به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی گشتی هه‌ولێر رایگه‌یاند: بۆ پاراستنی سه‌لامه‌تی قوتابیان پێویسته سه‌رجه‌م قوتابیان پابه‌ندی رێنماییه ته‌ندروستییه‌كان بن.
مامۆستا به‌شدار عه‌بدولخالق خۆشناو به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی گشتی هه‌ولێر له لێدوانێكی بۆ كوردستان تیڤی رایگه‌یاند له رێككه‌وتی یه‌كی حوزه‌یران تاقیكردنه‌وه‌كانی كۆتایی وه‌رزی دووه‌می خوێندن ده‌ستپێده‌كات، تاقیكردنه‌وه و زارییهكانیش له رێككه‌وتی یازده‌ی تهمموز ئه‌نجامده‌درێت و له هه‌ر هه‌فته‌یه‌كدا تاقیكردنه‌وه‌ی دوو وانه ئه‌نجامده‌درێت.
گوتیشی: بۆ پاراستنی سه‌لامه‌تی قوتابیان پێویسته سه‌رجه‌م قوتابیان پابه‌ندی رێنماییه ته‌ندروستییه‌كان بن له رێگه‌ی به‌كارهێنانی ده‌مامك و ده‌سكێش و مادده‌ی پاككه‌ره‌وه به‌ر له چوونیان بۆ هۆڵه‌كانی تاقیكردنه‌وه، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر كارگێڕی قوتابخانه‌كانیش پێویسته به‌ر له ده‌سپێكی تاقیكردنه‌وه‌كان هۆڵه‌كان خاوێن بكه‌نه‌وه و ده‌رمانی دژه میكرۆب بڕشێنن، داواشی له خانه‌واده‌ی قوتابیان كرد هاوكاریان بن بۆ دابینكردنی پێداویستیه‌كانی خۆپارێزی.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێر ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆڕۆنا و گرتنه‌به‌ری رێكاره‌كانی خۆپارێزی، بووه هۆی ئه‌وه‌ی خوێندن بۆ ماوه‌ی دوو مانگ په‌كی بكه‌وێت، به‌ڵام له‌و ماوه‌یه‌دا وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده هه‌وڵی زۆری داوه قه‌ره‌بووی ئه‌و ماوه له‌ده‌ستچووه‌ی قوتابیان بكاته‌وه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.