Erbil 38°C سێشەممە 01 تشرینی یەکەم 02:42

کازمى: رووبەڕووی هەر هێز و لایەنێک ببنەوە ئەگەر هەوڵ بدەن بەزۆر بچنە نێو گومرکەکانەوە

زانیارییمان لەسەر هەموو گەندەڵكاران لە بەندەرەكاندا هەیە و بەپێی یاسا دەستگیر دەكرێن
کوردستان TV
100%

سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی فەرمانی بە هێزە سەربازییەكان کرد كە حەرەمی گومرکیی لە بەندەرەكاندا بپارێزن و رووبەڕووی هەر هێز و لایەنێك ببنەوە ئەگەر هەوڵ بدەن بە زۆر بچنە نێو گومرکەكانەوە.

ئه‌مرۆ 15/7/2020نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە داوە، مستەفا كازمی دوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران كە ئەمڕۆ چوارشەممە لە شاری بەسرە بەڕێوەچوو سەردانی بەندەری ئوم قەسر باشووری بەسرەی كردووە.

بەپێی راگەیەندراوەكە سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە دەراوزە سنوورییەكاندا، سەردانەكەی بۆ ئوم قەسر ئەنجامداوە.

لە راگەیەندراوەكەدا ئەوە خراوەتە روو كە لە میانی سەردانەكەی بۆ ئوم قەسر سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی فەرمانی بە هێزە سەربازییەكان کردووە كە حەرەمی گومرکیی لە بەندەرەكاندا بپارێزن و رووبەڕووی هەر هێز و لایەنێك ببنەوە ئەگەر هەوڵ بدەن بە زۆر بچنە نێو گومرکەكانەوە و گوتی:

هەمووان لەژێر چاودێری دان، زانیارییمان لەسەر هەموو گەندەڵكاران لە بەندەرەكاندا هەیە و بەپێی یاسا دەستگیر دەكرێن.

سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی جەختی كردووەتەوە كە بەندەركان لە هەموو وڵاتانی جیهاندا بە گرنگترین دەروازە سنوورییەكان دادەندرێن، چونكە رۆڵێكی یەكجار گرنگ و بەرچاو لە بواری ئابووریی هەر وڵاتێكدا دەگێرن و گوتی: لەبەر ئەوە دەبێت پلانێكی باش بۆ گەشەپێدانی بەندەرەكان دابنێین.

راشیگەیاند كە ئەمڕۆ عێراق بە قەیرانی دارایی و ئابوورییدا تێپەڕدەبێت، جگە لەوەیش بەندەرەكان و دەروازە سنوورییەكان گرنگترین داهاتی نا نەوتین بۆ گەنجینەی وڵات و گوتی:ئێستا كاتی ئەوە هاتووە، حكوومەت دەسەڵاتی خۆی بەسەر بەندەرە و دەروازە سنوورەکاندا بسەپێنێت.

بەیانی ئەمڕۆ سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی سەردانی شاری بەسرە-ی كرد كە لە میانیدا كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی لە شارەكە ساز كردو پێشتر فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق رایگەیاندبوو كە لەسەر فەرمانی سەرۆكوەزیران و فەرماندەیی گشتیی هێزە چەكدارەكان، مستەفا كازمی پلانێكی تەواو بۆ كۆنترۆڵكردنی سەرجەم دەروازە سنوورییەكان ئامادەكراوە.

.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.