Erbil 38°C دووشەممە 30 ئەیلوول 12:22

فازڵ میرانی: زۆر که‌س دەیانەوێ ئەم ئەزموونەی هەرێمی کوردستان بخنکێنن

فازڵ میرانی: گەلی کورد بووەتە قوربانیی جوگرافیای سیاسیی ناوچەکە
کوردستان TV
100%

کەناڵی "غەد"ی ئاسمانی ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەنجام دا کە تەوەرەکانی چاوپێکەوتنەکە دەربارەی دۆخی هەنووکەییی ناوچەکە و عێراق و هەرێمی کوردستان و بۆردوومانکردنی خاکی هەرێم لەلایەن تورکیا و ئێران و کێشەکانی ناوچەکە بوو.

فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە دەستپێکی چاوپێکەوتنەکەدا ئاماژەی دا بەوەی کە گەلی کورد بووەتە قوربانیی جوگرافیای سیاسیی ناوچەکە، زۆر كه‌س و لایه‌ن هەن دەیانەوێ ئەم ئەزموونەی هەرێمی کوردستان بخنکێنن. هەرێمی کوردستان هەرێمێکی بچووکە و بووەتە قوربانیی دابەشبوونی جوگرافی، کیشەی ئێمە لەگەڵ برایانمان لە عێراق و هەتا لەگەڵ وڵاتانی عەرەبییش کاتێک باسی مافەکانی خۆمان دەکەین، ئەوەیە کە ئەو تۆمەتە دەکەن کە ئێمە سەربەخۆییمان دەوێت و، کاتێک ئێمە ڕووبەرووی هێرشێک، یان کەتنیک دەبینەوە، لەم دراوسێ، یان ئەوی‌ تر وا هەست دەکەن کە ئێمە عێراقی نین، کاتێک داوای مافەکانیشمان دەکەین پێویستە عێراقی بین، کاتێک هەڕەشەمان لێ دەکرێت وا سەیرمان دەکەن کە ئێمە گەلێکین لە دەرەوەی عێراقین، ئەمەیە کێشەی ڕاستەقینەی ئێمە.''

دەربارەی بۆردۆمانه‌كانى تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی گوتی: "هەر دەستدرێژییەک، یان دوژمنانکارییەک بە حوکمی مەنتیق و بە حوکمی یاسای نێودەوڵەتی و پرەنسیپی دەستێوەرنەدانی کاروباری وڵاتانی تر و پەیوەندییە باشەکانی دراوسێیەتی، کارێکی مەقبووڵ نییە، ئەگەر کوردستان تەنیا ڕووبەڕووی ببێتەوە بێ قووڵاییی عێراق و عێراقیش بێ قوڵاییی عەرەبی تا قووڵاییی نیودەوڵەتی و هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش، ئەم کارە لە سەروو تواناییی هەرێمدایە.''

دەربارەی گردبوونەوەی هێزی ئێرانی لەسەر سنووری هەرێم میرانی وەڵامی دایەوە: "ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بوونی سیاسیی لەنێو هەرێمی کوردستاندا هەیە، هەروەها پارتی کرێکارانی کوردستان جیگیرە هەر لە ساڵانی ١٩٨٤ و ١٩٨٥ــوە لەسەر هێڵی سنووری لە نێوان هەریمی کوردستان و تورکیادا، ڕێککەوتن لە نێوان حکوومەتی بەغدا و هەردوو وڵاتانی دراوسێ کراوە لە بارودۆخێکدا کە عێراق پێویستی بەم ڕێککەوتنانە هەبوو، ئەوەی سەیرە عێراق لە دوای ٢٠٠٣ و لە دوای گۆڕینی ڕژێم پێویستی بەم ڕێککەوتنانە نەبوو، تەنیا وڵاتانی دراوسێ سوودیان لێ دەبێنی نەک عێراق و لەسەر حکوومەتی عێراق پێویست بوو، لەدوای ٢٠٠٣ ئەم ڕێککەوتنانە هەڵبوەشێنێتەوە، یان چاوخشانێکیان پێدا بکرێتەوە، بۆ ئەوەی عێراق زەرەرمەند نەبێت، هەروەک چۆن ئێستا زەرەری هەیە بە حوکمی ئەم ڕێککەوتنانە."

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.