ژووری ئۆپەڕاسیۆنی قەزای سۆران،بە مەبەستی دیراسەکردنی بارودۆخەکە و داڕشتنی خشتەیەکی نوێ و ئەنجامدانی کارئاسانی بۆ هاوڵاتییان، راگهیهندراوێكی بڵاوكردهوه.
مانگی پیرۆزی ڕەمەزانتان پیرۆز و خوای گەورە بە خێر و خۆشی عیبادەتی ھەموو لایەک قبول بکات .
ھەموومان پێکەوە ، حکومەت و گەل ، قۆناخێکی ترسناکی نەخۆشیەکمان ئابلوقە داوە ، کە شوکر بە بەراورد بە دونیای پێشکەوتوو تا ئێستا بێ زیانین ، ئومێد وایە ھەر وا بین . لەو نەخۆشیە کەس ناتوانێ گرەنتی سەرکەوتنی بە سەردا بدات ! دوێنێ کە پارێزراو بوین پابەندی ڕێنماییەکان بووین و لە ماڵەوە دوور لە بەریەککەوتن بووین ، بەڵام بە ھۆی ئاسانکاری بڕیاری حکومەت ، بۆ کردنەوەی بەشێکی زۆری بازار ، بێ گومان بەریەککەوتن دەبێ ، بۆیە ئەمڕۆ ھەڕەشەی کۆڕۆنا زیاترە لە دوێنێ ئەگەر پابەندی ڕێنمایی نەبین . تکایە تکایە خۆتان لە بیر نەچێ و روحم بە ژیانی خۆتان بکەن .
وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگای ھەولێر قەدەخەی ھاتوچۆی تا ٥/١ درێژ کردەوە بەو ئاسانکاریەی خوارەوە لە بەرژەوەندی کاسبکاران . ئومێد دەکەین پابەندی رێنمایی بن . ئێمە ناچارین چاودێری بازار و جولە بکەین ، ھەر شوێنێ قەلەبالخ بوو دای دەخەین بۆ ئاگاداریتان و ئەوەش ڕێنمایی ئەو ھەفتەیە :-
1- لەژێر ڕۆشنایی بەیانی ژمارە (28)ی ساڵی (2020)ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، درێژکردنەوەی ڕاگرتنی هاتووچۆ تاوەکو 2020.5.1 بەردەوام دەبێت، لە کاتژمێر(6) ئێوارە تا (12)ی شەو قەدەغەی هاتووچۆ بەتەواوی جێ بەجێ دەکرێت، تەنها ڕێگە دەدرێت بە هاتووچۆکردنی ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان و تیمە تەندروستییەکان و ئۆتۆمبێلی ئەمبولانس و ئەوانەی لە ئەرکی فەرمیدان.
2- شوێن و بازاڕ و دوکانەکان کراوە دەبن بەمەرجی جێ بەجێ کردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان و ئەم شوێنانەش بەداخراوی دەمێننەوە، (یانە و هۆڵەکەکانی ئاهەنگی شەوانە، یانەکانی مەی خواردنەوە (باڕ)، کافتریا، نێرگەلەخانە، چایەخانە، مەلەوانگە، گەرماو (حەمام)، سەنتەرەکانی لەش جوانی، هۆڵەکانی وەرزش، هۆڵەکانی بووک گواستنەوە، هۆڵەکانی بۆنە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان، سەنتەرەکانی مەساج، گازینۆکان، کافتریا و ڕیستۆرانتی باخچەکان).
3- کارکردنی تەکسی، هەموو شوفێران دەبێت پابەندی بڕیارەکانی وەزارەتی گواستنە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بن کە بۆیان دیاری کراوە:-
- لە دوو سەرنشین زیاتر ڕێگە نادرێت و دەبێت لە کوشنی پشتەوە دابنیشن.
-هیچ شۆفێرێک بۆی نییە سەرنشینێک هەڵبگرێت ئەگەر ماسک و دەمامکی نەبەستبێت.
-کارکردنی تەکسییەکان رۆژانە بەشێوەی تاک و جووت دەبێت و بەپێی رۆژەکانی مانگ دیاریکراوە، بۆ نموونە 1ـی مانگ ژمارە تاکەکان و 2ـی مانگ ژمارە جووتەکان.
-هاتووچۆ لەنێوان پارێزگاکان بە پابەندبوون بە رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ دەبێت.
-شۆفێری تەکسی دەبێت ڕۆژانە ئۆتۆمبێلەکەی بە ماددەی پاککەرەوە پاکبکاتەوە و دەبێت جامی ئۆتۆمبێلی تەکسییەکان چارەکێکی کراوەبێت ئەگەر کەش وهەوا لەبار بێت.
4- نۆڕینگەکانی پزیشکی، لەکاتژمێر (2)ی دوای نیوەڕۆ تا (6)ی ئێوارە کراوە دەبن، بەو مەرج و ڕێنماییانەی بۆیان دیاری کراوە:-
-تا دەکرێت سەردانی نەخۆش بۆ (نۆرە) وەرگرتن، لە ڕیگەی ژمارەی تەلەفۆنی نۆڕینگەکان بێت.
-لەژووری دانیشتنی چاوەڕوانی نەخۆش، نابێت ژمارەی نەخۆش لە(4)کەس زیاتر بێت.
-نەخۆش نابێت لە یەک هاوەڵ زیاتری لەگەڵ بێت، دەبێت دەمامک و دەستکێشیان لەبەر بێت.
- ڕۆژانە نابێت لە 15 نەخۆش زیاتر ببینن.
-دەبێت پزیشک بۆ بینینی نەخۆش پێداویستییەکانی خۆپارێزی (ماسک، دەمامک، گاون) بەکار بهێنێت.
-هەر نۆڕینگەیەک پابەند نەبێت، بەهەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی و سەندیکای پزیشکان دادەخرێت.
5- چێشتخانەکان، بە پابەندبوون بەڕێنماییە تەندروستییەکان، تەنها بۆیان هەیە خواردن بە گەیاندنی(سەفەری-دلیڤەر)ی بفرۆشن.
6- پێشانگاکانی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل جگە لە ڕۆژانی هەینی ڕۆژانی تر کراوە دەبن.
7-لەمانگی ڕەمەزانی پیرۆز، سنی سنیانێ و کڵاو کڵاوێن و هەموو یارییەکانی دیکە و گردبوونەوەیەک بەمەبەستی ئەنجامدانی یاری شەوانی ڕەمەزان بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
8- شوێنەکانی فرۆشتنی تورشیات و شەربەت و شوێنەکانی تری هاوشێوەیان، بەهیچ جۆرێک نابێ ڕێگەبدەن لەبەردەم شوێنەکانییان قەرەباڵغی و گردبوونەوە دروست ببێ، هەر شوێنێک قەرەباڵغی لەبەردەمی دروست بێت، شوێنەکەی دادەخرێت.
9- دانانی پرسە و ڕێوڕەسمی ماتەمینی، لە(هۆڵ، ماڵ، ژێرخێوەت) لەگەڕەک و شوینە گشتییەکان، بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە و هەرکەسێک پابەندی ئەو بڕیارە نەبێت ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەبێتەوە.
10- هەموو ئەو شوێنانەی کە ڕەزامەندی کارکردنییان پێدراوە و کراوەن، پێویستە تەواوی مەرجە تەندروستییەکان جێ بەجێ بکەن لە بەستنی دەمامک و دەستکێش و دروست نەکردنی قەرەباڵغی، بۆ ئەو مەبەستە تیمەکانی شارەوانی و قایمقامیەت ڕاسپێردراون، هەرکەس و لایەک پابەند نەبێت، ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر و شوێنەکانیان دادەخرێت.
11- دەسەڵات دراوتە قایمقامەکان بە لەبەرچاووگرتنی ئەم بڕیارانە و بارودۆخی ناوچەکەیان، بەپێی سنووری جوگرافی شوینەکانی خۆیان بڕیار لەسەر داخستن و کردنەوەی شوێنەکان و ئاسانکاری بۆ هاوڵاتییان بدەن، بەمەرجێک کۆبوونەوە و بەریەککەوتن دروست نەبێت.
لەگەڵ ھیوای ڕەمەزانێکی خۆش و پڕ تەندروست بۆ ھەموو ھاوڵاتیانی دەڤەرەکەمان .
ئەم ڕێماییە لە ١٢ی شەو جێ بە جێ دەبێ .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.