Erbil 38°C سێشەممە 24 شوبات 07:43

وەزارەتی بەرگریی عێراق کوژرانى 135 تیرۆریستی راگه‌یاند

279 حەشارگە و تونێلی تیرۆریستان خاپووكران
کوردستان TV
100%

وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند كە لەمیانی مانكی كانوونی دووەمەوە تا ناوەڕاستی ئەم مانگە، بەهۆی رووبەڕوبوونەوە و كردەی توندوتیژییەوە، 170 مەدەنی و سەرباز و، 135 تیرۆریست كوژراون.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە وەزارەتی بەرگریی عێراق راگەیەندراوێكی بڵاوكردووەتەوە و تیایدا ئاماژەی بەو ئۆپەراسیۆنانە داوە كە لە سەرەتای مانگی كانوونی دووەمەوە تا 15ی ئەم مانگە لەو وڵاتە ئەنجام دراون.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە لەمیانی ئۆپەراسیۆنەكاندا تا ئێستا، 135 تیرۆریست كوژراون، هەروەها 637 شوێنی تایبەت بە بۆمبڕێژكردن، 279 حەشارگە و تونێلی تیرۆریستان خاپووكران و شەش هەزار و 89 بۆمب و 51 پشتێنەی بۆمبڕێژكراو لەناوبراون.

بەپێی رایگەیەندراوەكە لەو ماوەیەدا، 88 سەرباز، پۆلیس و چەكداری حەشدی شەعبی كوژراون و 174ی دیكەیش لەو هێزانە برینداربوون، هەروەها 82 مەدەنیش كوژراون و 120ی دیكەیش برینداربوون.

مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی2017دا، ھێزە عێراقییەكان بە پاڵپشتیی ھاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتیی دژبە داعش و دوای سێ ساڵ لە شەڕێكی سەخت دژبە رێكخراوی تیرۆریستیی داعش كۆنترۆڵكردنەوەی تەواوی ئەو رووبەرەیان راگەیاند كە بە یەك لەسەر سێی خاكی عێراق ھەژماردەكرا و داعش لە ھاوینی 2014دا كۆنتڕۆڵی كردبوون.

وێڕای ئەوەی ھێزەكانی عێراق داعشیان لە ناوچەكان دەركردووە و شارەكانیان ئازادكردووە، بەڵام شانە نووستووەكانی رێكخراوەكە تا ئێستا بەردەوامن لە ھێرشەكانیان لە گوندەوارەكانی پارێزگاكانی كەركووك، نەینەوا، سەڵاحەددین و ئەنبار.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.