بەرەبەیانی ئهمڕۆ سێشەممە "شایان سەعیدپووڕ" خەڵکی سەقز، کە لەتەمەنی مێرمنداڵی تووشی تاوان بووە و حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپابوو، دوای هەڵاتن لەبەندیخانەی سەقز و سەر لەنوێ دەستبەسەر کرانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە لەسێدارە درا.
لهمبارهیهوه یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی سەعیدپوور وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو زانیاریانە ڕاگەیاند، تەنانەت مۆڵهتیان نەداوە دایکی ئەو کوڕەی بە دەستی شایان کوژرابوو و ڕەزامەندی دابوو، بچێتە ناو بەندیخانە. بنەماڵەی شایان دوێنێ لە بەندیخانەی سەقز دوایین چاوپێکەوتنیان لەگەل ناوبراو ئەنجام دابوو.
ڕۆژی سێشەممە 23ی ئۆکتۆبری 2018، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای تاوانەکانی پارێزگای سنەوە بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرا و ئەو حوکمە مانگی ڕێبەندانی هەمان ساڵ لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە پشتڕاست کرایەوە.
سەپاندنی حوکمی سێدارە و جێبەجێ کردنی بە سەر مێرمنداڵاندا لە ئیران لە کاتێکدایە کە ماوەی 26ساڵە ئێران جاڕنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی لەوپەیوەندییەدا واژۆ کردووە کە بەپێی ئەو جاڕنامەیە سەپاندنی حومی سێدارە و بەندکرانی هەتاهەتایی بە سەر مێرمنداڵاندا نایاساییە.
لە کاتی ڕاپەڕینی بەندکراوانی بەندیخانەی سەقز 74بەندکراو توانیان هەڵبێن، شایان سەعید پوور و شۆڕش موروەتی دوو لەو بەندکراوانە بوون کە توانیان هەڵبێن و ڕۆژی یەکشەممە 17ی خاکەلێوە، واتە 10ڕۆژ دوای هەڵاتن لە بەندیخانە، لە گوندی سەبەتلووی شاری بانە دەستبەسەر کرانەوە.
مستەفا سەلیمی، یەکێکی دیکە لەو بەندکراوانە بوو کە دوای ئەوەی دەستبەسەر کرایەوە، ڕۆژی شەممە 23فروردین لە بەندیخانەی سەقز لەسێدارە درا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.