Erbil 38°C یەکشەممە 26 کانوونی دووەم 09:48

پسپۆرانی زانستی: ڤاکسینی کۆرۆنا لە ئەمەریکا ئامادەکراوە بەرگری لەشی تووشبوو بەهێز دەکات

لە ئێستادا ئامادە دەکرێت بۆ دوایین تاقیکردنەوە
کوردستان TV
100%

 

توێژەران و پسپۆرانی زانستی پزیشكی له‌ ئه‌مریكا بەرهەمهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا ئاشکرای کردووه‌، له‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك  كه‌سی خۆبەخش تاقیکراوەتەوە، لە ئەنجامدا دەرکەوتووە پێکوتەکە بەرگری لەش بەهێز دەکات.

میدیاكان هه‌واڵێكی خۆشیان به‌ گوێی دونیادا چپاند. توێژەران و پسپۆرانی زانستی پزیشكی سه‌ر به‌ كۆمپانیای ده‌رمان دروستكردنی مۆدێرنا ئاشكرایان كرد له‌ چاوه‌ڕوانی دواین تاقیکردنەوەی پێکوته‌دان كه له‌ مانگی 3ی ئه‌مساڵدا، ڤاكسێنی (ئه‌م.ئار.ئه‌ن.ئه‌ی 1273)‌ له‌سه‌ر 45 كه‌سی خۆبەخش تاقیکراوەتەوە، لە ئەنجامدا دەرکەوتووە پێکوتەکە بەرگری لەش بەهێز دەکات، ئه‌مه‌ش هیوایه‌كی گه‌شی بۆ مرۆڤایه‌تی خولقاندووه‌، چونكه‌ لە تاقیکردنەوەکاندا ئه‌وه‌ ده‌سته‌به‌ر بووه‌‌ پێکوتەکە بەرگرییەک لە لەشی کەسەکەدا دروست دەکات کە هاوشێوەی ئەو بەرگرییەیە کەسێکی توشبوو دوای چاکبوونەوە پەیدای کردووە.

د. ئانتۆنی فاوچی سه‌رۆكی په‌یمانگای نیشتمانی ئه‌مریكا بۆ نەخۆشییە گوازراوه‌كان و ڕاوێژكاری دیاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی تره‌مپ بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا، ده‌رباره‌ی ئه‌نجامه‌كانی ئه‌و تاقیكاریانه‌ رایگه‌یاندووه‌، به‌ هه‌ر لایه‌كدا بیری لێبكه‌یته‌وه‌ ئەمە هەواڵێکی خۆشە.

پسپۆڕانی كه‌رتی له‌شساخی ئه‌مریكا به‌ به‌رچاو ڕوونی زۆره‌وه‌ وتیان یه‌کەمین پێکوتەی دژ بە ڤایرۆسی جیهانداگری کۆرۆنا تاقیکراوەتەوەو دەرکەوتووە ڤاكسێنكه‌ بەرگری لەشی توشبووەکە بەهێز دەکات.

پسپۆرانی سه‌ر به‌ په‌یمانگه‌ی نیشتمانی ئه‌مریكا بۆ تەندروستی باسیان له‌وه‌ كردوه‌‌ ئه‌مه‌ دواین قۆناغی تاقیكردنه‌وه‌ی ڤاكسه‌نه‌كه‌یه‌، هه‌روه‌ها لە رێكه‌وتی 27ی ئه‌م مانگه‌دا، له‌ قوناغی سێهه‌م دا وه‌كوو دواین هه‌نگاو تاقیكردنه‌وه له‌سه‌ر‌ 3,000 کەسی خۆبه‌خش ده‌كرێ، پاشان توێژینەوە لەسەر ئەوە دەکەن ئەم پێکوتەیە ئەوەندە بەهێزە بتوانێت ڤایرۆسی کۆرۆنا بکوژێت یان نا؟.

دوکتۆر لیزا جاکسن لە سەنتەری توێژینەوەی زانستی کەیسەر پێرمانێنتێ واشنتۆن لە سیاتڵ کە سەرپەرشتی توێژینەوەکانی کردووە له‌م باره‌وه‌ قسه‌ی كردو گوتیه‌تی: ئەمە بەردی بناغەیە بۆ ئه‌وه‌ی به‌ره‌وپێش هه‌نگاو بهاوێژین، چونكه‌ ئه‌م ره‌وته‌ له‌سه‌ر تاقیکردنەوەکان یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئه‌وه‌ی بزانین ئایا ئەم پێکوتەیە دژی ڤایرۆسەکە کار دەکات یاخود نا؟.

بەگوێرەی به‌یاننامه‌كه‌ی كۆمپانیای مۆدێرنا، ئه‌گه‌ر دواین تاقیكرنه‌وه‌ به‌و جۆره‌ بێ كه‌ ئه‌وان ده‌خوازن، ئه‌وه‌ لە سەرەتای ساڵی داهاتوو، یەک میلیارد ڤاکسین به‌رهه‌م دێنن و به‌ جیهاندا بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌مریكا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ بڕی 500 میلیۆن دۆلاری داوه‌ته‌ كۆمپانیای مۆدێرنا.

پێشتر وه‌زاره‌تی كاروباری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مەریكا له‌ راگەیەندراوێك دواین هه‌وڵ و ئاستی هاوكارییه‌كانی ئه‌مەریكای له‌ ئاستی نێودەوڵه‌تی بۆ‌ شەڕی دژ به‌ كۆرۆنا ئاشكرا كردبوو
ئه‌مریكا تاكوو ئێستا بۆ یارمه‌تی و ته‌رخان كردنی پاره‌ دژی كۆرۆنا پێشانگایه‌تی جیهان ده‌كات، زیاتر له‌ ‌428 ملیۆن دۆلار هاوکاری پێشکەش بە وڵاتان کردووە.

هه‌روه‌ها پتر له‌ 462 ملیۆن دۆلار یارمه‌تی مرۆڤدۆستانه‌ بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تاكه‌ دابینکراوە، 204 ملیۆن دۆلاری بۆ سندوقی داكۆكی ئابووری بۆ خێراتركردنی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مەریكا له‌ ڕووبه‌رووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنادا ته‌رخان کردووە.

هەروەها،‌ 173 ملیۆن دۆلار یارمه‌تی داوەتە ئەو په‌نابه‌رانه‌ كه‌ له‌به‌رده‌م مه‌ترسی تووشبوون به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنادان.

پێشتر له‌ نیوه‌ی دووهه‌می مانگی پێنجدا، سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، له‌ كۆشكی سپی، ئاشكرای كرد كه‌ وڵاته‌كه‌ی بڕی 10 میلیار دۆلاری بۆ توێژینه‌وه‌ی پزیشكی به‌ مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی ڤاكسینی كۆرۆنا ته‌رخان كردووه‌.

تره‌مپ، له‌و كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌دا تیمێكی نوێی سه‌ر به‌ كۆشكی سپی به‌ ناوی "چالاكی تایبه‌تی خێرا" ناساند و ده‌ستبه‌كاربوونی ئه‌و گرووپه‌ی به‌ "خۆبه‌خشی گرووپێكی زانستی و پیشه‌یی بێوێنه‌" ناوبرد.

سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا هیوای خواست به‌رهه‌مهێنانی ڤاكسینی كۆڤید-19 له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا به‌رده‌ست بێ و له‌م باره‌وه‌ وتی: "ئێمه‌ نه‌ك ته‌نیا له‌ ناوخۆی وڵات، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ دۆست و هاوبه‌شه‌كانمان له‌ جیهاندا، پێكه‌وه‌ هاوكاری نزیك ده‌كه‌ین".

تره‌مپ باسی له‌وه‌شكرد كه‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ كه‌رتی تایبه‌ت، بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی پتر له‌ 100 تاقیكردنه‌وه‌ی دروستكردنی ڤاكسینی ڤایرۆسی كۆرۆنا، له‌گه‌ڵ یه‌كتر‌ هاوكاری ده‌كه‌ن. دامه‌زراوه‌ی خۆراك و ده‌رمانیش پتر له‌ 130 پلانی بۆ ئه‌نجامدانی تاقیكردنه‌وه‌كانی چالاكی په‌سه‌ند كردووه‌.

هه‌نووكه‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان 13 میلیۆن و 430 هه‌زار كه‌س تووشی كۆرۆنا بوونه‌، له‌م ژماره‌یه‌ك پتر له‌ 7 میلیۆن كه‌س چاك بوونه‌ته‌وه، زیاتر له‌ 582 هه‌زار كه‌س مردوون، له‌ ئەمه‌ریکاش، رێژه‌ی تووشبووان له‌ 3 میلیۆن و 511 هەزار کەس تێپه‌ڕیوه‌، هه‌روه‌ها نزیك به‌ 140 هه‌زار كه‌سیش بە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانیان لە دەستداوە.

ره‌حیم ره‌شیدی - واشنتۆن

كوردستان TV

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.