانەوێت نووسەر چەند خاوەنی  ئەزموون بێت، پێویستی بەكاتی پێویست  هەیە   بۆ چنینی خەیاڵ و بونیات نانی كاراكتەرەكان و دروست كردنی گرێ‌ و چارەسەر كردنی درامی و دەیان كاری تر، بەهەر فشارێكیش لە ژێر جەختی بەرهەم هێنەر ئەوە نووسەر ناچاری ئەوە دەبێت كە چاوپۆشی  بكات ، لە چارەسەر كردنی گەلێك كەلێنی بە تاڵ كە زنجیرە دراماكە لاواز كات .
لە سۆنگەی دروست نەبوونی  ئەو كەلێننەو سووك كردنی قورسایی بەسەر نووسەری سیناریۆ، هەندێ‌  لە كۆمپانیا جیهانییەكانی بەرهەم هێنانی زنجیرە دراما، چەندین سیناریۆ نووس لەبەرهەمێكدا كۆ دەكەنەوە، بۆ ئەوەی سیناریۆش ببێتە ئەركێكی هاوبەش و بەرهەمەكە لەنێوان چەندین سیناریۆ نووس دابەش دەكرێت، هەندێ‌ لەو سیناریۆیانە لەگەڵ تۆماركردنی بەرهەم و رووداوەكانیدا دەڕۆن و رۆژ بەرۆژ سیناریۆكە دەنووسرێت و بەسەر ئەكتەرەكاندا دابەش دەكرێت، ئەو كاتە سیناریۆ نووسەكان راوێژ لە راویژكارو بەرهەم هێنەرەكان وەردەگرن بۆ رەوتی دراماكە و دەرهێنەریش رایان دەپەڕێنێ‌، بۆیە ژمارەی ئەلقەكان هەر چەند بن، بە بێ‌ كێشە بەرهەمەكان بەڕێوە دەچن.
 لە بەختە بارانەدا ئەو بارە قورسە لەسەر سیناریۆ نووس دەبینین  بە :
1.پیًویست بوو هەموو تەوەرەكان بەیەكەوە نەخرێنە روو، چونكە رۆیشتنی ئەو هەموو تەوەرە بە یەكەوە ، رێگە نادات تەوەرەكان تێر بكرێن و بینەر ئاشنا بەكەسایەتیەكان بێت، بەڵكو وا باشتر بوو كە سەرەتا دەرهێنەر بەیەك دوو  تەوەری سەرەكی بێتە پێشەوەو وردە وردە لق و پۆپ لە تەوەری سەرەكی كردبوایە و ریتمی دراماكە بەشێوەیەكی سروشتی  بەڕێوە چووبا، هیچ پیًویستیمان بەوە نەبوو هەر لە دەست پێكدا هەموو كۆمپانیاكان بە دیمەنێك دووان  وەك بروسكە نیشان بدەین و دواتر وازیان لێ‌ بێنین  .
2.دەركەوتنی هەندێ‌ كاراكتەر راستەوخۆیە، یەكسەر دەچێتە ناو دیمەن بێ‌ ئەوەی ئەو كەسایەتیانە باگ راوندێكییان هەبێت بینەر شتێ‌ لەسەرچاوەی ئەوانەوە بزانێت، بۆ نموونە دەركەوتنی مریەمی قاچاغ چی ، ئەو كوڕە گەنجەی رۆڵی ئاشقێك دەبینێ‌ و لە سەر شەقام لە چاوەڕوانی كچەكان دایە، گریان و فیغانی كچەكەی زوبێر بۆ دلدارەكەی، لێدانی كەسێك لە تاریكی دا، ئازاردانی یەكێكی تر لە سەر شەقام و فڕاندنی .. بێ‌ ئەوەی ئەو دیمەنانە هیچ باگ راوندێكیان هەبێت و بازدانێكی ناوازەی تێدا بێت كە پێشتر بینەر هیچ زانیاریەكی دەربارەیان نەبێت، بەڵام ئەگەر بتەوێت بپرسیت چۆن بێ‌ پێت دەڵێم : ئەوەتە پەیوەندی بەستنی خۆشەویستی نێوان خوشكەكەی هەندرێن و كوڕەكەی زوبێر سروشتییە چونكە رێكەوتێكی یەكتر ناسین لە نەخۆشخانەو بەپاساوێكی لۆژیكی و سروشتی خۆی هەبوو، بەڵام ئەی ئەوانی تر؟
3 .دیالۆگ لاوازەو بە گشتی هێز لە داڕشتنی دیالۆگەكاندا نابینم ، ئەم  لاوازیەش  كاریگەری نەرێنی بەسەر  لاواز بوونی كەسایەتیەكاندا بەجێ‌ دەمێنێ‌، رەنگە هەندێ‌ لەو كاراكتەرانە پێویستیان بە دیالۆگی  بەهێزتر بوو، بۆ ئەوەی كەسایەتیان، هزریان، ئەخلاقیان، شارەزایی و مەعریفەتیان و زۆر فاكتەری دیكەی ناسینی ئەو كەسایەتیانە لەرێگەی زمان و دیالۆگیانەوە بناسین.
4.دیمەنەكان پچڕ پچڕو كورتن، مۆڵەتی ئەوە بەبینەر نادەن  چێژ وەرگرێ‌، هەركە وەك باڵندەی كێوی لێیان نزیك بیتەوە دەفڕن، تەنانەت دەرهێنەریش نەیتوانییوە بەوێنە چارەسەری ئەو كورتیە بكات، من لەو چەند ئەلقەیە تەنیا دیمەنێكم لەو فۆرمە بینی كە من ئاواتم بۆ دەخواست ئەو دیمەنە بووكە زوبێر لە گەرماوەكە دێتە دەر خاولیەكی لەسەر شانە، دواتر بەهێمنی دەچێتە لای كچەكەی و  قسە خۆشەكان لەگەڵ كچەكەی دا  دەكا..پێم باش بوو هەر دیمەنێك بەشی خۆی وەرگرێ‌  لەكات، بوار بدرێتەكامێرا حاڵەتە سروشتییەكان وەك خۆی نیشانی بینەر بدا.
ن/ حه‌یده‌ر عه‌بدولرحمان 
 

كوردستان TV

کولتوور و هونه‌ر

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.