Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 02:26

لە کەمپی ئاوارەکانی ئیدلب نەخۆشی لیشمانیا بڵاوبووەتەوە

بەهۆی نەبوونی مەرجەکانی تەندروستییەوە
کوردستان TV
100%


 لە کەمپی ئاوارەکانی ئیدلب بەهۆی نەبوونی مەرجەکانی تەندروستییەوە، نەخۆشی لیشمانیا بڵاوبووەتەوە و مەترسی ئەوە هەیە نەخۆشییەکە پەرەبسێنێت و لە کۆنترۆڵ دەربچێت.


ئەو هاووڵاتییە مەدەنییانەی لە پەلامارەکانی رژێمی بەشار ئەسەد و هاوپەیمانەکانی هەڵاتون و لە کەمپی ئاوارەکانی ئیدلب دەمێننەوە، بەهۆی خراپی ژێرخان و نەبوونی سیستمێکی گونجاوی ئاو و ئاوەڕۆ دووچاری مەترسیی نەخۆشی لیشمانیا بوون.

محەمەد ئیبراهیم کە یەکێکە لەو کەسانەی لەگەڵ خێزانەکەیدا لە ترسی پەلامارەکان هەڵاتون و هاتوونەتە کەمپی شام ئەلخەیر لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە کۆبوونەوەی ئاوی پیس لە ئاوەڕۆ سەرکراوەکاندا بووەتە هۆی دروستبوونی بۆنی ناخۆش و کۆبوونەوەی میکرۆب، ئەمەیش وای کردووە حەوت ئەندامی خێزانەکەی تووشی نەخۆشی لیشمانیا ببن.

ناوبراو ئاماژەی بە نەبوونی بنکەی تەندروستیی لە کەمپەکە کرد و گوتی: "هەوڵماندا چەند رێگایەکی سروشتیی بەکاربهێنین، بەڵام سوودی نەبوو. دەترسین ئەم نەخۆشییە بڵاوببێتەوە و لە کۆنترۆڵ دەرچێت، پێویستمان بە چارەسەر و خزمەتگوزاری تەندروستیی هەیە".

لای خۆشیەوە بەرپرسی کەمپی شام ئەلخەیر، عەدنان قەدوور ئەوەی ئاشکرا کرد کە ٤٢٥ خێزان لە کەمپەکەدا دەژین و نەخۆشی لیشمانیا لەناو ١٢٠ خێزاندا بڵاوبووەتەوە.

عەدنان قەدوور باسی لەوەیش کرد کە بەهۆی نەبوونی دەرمان و کێشەی کۆبوونەوەی ئاوی پیسەوە نەخۆشییەکە لە پەرەسەندندایە و رۆژانە ژمارەی توشبووان زیاتر دەبێت.

لای خۆشییەوە ئیبراهیم مەککی کە پزیشکێکی شاری ئیدلب-ە لە لێدوانێکیدا ئەوەی خستەڕوو کە نەخۆشی لیشمانیا نەخۆشییەکی گوازراوەی پێستە و بەهۆی پێوەدانی جۆرێکی مێشوولە کە بە مێشوولەی خاک ناسراوە تووشی مرۆڤ دەبێت. نەخۆشییەکە بەگوێرەی ژمارەی برینەکان، شوێنەکەی لە جەستەدا و توانای بەرگریی کەسە تووشبووەکە چارەسەر دەکرێت.

ئیبراهیم مەککی سکاڵای لە نەبوونی دەرمان لە ناوچەکە کرد و گوتی: بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشی پێویستمان بە دەرمانی قەڵاچۆکردنی مێروو هەیە، هەروەها دەبێت مەنهۆڵ و ئاوەڕۆ سەرکراوەکان، سەریان دابخرێ

سوریا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.