Erbil 38°C ھەینی 27 شوبات 08:55

مه‌سرور بارزانی: نابێت بابەتی مووچە وەکو کارتێکی سیاسی و سزادان لە دژی هاووڵاتییانی هەرێم بەکاربهێنرێت

مەسرور بارزانی پێشوازی لە نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کرد
کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ دووشەممە 2020/4/27 سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی پێشوازی لە نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق جینین پلاسخارت کرد .

لە دیدارەکەدا کە نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق دکتۆر ئەدهەم ئیسماعیل ئامادەی بوو، گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی هەرێمی کوردستان و هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کرا.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر بڕیاری نایاسایی بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان کە نیوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمە لەلایەن حکومەتی بەغدا و  جەختی لەوە کردەوە، کە بڕیارێکی نایاساییە و فشارێکی سیاسییە لە دژی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان .

روونیشیکردەوە کە هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی  کوردستان سەردانی بەغدامان کرد و نیازپاکی خۆمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور نیشاندا و چەندین پێشنیاریشمان بۆ چارەسەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان خستەڕوو کە سەرەنجام لە کۆتایی ساڵی رابردوو، حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدرالی گەیشتنە لەیەکگەیشتنێکی باش لە بارەی نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێم بە جۆرێک کە حکومەتی هەرێم 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بکات و حکومەتی فیدرالیش بڕی (900) نۆسەد ملیۆن دۆلار وەک مووچە و شایستەی دارایی بۆ هەرێمی کوردستان  بنێرێت بەڵام بەداخەوە دواتر کاربەدەستانی بەغدا ئامادەییان بۆ جێبەجێکردنی نەبوو.

سەرۆکی حکومەت جەختی لەوەش کردەوە کە نابێت حکومەتی فیدراڵی بابەتی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەکو کارتێکی سیاسی و سزادان لە دژی  هاووڵاتییانی هەرێم بەکاربهێنێت کە ئەمە دژی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییانی هەرێمە.

لەبارەی هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقیش، سەرۆکی حکومەت هاوكاری و پشتگیریی هەرێمی کوردستانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ دەربڕی لە سەر بنەمای هاوبەشیی و پابەندبوون بە دەستوور.

لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تاووتوێ کرا.

نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق، ستایشی رێکارەکانی خۆپارێزی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و سوپاسی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و گرتنەبەری رێکارەکانی خۆپارێزی زۆر سەرکەوتوو و ناوازەیە و جێی شانازییە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.