Erbil 38°C پێنجشەممە 26 شوبات 20:33

وەزارەتی تەندروستی هه‌رێمى کوردستان ئامارى 24 کاتژمێرى رابردووى تووشبوانى کۆرۆناى بلاوکرده‌وه‌

(٨) تووشبووی نۆێ لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا
کوردستان TV
100%

وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا هەشت حاڵەتی دیکەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون.

 

ئەمەی خوارەوە دەقی ڕاگەیەندراوەکەیە:-


ڕاگەیاندراوی وەزارەتی تەندروستی
ژمارە (٦٦)

سەبارەت بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان، ڕێکارەکان بەردەوامن بەم شێوەیە:

1. کەرەنتین
تاوەکو ئەوڕۆ (٩٥٦١) هاووڵاتی "ئەوانەی کە لە دەرەوەی ووڵات گەڕانەتەوە وە ئەوانەی کە بەرکەوتەی نەخۆشە چەسپێنراوەکان" کەڕەنتین کراون، لەئێستادا تەنها (١٦٤٨) هاووڵاتی لە (٣٣) شوێنی جیاوازی کەرەنتین ماونەتەوە؛ (٤٥٢) لە هەولێر، (٢٤٩) لە سلێمانی، (٩٠٤) لە دهۆك، (٤٣) لە ڕاپەرین. وە (٧٩١٣) هاووڵاتی لە کەرەنتین دەرچوونە و گەڕانەوەتە ناو خانەوادەکانیان دوای تەواو کردنی ماوەی ١٤ رۆژ وە ئەنجامدانی پشکنینی تاقیگەیی بۆیان وپشتراستکردنەوەی ئەوەی کە هەڵگری ئەو نەخۆشیە نین، لەگەڵ کەڕەنتین کردنی ژمارەیەکی تری هاووڵاتییان لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا کە کۆی گشتیان (١٨٩) هاووڵاتی بوو.

2. پشکنین
لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا؛ (١٤٠٦) پشکنین ئەنجام دراوە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان؛ (٤٣٩) هەولێر، (٤٦٩) سلێمانی، (٣٠١) دهۆك، (١٠) هەلەبجە، (٢١) ڕاپەرین، (١٦٦) سۆران دەرەنجام (٨) تووشبووی نۆێ لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا بەم شێوەیەی خوارەوە:
• پارێزگای هەولێر (٨) پۆزەتیڤ: کە حەوت تووشبوو دانیشتووی گەرەکی سێتاقانە هەموویان بەرکەوتەی تووشبوێکی پێشووی تەلار سیتیە لە ناحیەی کەسنەزان کە لەنێویاندا سێ ئافرەت تەمەنەکانیان (٨٥)، (٤٣)، (٣٦) ساڵن و چوار منداڵ تەمەنەکانیان (١٢)، (١٠)، (٦)، (٥) ساڵن. تووشبووی هەشتەم کوڕێکی تەمەن ١٩ ساڵ دانیشتووی قەزای سۆرانە و تا ئیستا سەرچاوەی بەرکەوتەی تووشبوونەکەی نادیارە


3. ئاماری گشتی
کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان (٣٨٠) تووشبوو، لەنێویاندا (٥) مردن هەیە و (٣٢٥) نەخۆش چاکبووەتەوە، وە ئێستا تەنها (٥٠) نەخۆش لەژێر چاودێری پزیشکی دان.

وێڕای دەستخۆشی بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و هەموو تیمەکانی پزیشکی کە لە کاردان جارێکی تر تکا دەکەین هاووڵاتیان بە هیچ شێوەیەك نەیەنە دەرەوە لە ماڵەکانیان وە پابەندبن بە ڕێنماییەکانی تەندروستی، وە لەکاتی پێویستدا پەیوەندی بکەن بە هێڵی گەرمی ژمارە (١٢٢).

وەزارەتی تەندروستی
حکومەتی هەرێمی کوردستان
٣٠ی نیسانی٢٠٢٠

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.