Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 17:46

ئۆتۆمبێلەکەم لە کاتی وەستاندا دەلەرزێت ھۆکار چییە؟

بە ئاسانی ھەست بە نیشانەکانی دەکرێت
کوردستان TV
100%


وەک دەزانین ئۆتۆمبێل لە دوو سیستمی میکانیکی و کارەبایی پەیوەند بە یەک پێکدێت، کێشە لە ھەر یەکێک لەو سیستمانە کێشە بۆ دروستی کاری ئۆتۆمبێلەکە دروست دەکات و بە ئاسانی ھەست بە نیشانەکانی دەکرێت.
 
یەکێک لەو کێشانە کە روبەڕووی زۆرێک لە خاوەن ئۆتۆمبێلەکان دەبێتەوە، کێشەی لەرزینە لە کاتی وەستاندا، بە مانایکی تر کاتێک ئۆتۆمبێلەکان لە ترافیکێک یان لە شوێنێک دەوەستن، بە ئاشکرا ھەست بە لەرزینیان دەکەین.
 
ھۆکارەکانی لەرزینی ئۆتۆمبێل لە کاتی وەستاویدا زۆرە، لێرەدا چەند ھۆیەکی باس دەکەین:
 
١- نەگونجان یان پیسی رۆن: زۆرکات خەستی یان ڕوونی رۆن دەبێتە ھۆی لەرزینی بزوێنەر، یان کاتێک رۆن زۆر پیس دەبێت ھەمان نیشانە دروست دەکات، بۆیە پێویستە بە پێی ئەو پلەیە رۆنی بزوێنەر ھەڵبژێرین کە کۆمپانیای دروستکار نیشانی کردووە، یان پرسیار لە کەسێکی شارەزا بکەین بۆ گونجاویی رۆنەکە، سەرەڕای ئەوەی ئاگامان لە کاتی گۆڕینی رۆن بێت. چونکە ئەگەر رۆن لە رادەی خۆی پیستر بوو، ئەوا دەبێتە ھۆی داخورانی بشەکانی ناوەوەی مەکینە.
 
٢- تێک چوون یان قرتانی قۆڵاغ: قۆڵاغ ئەو پارچەیەیە کە بزوێنەری بەستۆتەوە بە لاشەی ئۆتۆمبێلەکە، بێگومان کە بزوێنەر بەھۆی کارکردنییەوە کەمێک لەرزینی ھەر ھەیە، بەھۆی ئەوەشی لە نێوان قۆڵاغ و لاشەی ئۆتۆمبێل لاستیکێکی ئەستور ھەیە، لەرزینی مەکینە ناگوێزرێتەوە بۆ لاشەی ئۆتۆمبێلەکە. بەڵام کاتێک قۆڵاغ دەقرتێت یان لاستیکەکەی تێک دەچێت، ئەوا لەرزینەکە دەگوێزرێتەوە بۆ لاشەی ئۆتۆمبێلەکە.
 
٣- لاوازیی باتری یان دینەمۆ: ئەمەش یەکێکی ترە لە ھۆکانی لەرزینی ئۆتۆمبێل، ئەگەر ھەستت بەوەکرد لە کاتی داگیرساندنی لایتەکان یان سەر و خوار پێکردنی جامەکان لەرزینەکە زیادبوو، ئەوا کێشە لە باتری یان دینەمۆکەتدایە، یان باترییەکەت لاوازە (با تازەش بێت، لەوەیە وزەی کەمتر بدات و ئەوە پەیوەندی بەجۆر و قەبارەی باتریەکانەوە ھەیە)، وەیان دینەمۆکەت بە باشی کاری خۆی ناکات.
 
٤- کێشەی پلاکەکان: زۆرکات کۆنی پلاکەکان یان ھەڵە بەستنیان لەرزین دروست دەکەن، بۆ زانینی ئەوە،
– ئۆتۆمبێلەکەت کار پێبکە.
– ھەر جارە و پلاکێک دەربکە.
– ئەگەر ھەستت کرد لەرزینی ئۆتۆمبێلەکە زیادی کرد، ئەوا ئەو پلاکە کێشەی نییە و کار دەکات.
– بەڵام ئەگەر لەرزینەکە زیادی نەکرد ئەوا کێشە لەو پلاکەدا ھەیە، بزانە کۆن بووە، یان کورتە و بۆ ئەو بزوێنەرە نابێت، وە یان ھەڵە دانراوە.
– بۆ زانینی شوێنی دروستی پلاکەکانیش یان تەماشای ئینتەرنێت بکە، یان پرسیار لە یەکێکی شارەزا بکە، چونکە ھەر بزوێنەرەو بەجۆرێکە.
 
٥- کێشەی نۆزڵەکان: بە ھەمان شێوە پلاکەکان، کار بە ئۆتۆمبێلەکەت بکە و ھەر جارەی سەری نۆزڵێک لێبکەرەوە، ئەگەر لەرزینەکە زیاد بوو، ئەوا ئەو نۆزڵە کێشەی نییە، ئەگەر لەرزینەکە وەک خۆی بوو، ئەوا کێشەکە لەو نۆزڵەدایە و دەبێت پاک بکرێتەوە یان بزانرێت کێشەی چی تری تێدایە.
 
٦- تێکچوونی پستۆنەکان: ئەگەر ھیچ کام لەو خاڵانەی سەرەوە نەبوو، ئەوا کێشەکە لەناو بزوێنەرەکەدایە و پرسیار لە کەسی شارەزا بکە بۆ کردنەوە و چاک کردنەوەی.

 

 

 ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی 

زانست و تەکنۆلۆژیا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.