ھێمن قادر، جێگری پارێزگاری ھەولێر راگەیاند: رۆژی ھەینیەوە بەرنامەی ئەوە دادەنێین ھەندێك شوێن نەكرێنەوە.
ھێمن قادر راگەیاند: ئێستا چاوەڕێی بەیاننامەی وەزارەتی ناوخۆ دەكەین لەبارەی قەدەغەی ھاتووچۆ بۆ ئەوەی كات و شێوازەكەی بزانین، دواتر ئێمەش وەك ژووری ئۆپەراسیۆن رێنمایی دەردەكەین .
هەروەها راشیگەیاند: ھەموو ئەو شوێنانەی گردبوونەوەی لێدروست دەبێ ناكرێنەوە وەك كافتریا، مۆڵ، بازاڕی گەورە، ھۆڵی وەرزشی. ئێمە بە ھەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو شوێنانە دەكەین .
سەبارەت بە شەوانی مانگی رەمەزان، جێگری پارێزگاری ھەولێر گوتی: وەك لە ساڵانەی ڕابردوو بووەتە نەریت كە شەوانە شوێنە گشتییەكان قەرەباڵغ دەبن، بەڵام ھێشتا لەبارەی قەدەغەی ھاتووچۆ لە شەوان بڕیارمان نەداوە، كۆبوونەوە دەكەین و دوای بەیاننامەی وەزارەتی ناوخۆ رێنمایی نوێ بڵاودەكەینەوە .
راشیگەیاند: خشتەی رێنماییەكان لە مانگی رەمەزان بەش بەش دەبێت، رەنگە لە سەرەتا بۆ ھەفتەیەك یان دە رۆژبێت دواتر دەگۆڕدرێت، بەپێی رەوشی تەندروستی مامەڵە لەگەڵ قەدەغەی ھاتووچۆ و رێنماییەكان دەكەین".
سەبارەت بە ھێڵی تەكسی و پاسەكان، ھێمن قادر رایگەیاند: تاوتوێی ئەو بابەتە دەكەین و سبەی بڕیاری لێدەدەین، بێگومان دەبێ كاتەكانیشیان بۆ دیار بكرێت، ئەم بڕیارەش دوای بەیاننامەی وەزارەتی ناوخۆ دەدرێت .
جەختیكردەوە: ئاسانكاری بۆ ھەموو كاسبكار و ھاووڵاتییان دەكرێت .

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.