رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوایندا رایگەیاند، تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 17 ملیار دینار بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا خەرجکراوە.
دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "کۆی گشتیی ئەو پارەیەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا خەرجکراوە، هەرچەند ئامارەکان دەگۆڕدرێن و ئەپدەیتی تازە لە بەردەستی وەزیرە پەیوەندیدارەکاندا هەیە، تاوەکو ئێستا لە سەرووی 17 ملیار دیناری عێراقی خەرجکراوە".
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لەبارەی قەبارەی ئەو هاوکارییانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەنگاوی جیددی هاوێشتووە و بودجەی تایبەتی خۆی هەبووە. لەو بودجەیەدا وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی بە پشتگیریی وەزارەتی دارایی بودجەیەکی تەواویان بۆ تەرخانکراوە. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەستی بە گەیاندنی هاوکاری کرد، بەڵام حکومەتی هەرێم دەستپێشخەریی سەرەکیی هەبووە".
دیندار زێباری باسی لەوە کرد، بەداخەوە نزیکەی 50% لە کۆمەک و هاوکاریی نێودەوڵەتی بۆ کەمپەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئاوارە و پەنابەران کەمکراوەتەوە کە لە ناوەڕاستی ساڵی 2019وە دەستی پێکردووە.
رێکخەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان کەمپەینی پێکەوە بەهێزترینی راگەیاند، ئەوەش رێکارێکی دیکە بووە کە دەستخۆشییەکی باشی نێودەوڵەتیی لێکراوە، نزیکەی 20 ملیۆن دۆلار بۆ ئەو کەمپەیەنە کۆکراوەتەوە.
دیندار زێباری لەبارەی ئەو هاوکارییانەی بۆ هەرێمی کوردستان هاتوون دەڵێت، ئەو هاوکاریانەی گرێدراوی لایەنی نێودەوڵەتین لە رووی مرۆییەوە، حکومەتەکان ئەوانەی کونسوڵگەرییان لە هەرێمی کوردستان هەبووە، وەکو کونسوڵگەریی گشتیی ئیتاڵیا و فەرەنسا و چەندین کونسوڵگەریی دیکەی وەکو کۆماری چین کە هاوکارییان پێشکەش بە هەرێمی کوردستان کردووە. هاوکات چەندین وڵات دەستخۆشییان لە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم کردووە بە تایبەتی ئیتاڵیا و فەرەنسا کە لە چەند بابەتێکی گرنگەوە رۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان بەرز نرخاندووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.