سكرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە ئەنجومەنی وەزیران رایگهیاند" دوای بڕیاری حكوومەت بۆ وەرگرتنەوەی قەرز لە بازرگانان، تا ئێستا ٥٠٠ ملیۆن دینار لە بازرگانان وەرگیراوەتەوە و بەردەوامیش دەبن تا ھەمووی وەردەگرنەوە.
د. عەبدولحەكیم خەسرۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: "جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە ھەرێمی كوردستان بەردەوامە و بەردەوامیش دەبێت تاوەكو یاساكە بە تەواوی جێبەجێ دەكرێت، كە چەندین ماددە و بڕگە لەخۆ دەگرێت و كارەكانیش بۆ جێبەجێكردنی یاساكە بە باشی بەڕێوە دەچن".
سكرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازیی ئەنجومەنی وەزیران گوتیشی: "یەكێك لە خاڵەكانی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە ھەرێمی كوردستان، وەرگرتنەوەی ئەو قەرزانەیە كە لەسەر بازرگانان ھەیە و، تاوەكو ئێستاش بازرگانان ٥٠٠ ملیۆن دیناریان بۆ حكوومەت گەڕاندووەتەوە".
خەسرۆ گوتیشی: "وەرگرتنەوەی قەرز لە بازرگانان بەردەوام دەبێت، تاوەكو ھەموو ئەو قەرزەی لەسەر بارزگانانە، لێیان وەردەگیرێتەوە."
حكوومەتی ھەرێمی كوردستان نزیكەی٨٠٠ ملیار دیناری لەسەر بازرگانانە و لە چوارچێوەی یاسای چاكسازیدا بڕیاری داوە ئەو قەرزە لە بازرگانان وەرگرێتەوە، یاخود دەست بەسەر مڵكەكانیاندا بگرێت و لەجیاتی قەرزەكە بیانفرۆشێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.