لوقمان له‌تیف به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنى نه‌خۆشخانه‌ى گشتیى پێنجوێن، له ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كدا كه وێنه‌یه‌كى بۆ مالپه‌ری كوردستان تیڤى نێردراوه رایدهگهێنێت، ئه‌و كه‌سه‌ى له قه‌زاى پێنجوێن تووشی كۆرۆنا بووه، به‌ڕێوه‌به‌رى كارگێڕیى نه‌خۆشخانه‌ى گشتیى پێنجوێنه و ماوه‌ى نزیكه‌ى دوو هه‌فته‌یه به‌ركه‌وتنى له‌گه‌ڵ هیچ كه‌سێكدا نه‌بووه، پاش ئه‌وه‌ى هه‌ستى به نیشانه‌كانى نه‌خۆشییه‌كه كردووه، به‌پێى خۆى و به‌مه‌به‌ستى پشكنین، چووه بۆ نه‌خۆشخانه‌ى عه‌لى ناجی، پاش ده‌رچوونى ئه‌نجامه‌كه‌ى پێیان گوتووه ئه‌نجامه‌كه‌ت نێگه‌تیڤه و هه‌ڵگرى ڤایرۆسه‌كه نیت.
ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات كه دواتر به‌ڕێوه‌به‌رى كارگێڕیى نه‌خۆشخانه‌ى گشتیى پێنجوێن چووه پشكنینى (CT SCAN)ى كردووه و پاشانیش سه‌ردانى نه‌خۆشخانه‌ى عه‌لى ناجی كردووه‌ته‌وه و داوای كردووه نموونه‌ى لێ وه‌ربگرنه‌وه بۆ پشكنین، ئینجا ئه‌نجامه‌كه‌ى پۆزه‌تیڤ بوو و ده‌ركه‌وت تووشى كۆرۆنا بووه، ئێستاش له‌نه‌خۆشخانه‌دایه و بارى ته‌ندروستى ته‌واو جێگیره.
ئاراس سابیر به‌رێوه‌به‌رى كارگێڕیى نه‌خۆشخانه‌ى گشتیى پێنجوێن، له‌گرته‌یه‌كى ڤیدیۆییه‌دا رایدهگهێنێت ، بارى ته‌ندروستیم زۆر جێگیره و هیچ كێشه‌یه‌كم نییه و خۆم به‌پێى خۆم ڕۆشتووم بۆ پشكنین بۆ پاراستنى سه‌لامه‌تیى خۆم و خانه‌واده و خه‌ڵكى شاره‌كه‌م و كه‌س زۆرى لێ نه‌كردووم.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.