Erbil 38°C ھەینی 10 کانوونی دووەم 23:19

پرۆژه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیی ده‌لاقه‌ له‌ شه‌ش به‌رگدا چاپ و بڵاو کرایه‌وه‌

له‌ نووسین و ئاماده‌كردنی "شه‌ریف فه‌لاح"
کوردستان TV
100%

پرۆژه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیی "ده‌لاقه‌" كه‌ له‌ ڕه‌هه‌ندی مێژوویی و ڕه‌خنه‌گرانه‌وه‌ په‌رژاوه‌ته‌ سه‌ر ژانره‌ جیاجیاكانی ئه‌ده‌بی كوردی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، زنجیره‌یه‌ك كتێبه‌ له‌ نووسین و ئاماده‌كردنی "شه‌ریف فه‌لاح"، نووسه‌ر و توێژه‌ری كورد، كه‌ له‌ شه‌ش به‌رگ و له‌ دووتوێی سێ هه‌زار 864 لاپه‌ڕه‌ و به‌ ئه‌ژماری 1000 دانه‌ له‌لایه‌ن وه‌شانگه‌ی "مادبوك"ه‌وه‌ چاپ و بڵاو كراوه‌ته‌وه‌.

 

ئه‌م زنجیره‌ كتێب و پرۆژه‌ ئه‌ده‌بییه‌ كه‌ نووسه‌ر و ئاماده‌كار ماوه‌ی 11 ساڵ كاری له‌سه‌ر كردووه‌، به‌ شێوه‌یه‌كی زانستی و ئه‌كادیمی و به‌ پۆلێن و جیاكردنه‌وه‌ی ژانره‌ جیاوازه‌كانی ئه‌ده‌بی كوردی و به‌ دوو شێوازی وتووێژ و وتار و لێكۆڵێنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی و زمانی كاری تێدا كراوه‌.

 

خاڵی به‌رجه‌سته‌ی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ لێره‌دایه‌ كه‌ جیاوازییه‌كان و ده‌نگ و بۆچوونی جیاواز و فره‌ده‌نگی و به‌رفره‌هیی تێدا به‌رچاوه‌. لێره‌دا باشار (تقابل)ی روانگه‌ و بۆچوونه‌ جیاواز و دژبه‌یه‌كه‌كان و به‌رفره‌هیی روانگه‌كان ده‌رده‌كه‌ون و، له‌ دووتوێی بابه‌ت و دیمانه‌كان له‌گه‌ڵ شاعیران، توێژه‌ران، چیرۆكنووسان، ڕه‌خنه‌كاران و ئه‌دیبانی ناوچه‌كانی ئیلام، كرماشان، هه‌ورامان، سنه‌، موكریان، ورمێ‌ و ته‌نانه‌ت كوردانی خوراسان، سه‌رله‌به‌ری زاراوه‌كانی زمانی كوردی له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان خراونه‌ته‌ به‌رباس و له‌ ڕوانگه‌ی جیاوازه‌وه‌ هه‌ڵسه‌نگێندراون.

 

له‌ پرۆژه‌ی ئه‌ده‌بیی ده‌لاقه‌دا كه‌ به‌ دوو شێوازی وتووێژ و توێژینه‌وه‌ و وتار ئاماده‌ كراوه‌، هه‌وڵ دراوه‌ له‌ ڕوانگه‌ی مێژوویی، فه‌رهه‌نگی، كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌نانه‌ت سیاسیشه‌وه‌ به‌ جیا له‌ هه‌ر به‌رگێكدا ئاوڕ له‌ زمان و ئه‌ده‌بی زاره‌كی، شیعری هاوچه‌رخی كوردی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، پێگه‌ی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵات، پێگه‌ی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی كوردی، پرۆسه‌ی شیعریی (داكار) و پێگه‌ی زمان و ئه‌ده‌بی كوردی له‌ ئیلام و كرماشان بدرێته‌وه‌، له‌ڕاستیدا ڕۆچنه‌یه‌كه‌ له‌ مێژووی زیاتر له‌ نیوسه‌ده‌ی زمان و ئه‌ده‌بی كوردی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان.

 

هه‌ر شه‌ش به‌رگی پرۆژه‌ی ئه‌ده‌بیی ''ده‌لاقه‌'' به‌گشتی له‌ دووتوێی سێهه‌زار و ٦٨٤ لاپه‌ڕه‌ و له‌لایه‌ن وه‌شانگه‌ی "كتێبی ماد" له‌ باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان چاپ و بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، كه‌ ناوی هه‌ركام له‌ كتێبه‌كان و ژماره‌ی لاپه‌ڕه‌كانی به‌م جۆره‌یه‌:

 

به‌رگی یه‌كه‌م: ڕۆچنه‌، زمان و ئه‌ده‌بی زاره‌كی، له‌ دووتوێی 642 لاپه‌ڕه‌ و به‌ ئه‌ژماره‌ی 1000 دانه‌ چاپ كراوه‌، كه‌ بریتییه‌ له‌ كۆدیدار و توێژینه‌وه‌ له‌باره‌ی پێگه‌ و قۆناغه‌كانی زمان و هاوكات ئه‌ده‌بی زاره‌كی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان.

 

به‌رگی دووه‌م: ڕابوون، شیعری هاوچه‌رخی كوردی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له‌ دووتوێی 840 لاپه‌ڕه‌ و به‌ ئه‌ژماری 1000 دانه‌ چاپ كراوه‌، كه‌ به‌ وتووێژ و وتار ناوه‌رۆكه‌كه‌ی په‌رژاوه‌ته‌ سه‌ر ڕه‌وت و قۆناغه‌ جیاجیاكانی شیعری كوردی له‌ ڕۆژهه‌ڵات.

 

به‌رگی سێیه‌م: گێڕانه‌وه‌ له‌ ڕێدا، له‌ دووتوێی 834 لاپه‌ڕه‌ و به‌ ئه‌ژماری 0100 دانه‌ چاپ و بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، كه‌ به‌ كۆدیدار و وتار باس له‌ مێژوو و قۆناغه‌كان و پێگه‌ی ئه‌ده‌بیاتی داستانی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌كات.

 

به‌رگی چواره‌م: بارستی ده‌ق، له‌ دووتوێی 496 و به‌ ئه‌ژماری 1000 دانه‌ چاپ و بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی كۆدیدار و وتاردا تاوتوێی پێگه‌ی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی كوردی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌كات.

 

به‌رگی پێنجه‌م:  داكــــار، له‌ دووتوێی 376 لاپه‌ڕه‌ و به‌ ئه‌ژماری 1000 دانه‌ چاپ و بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی كۆدیدار و وتاری ڕه‌خنه‌گرانه‌دا ئاوڕێ له‌ پرۆسه‌ و ڕه‌وتی شیعریی "داكار" داوه‌ته‌وه‌.

 

به‌رگی شه‌شه‌م: ده‌روه‌چه‌ی واران، له‌ دووتوێی 496 لاپه‌ڕه‌ و به‌ ئه‌ژماری 1000 دانه‌ چاپ و بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ و ئه‌م به‌رگه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی كۆدیدار و وتاردا باس له‌ پرسی نه‌ته‌وه‌، ناسنامه‌، فه‌رهه‌نگ و پێگه‌ی زمان و ئه‌ده‌بی كوردی له‌ دوو پارێزگای كرماشان و ئیلام ده‌كات.

باسنیوز

چاپکراوه‌کان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.