پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، بەهۆی هەبوونی بنکە و بارەگاکانی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چەند شوێنێکیان لە سنووری شارەدێی وەرتێ و سەنگەسەر بۆردومان کرد.
موسڵح زرار، بەڕێوەبەری شارەدێی وەرتێ، بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: کاتژمێر 10 و 45 خولەکی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، بەهۆی هەبوونی بارەگاکانی پەکەکە، فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکیا (چیای دڕەبی) لەنێوان زینی وەرتێ و گوندەکانی زارگەلی و بۆکریسکانی بەچڕی بۆردومان کرد.
گووتیشی: بەهۆی ئەوەی ناوچەکە سەخت و شاخاوییە، زانیاریمان نییە کە زیانی بۆردومانەکە بۆ سەر هێزی پەکەکە چی بووە، بەڵام زیانی گیانی و ماددی بۆ هاووڵاتییان و خەڵکی سڤیل نەبووە و بۆردومانەکە دوور لە ئاوایی و گوندنشینان بوو.
هاوکات بەپێی زانیاریەکان ئەو بۆردومانە چەند ناوچەیەکی لە بناری قەندیلی سەر بە شارەدێی سەنگەسەر گرتۆتەوە و جگە لە بۆردومانی بنکە و بارەگاکانی پەکەکە، هیچ زیانی بۆ سەر هاووڵاتییانی سنوورەکە نەبووە.
هاوکات شەوی ڕابردووش فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بەهەمان هۆکاری پێشوو، بۆردومانی ناوچەکانی خواکورک، چیادێڵ و گوندی کەوەرتێی ناوچەی برادۆستیان لە سنووری شارەدێی سیدەکان کرد.
کەریم سمکۆ
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.