بەرێوەبەری گشتی تەندروستیی هەڵەبجە د.ئازاد مستەفا "تا ئێستا ٢٢ حاڵەت لە پارێزگای هەڵەبجە تۆمار کراوە و لەوانە ١٥یان چاکبوونەتەوە و رەوانەی ماڵەوە کراون و تەنها حەوت لەوانە لە نەخۆشخانە ماونەتەوە و چارەسەر وەردەگرن و هەموو رۆژێک پشکنینیان بۆ دەکرێت''
پارێزگای هەڵەبجە یەکێکە لەو پارێزگایانەی کە درێژترین سنووری لەگەڵ ئێراندا هەیە کە پێش زۆر وڵاتی ناوچەکە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێی تێدا بڵاوبوویەوە، هەر بۆیە رێکارەکانی خۆپارێزی تێیدا لە ئاستێکی باڵادایە لەچاو ناوچەکانی تری هەرێمی کوردستان و عێراق.
لە پارێزگای هەڵەبجە کە تا ئێستا ٢٢ حاڵەت تێیدا تۆمار کراوە، رێوشوێنەکانی خۆپارێزی و چارەسەریی و دەستنیشانکردن بە سێ قۆناغی جیاجیا تێیدا پەرەی سەندووە و لەئێستادا، ژمارەیەکی دڵخۆشکەر هەن بۆ چارەسەرکراوانی ئەو ڤایرۆسە کە زۆرێک لە وڵاتان پێوەی دەناڵێنن.
هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کە لە پارێزگاکە بەڕێوەدەچێت، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستیی سلێمانی و پارێزگار، قایمقام و چەندین بەڕێوەبەرایەتی تر لە ئاستێکی باشدا خۆی بینیوەتەوە و توانراوە بەجۆرێک لە جۆرەکان بەهۆی خەمخۆری خەڵکەکەی و شەونخونی کارمەندانی تەندروستی و هێزە ئەمنییەکان، کۆنترۆڵی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بکرێت.
لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو بەرێوەبەری گشتی تەندروستیی هەڵەبجە د. ئازاد مستەفا باسی لە چۆنیەتی رێکارەکانی بەرگرتن لە بڵاوبوونەوە و دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی ڤایرۆسەکە کرد .
د.ئازاد ئاماژە بەوە دەکات کە لە سێ قۆناغدا کار کرا لە هەڵەبجە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVİD-19 کە لە خۆپارێزییەوە دەستی پێ کرد.
ئەو دەڵێت: "سەرەتا لە قۆناغی خۆپارێزیدا، دەبوو ١٥ رۆژ هاووڵاتییانی کە لە دەرەوە دەهاتنەوە یان بەرکەوتەیان هەبوو دەخرانە کەرەنتینەوە کە دوو شوێنیان بۆ دابین کرا، ئەوانیش یەکێکیان لە هەڵەبجە، ئەوەی تر لە شارۆچکەی بیارە بوو. ئەوەی کە نەمان بوو کەلوپەلی خۆپارێزیی بوو کە لە بازاڕیشدا ٢٠ هێندە نرخەکەی زیادی کردبوو، بۆیە قۆناغێکی ئاستەم بوو، دەبوو رووبەڕووی کۆرۆنا ببینەوە".
لە بارەی قۆناغی دووەمی پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێوە، د. ئازاد گوتی: "گرنگرتین پرۆسە، قۆناغی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە بوو، ئەو کات شوێنێکمان دابین کرد وەک نەخۆشخانەی کۆئەندامی هەناسە، چونکە پێشتر ئەو نەخۆشانەی داخڵ دەکران هەریەکەو رەوانەی شوێنێک دەکران، ئەمەش مەترسی هەبوو لە بڵاوکردنەوەی نەخۆشییەکە و نەدەتوانرا چاودێری تەواو بکرێت بۆ کۆنترۆڵکردنی، بۆیە ئەو سەنتەرەمان کردەوە و تاقیگەیەکمان تێدا دانا بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە".
ئەمە لە کاتێکدایە لە قۆناغی سێیەمدا کە قۆناغی چارەسەرییە، نەخۆشخانەیەکی تایبەت دەستنیشان کرا بۆ تووشبووان، ئەویش خۆی لە دوو قاوشی ٣٤ قەرەوێڵێییدا دەبینیەوە.
لەئێستاشدا نەخۆشخانەیەکی تری ٦٤ قەرەوێڵەیی کرایەوە کە تایبەتە بەوانەی دۆخی تەندروستییان تێکدەچێت و تا ئێستا کەس پێویستی بەوە نییە.
سەبارەت بە دۆزینەوەی دۆسیەی حاڵەتی سفر کە دەکاتە یەکەم تووشبوو کە لە رێیەوە خەڵکی تری پارێزگاکە تووشی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، د. ئازاد مستەفا ئاماژە بەوە دەکات ئەوان رێکارە تەندروستییەکانیان بۆ ئەو کەسە کردووە کە گومانی لەسەر بووە حاڵەتی سفر بێت و رایگەیاند، لەئێستادا ئەو دۆسیەیە لەلای پارێزگاری هەڵەبجەیە و ئەوان وەک تیمی تەندروستی هەموو رێکارێکی تەندروستییان بۆ ئەنجامداوە.
د. ئازاد دەشڵێت کە ٣٠٠ کەسیان بەدرێژایی ئەو ماوەیەدا لە دوو شوێنی جیادا کەرەنتینە کردووە کە پێکهاتبوون لەوانەی لە ئێرانەوە هاتبوونەوە، هاوکات بەرکەوتەیان هەبوو لەگەڵ تووشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
هەندێک کەسی تریش بە هەستکردن بە لێپرسراوێتی باڵا لە ماڵەکانی خۆیاندا، کەرەنتینە کرابوون.
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی هەڵەبجە ئاماژە بەوە دەکات کە تا ئێستا، ٢٢ حاڵەت لە پارێزگای هەڵەبجە تۆمارکراوە و لەوانە ١٥یان چاکبوونەتەوە و رەوانەی ماڵەوە کراون و تەنها حەوت لەوانە لە نەخۆشخانە ماونەتەوە و چارەسەر وەردەگرن و هەموو رۆژێک پشکنینیان بۆ دەکرێت، بەپێی ئەو پرۆتۆکۆلەی لەبەردەستماندایە، ئەگەر سێجار بەدوای یەکدا پشکنینەکانیان نێگەتیڤ بوو ئەوا رەوانەی ماڵەوە دەکرێنەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.