Erbil 38°C چوارشەممە 02 تشرینی یەکەم 15:37

دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی: کۆچی دوایی شێرزاد عەبدولڕەحمان زیانێکی دیکەیە بۆ بواری رۆژنامەگەریی و رۆشنبیریی کوردیمان

خوالێخۆشبوو خزمەتێكی زۆری رۆژنامەگەریی و رۆشنبیریی كوردی كردووە
کوردستان TV
100%


دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆچی دوایی نووسەر و رۆژنامەنووس (شێرزاد عەبدولڕەحمان) رادەگەیەنێت

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ى ده‌زگای رۆشنبیری و راگه‌یاندنى پارتى دیموكراتى كوردستان:

 بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە نیوەڕۆی ئەمڕۆ، ھەڤاڵ و ھاوکاری دڵسۆزمان، نوسەر و رۆژنامەنووسی ناسراوی گەلەكەمان (شێرزاد عەبدولرەحمان) دوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشیدا، دوا ماڵئاوایی لێکردین.

خوالێخۆشبوو(شێرزاد عەبدولڕەحمان) كەسایەتیەكی رۆشنبیر و بەئەزموون بوو و، تەمەنێكی پڕ بەخششی لەبواری رۆژنامەگەریی و نووسیندا بەڕێكرد هەروەها لە بواری هونەریشدا گۆرانیبێژێكی خاوەن دەنگ و رەنگی تایبەتی خۆی بوو. 
ھەڤاڵی کۆچکردومان لە ساڵی(1958)لە (گەڕەكی تەیراوە)ی شاری هەولێر لەدایك بووە و، خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی(زانین)تەواو كردووە، پاشان قۆناغەکانی خوێندنی ناوەندی و دواناوەندی لە قوتابخانەی كۆماری تەواو دەكات و، سەرەتا لە ساڵی(1970) پەیوەندی بە دەزگاكانی رادیۆ و تەلەفزیۆنی كوردی لە بەغدا دەكات و چەند گۆرانیەك تۆمار دەكات، لەساڵی(1972)لە ئاهەنگێكی هۆڵی (گەل) لە هەولێر یەكەم سرودی بۆ(بارزانی نەمر)دەچڕی، دواتر لە بواری رۆژنامەگەری دا كاردەكات و وەك بچووكترین رۆژنامەنووس لەڕووی تەمەنەوە لە رۆژنامەی(هاوكاری) و گۆڤاری(رەنگین) كاردەكات و بەسەدان هەواڵ و ریپۆرتاژ بڵاودەكاتەوە.

خوالێخۆشبوو(شێرزاد عەبدولڕەحمان) لەدوای راپەرینە شكۆدارەكەی گەلەكەمان بەهەمان شێوە رۆڵی باڵا و بەرچاوی هەبووە لە كاری رۆژنامەنووسی وچالاکییە رۆشنبیری و رۆژنامەنوسیەكان و لە ئۆرگانەکانی راگەیاندنی پارتیمان كاردەكات لەوانە: بەڕێوەبەری نووسین لە رۆژنامەی (برایەتی)و (خەبات) و گۆڤاری(گوڵان) دواجاریش بەڕێوەبەری نووسینبوو لە رۆژنامەی(هەولێر). هەروەها سەرنووسەری گۆڤاری(هەرێمی كوردستان) و بەرپرسی نووسینگەی هەولێری رۆژنامەی(الشرق الاوسگ)بووە.

خوالێخۆشبوو یەكێك بوو لەو رۆژنامەنووسە چالاك و خاوەن ئەزموونانەی خزمەتێكی زۆری رۆژنامەگەریی و رۆشنبیریی كوردی كردووە، جێدەست و كارەكانی لە بواری رۆشنبیریی و رۆژنامەگەریی كوردیدا دیاروبەرچاوە، بۆیە كۆچی دوایی ئەو نووسەر و رۆژنامەنووسە، زیانێكی دیكەیە بۆ بواری رۆژنامەگەریی و رۆشنبیریی كوردیمان، هیواخوازین هاوخەمیی دۆست و دڵسۆزان و هۆگرانی بەرهەمەكانی ناوبراو ببێتە مایەی دڵنەوایی خانەوادە و ھەموو لایەکمان و لە خەم و خەفەتتمان كەم بكاتەوە.

خوالێخۆشبوو(شێرزاد عەبدولڕەحمان) وێڕای هونەر و رۆژنامەنامەوانی نووسەرێکی خودان سەلیقە و بەتوانا و لێهاتووش بوو، خاوەنی(24)كتێبە بەهەردوو زمانی كوردی وعەرەبی لەبواری رۆژنامەگەریی و سیاسەت و یادەوەریی و مێژوویی و هونەریی..

لەم بۆنە خەمناکەدا پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خانەوادە بەڕێزەکەیی و كەس و كار و ھەڤاڵ و ھاوکارانی خوالێخۆشبوو و سەرجەم نووسەر و رۆژنامەنووسان دەكەین و شەریكی خەم و پەژارەیانین.

داواکارین لە خوای گەورە گیانی ھەڤاڵی کۆچکردومان بەبەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبوری و دڵنەوایش بە ھەموولایەک ببەخشێت.

انا للە وانا الیە راجعون

دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی
 پارتی دیموكراتی كوردستان
٨ـی٧ـی٢٠٢٠

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.