له كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى هاوبه‌ش له‌گه‌ل محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران له شارى هه‌ولێر، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان رایگه‌یاند" كۆمارى ئیسلامى ئێران له سه‌رده‌مێكدا هاوكارى ئێمه‌ى كردووه و هه‌رگیز هاوكارییه‌كانى ئێران له‌بیر ناكه‌ین.
وتیشى" ئێمه له هه‌رێمی كوردستان به بایه‌خی زۆره‌وه بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ دراوسێكانمان ده‌ڕوانین. ئێران بۆ هه‌رێمی كوردستان و عێراق دراوسێیه‌كی گرنگه. هه‌رێمی كوردستان هیچ كات هاوكاری ئێران له رۆژگاره سه‌خته‌كان له یاد ناكات. ئێران هه‌میشه وه‌ك دۆست و دراوسێ له هه‌موو قۆناغه‌كان له‌گه‌ڵ ئێمه وه‌ستاوه. ئێستاش بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندییه‌كی دۆستانه‌ی دراوسێیه‌تی له‌سه‌ر بنه‌مای رێز و به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی پێویستییه‌كی له پێش و زۆر گرنگه.
سه‌رۆكى هه‌رێم هه‌روه‌ها وتیشى" هه‌رێمی كوردستان وێڕای په‌یوه‌ندییه‌كی دێرینی و مێژوویی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری جمووجۆڵێكی فراوانی بازرگانی له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی هه‌یه، فراوانكردنی هاوكاری و هاوبه‌شی عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی له‌و بوارانه‌دا كه پێویست و جێی بایه‌خی هه‌ردوولان و خواستێكی به‌رده‌وامی هه‌رێمی كوردستانه و هه‌میشه كارمان له‌سه‌ر كردووه و به‌رده‌وامیش ده‌بین.
راشیگه‌یاند" له‌گه‌ڵ جه‌نابی وه‌زیر په‌یوه‌ندییه‌كان و دوایین پێشهاته‌كانی دۆخی ناوچه‌كه و پێگه و رۆڵی گرنگی ئێرانمان له هاوكێشه‌كانی ناوچه‌كه تاوتوێكرد، داكۆكیمان له پێویستی سه‌قامگیری له عێراق و ناوچه‌كه و گفتوگۆ بۆ چاره‌سه‌ر ئاشتیانه‌ی كێشه و ئاڵۆزییه‌كان دووپاتكرده‌وه.
هه‌روه‌ها باسمان له بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا و كاریگه‌رییه‌كانی كرد، به تایبه‌ت له بواری ئابووریدا، هه‌روه‌ها كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر هاتووچۆی ده‌روازه‌كان له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران و چۆنێتی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی په‌تاكه و ئه‌زموونی ئێران له‌و باره‌یه‌وه و چه‌ند پرسێكی دیكه كه جێی بایه‌خی هه‌ردوولامان بوون تاوتوێكرد.
نێچیرڤان بارزانى وتى" ده‌مه‌وێت سووپاسی به‌ڕێزان باڵیۆزی كۆماری ئیسلامی ئێران له به‌غدا و سه‌ركونسوڵگه‌ری ئێران له هه‌ولێر و سلێمانی بكه‌م، كه رۆڵێكی به‌رده‌وام و به‌رچاویان هه‌بووه له په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوولادا.
دواتر له لای خۆیەوە، محەمەد جەواد زەریف وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران رایگەیاند، سوپاسی سەرۆكی هەرێم دەكەین كە لە هەولێری زۆر جوان پێشوازییەكی گەرمیان لێكردین، بۆ ئێمە عێراق بە هەموو پێكهاتەكانیەوە وەكو دراوسێیەك گرنگە و داواكارین پەیوەندییەكی دۆستانەمان لەگەڵ عێراق لەسەر ئاستی ناوچەكە هەبێت.
وتیشی، ئێمە پەیوەندی زۆر نزیكمان لەگەڵ خوشك و براكانمان لە هەرێمی كوردستان هەیەو پەیوەندی باشی ئابووریمان لەگەڵ هەرێم و بەغدا هەیە، ئێمە خۆشحاڵین به‌و پەیوەندییانه‌و هەوڵ دەدەین پێكەوە زیاتر كار بكه‌ین.
زه‌ریف وتیشى" دەمانەوێت لە بوارەكانی ئابووری و بازرگانی و پیشەسازی پەیوەندییەكانمان له‌گه‌ل عێراق و هه‌رێمى كوردستان زیاتر فراوان بكەین.
تێزانین ئێوارەی ئەمڕۆ محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران و شاندێکی یاوەری لە رێگەی فڕۆکەوە گەیشتنە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.
پاش سەردانی بۆ بەغدای پایتەختی عێراق، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و لەلایەن هەریەک لە جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم و سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و کونسوڵانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر و سلێمانی ، پێشوازی لێ‌کرا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.