Erbil 38°C پێنجشەممە 03 تشرینی یەکەم 05:38

میسی بەبەرشلۆنەوە جوانە .. بەرشلۆنەش بەمیسیەوە بەهێزە

میسی دەڕوا یان دەمێنێتەوە
کوردستان TV
100%

دەمێكە قسەوباسێكی زۆر لەسەر ئەستێرەی ئەرژەنتینی لیۆنێل میسی و داهاتووی لەگەڵ یانەی بەرشلۆنە دەكرێت ، ئایا میسی دەڕوا یان دەمێنێتەوە ؟ ئایا میسی توڕەیە لەكارگێری یانەكەی یان رازی نییە لەئاستی راهێنەر و بەشێك لەیاریزانەكان ؟ چەندین پرسیاری دیكە دەكرێت و هەندێكیان میسی تاوانبار دەكەن كەهۆكارە لەخەراپی ئەنجامەكانی ئەم دواییەی یانەكەی هەرێمی كەتالۆنیا .
لەیەكەم دەركەوتنی بەدرێسی یانەی بەرشلۆنە لەماوەی 16 ساڵی رابردوودا یاریزان میسی كۆڵەكەی سەرەكی پێكهاتەی هەموو راهێنەرەكان بووە و هۆكارێكی سەرەكی بووە لەو دەسكەوتانەی كەیانەی بەرشلۆنە لەو ماوەیە بەدەستی هێناوە كە ژمارەیان 34 نازناوە كەبریتین لە 10 نازناوی لالیگا و 4 چامپیۆنزلیگ و 6 نازناوی جامی شا و 8 نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیا و 3 نازناوی جامی سوپەری ئەوروپا و 3 نازناوی مۆندیالی یانەكان ، لەزۆربەی هەرە زۆری ئەو نازناوانە میسی رۆڵێكی سەرەكی بینیووە ، راستە چەندین یاریزان لەگەڵ میسی یارییان كردووە و یارمەتیان داوە بەڵام ئەوەی میسی پێشكەشی كردووە لەخەیاڵەوە نزیكە ، دەسكەوتەكان و خەڵاتە تاكەكەسیەكانی میسیش گەواهی ئەوەی بۆ دەكەن كەژمارەیان یەكجار زۆرە وەك 6 بالۆن دۆر و 2 خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەوروپا و 8 خەڵاتی باشترین یاریزانی لالیگا و 6 لاپچینی زێڕین و گۆڵكاری مێژوویی لالیگا و 6جار گۆڵكاری چامپیۆنزلیگ و 5جار گۆڵكاری جامی شای ئیسپانیا و گۆڵكاری مێژوویی كلاسیكۆ وچەندین خەڵاتی دیكە ، جگە لەوانەش هەندێك یاری هەن كە بۆ میسی شاهیدی دەدەن ئەوەی میسی بۆ بەرشلۆنەی كردووە هیچ یاریزانێك نەكردووە و زەحمەتە لەحاڵی حازردا و لەداهاتوودا یاریزانێكی دیكە هەبێت ئەو كارانە دووبارە بكاتەوە ، كەس ناتوانێت یاری ریال و بەرشلۆنە ساڵی 2009 لەبیربكات لەسانتیاگۆ بەرنابیۆ كەگەورترین سەركەوتن بوو بۆ بەرشلۆنە و میسی 2 گۆڵی تۆماركرد و بەرشلۆنە 6-2 گۆڵ سەركەوت ، كەس ناتوانێت میسی لەبیربكات لە یاری كۆتایی چامپیۆنزلیگی 2009 و ئەو گۆڵەی بەسەر بەرامبەر مان یونایتد تۆماری كرد لە نێوان سێ یاریزانی زەبەلاح ڤاندەر سار و ریۆ فیردیناند و ڤیدیچ ، میسی یەكەم یاریزان بوو كە 5 گۆڵی لەیەك یاری چامپیۆنزلیگ تۆماركرد ، كەس ناتوانێت شەوە ئەفسوناویەكەی میسی بەرامبەر ئەرسنال لەبیربكات كەسوپەر هاتریكی تۆماركرد ، شەوێكی دیكەی ئەفسوناوی بەرامبەر بایرەن میونشن بوو ، دەیان و دەیان یاری دیكە كەلەبیر ناكرێت لەمێژووی بەرشلۆنە و لیۆنێل میسی ، هیچ گۆڵپارێزێك لەدەستی میسی رزگاری نەبووە ، هیچ یانەیەك نییە گورزێكی كوشندەی میسی بەرنەكەوتبێت .
16 ساڵە میسی لەگەڵ بەرشلۆنە دەدرەوشێتەوە و بەرشلۆنەش 16 ساڵە سوود لەتواناكانی میسی وەرگرتووە و زۆرترین نازناوی بەدەست هێناوە بۆیە كارێكی سروشتیە هەندێك كات میسی دڵی بڕەنجێت بەهۆی ئەنجامەكانی یانەكەی یان بەهۆی هەڵەیەكی راهێنەر یان بەهۆی كارگێرانی یانەكەی ، لەماوەی ئەو 16 ساڵە رابردووە چەند جارێك ئەو حاڵەتە روویداوە بەڵام دوایی بارودۆخەكە ئاسایی بۆتەوە ومیسی باشترین ئاستی پێشكەش كردووە و بەرشلۆنەش نازناوی زیاتری بەدەست هێناوە .
بەبۆچوونی من میسی و بەرشلۆنە دووانەیەكی تەواوكەری یەكترن ، نەمیسی بەبێ بەرشلۆنە ئەو درەوشانەوەی دەبوو ، نە بەرشلۆنەش بەبێ میسی ئەو هەموو دەسكەوتەی بەدەست دەهێنا ، من میسی وەك ماسییەك دەبینیم كەلەئاو دەری دەهێنن دەخنكێت بۆیە ئەگەر میسی لەو تەمەنەدا لەبەرشلۆنە بڕوات زۆر زەحمەتە ئەو درەوشانەوەی بمێنێت .
هەموو كارێك لەژیاندا سەرەتا و كۆتایی هەیە ، كاروانی میسیش لەگەڵ بەرشلۆنە سەرەتای هەبووە و رۆژێك دێت كۆتایی دێت ، بەڵام بۆ میسی و بەرشلۆنە باشترە چۆن سەرەتاكەی میسی لەبەرشلۆنە بوو ئەواش كۆتاییەكەی لەبەرشلۆنە بێت ، ئێمەش بەخت یاوەرمان بووە كە ماوە 16 ساڵە سەیری تۆپی پێ دەكەین و میسیش دەبینین ، ئەو رۆژەی میسیش واز دەهێنێت هەوادارانی ئەو ئەستێرەیە و نەیارەكانیشی ئەو راستییان بۆ دەردەكەوێت كەیاریزانێكی هاوشێوەی میسی دووبارە نابێتەوە و بیری ئەو رۆژانە دەكەنەوە كەباوكی تیاگۆ یاری تۆپی پێی دەكرد .


سالار جەلال
 

تۆپی پێ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.