Erbil 38°C پێنجشەممە 23 کانوونی دووەم 12:49

WHO: هەبوونی شانە نوستووەکانی داعش رێگرە لەبەردەم نەگەڕانەوەی دانیشتووانی بەشێک لە گوندەکانی رەبیعە بۆ زێدی خۆیان

له‌مباره‌یه‌وه‌ رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌
کوردستان TV
100%

رۆژی 19/7/2020 رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ راپۆرتێکی بڵاوکردەوە بەناونیشانی (هەرێمی کوردستانی عێراق: رێگا بە عەرەبەکان نادرێت بگەڕێنەوە)، لەم راپۆرتەیدا باس لەوە دەکات کە لە چەند گوندێکی شارۆچکەی رەبیعە لایەنە ئەمنییەکان رێگا بە نزیکەی (١٢٠٠) هاووڵاتی عەرەب دانیشتووی ناوچەکە نادەن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، لە هەمان کاتدا دانیشتووانی گوندە کوردنشینەکانی ئەو ناوچەیە بە ئازادی دەگەڕێنەوە.

د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی ئەم راپۆرتەی رێکخراوی ناوبراو رایگەیاند: لە دوای هێرشەکانی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەکی پارێزگای موسڵ و داگیرکردنی ژمارەیەکی زۆری دانیشتوانی ئەم ناوچانە ناچار بوون شوێنەکانی خۆیان جێبهێڵن و بەشی هەرەزۆریان روویان لە هەرێمی کوردستان کرد و بەبێ جیاوازی پێشوازییان لێکرا و خزمەتگوزارییان پێشکەش کرا، دواتر لایەنە ئەمنییەکانی حکومەت هەرێم بۆ پاراستنی گیانی ئەو هاووڵاتیانە چەند رێوشوێنێکی ئەمنیان گرتە بەر و بەشێک لە گوندەکانی ئەم ناوچانە کەوتنە سەرهێڵی تەماس و لەبەر شەڕ و پرۆسە سەربازییەکان نەتوانرا دانیشتوانەکانی بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەوەشی روونکردنەوە کە بە هۆی پرۆسەی ئازادکردنەوەی ئەم ناوچانە لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە، ناوچەکە بەگشتی بوو بە مەیدان جەنگ و رووبەڕووی وێرانکارییەکی زۆر بۆوە لە ئەنجامی هێرشە خۆکوژییەکانی تیرۆریستانی داعش و مینڕێژکردنی ناوچەکە و بۆردومانی فڕۆکەکانی هاوپەیمانان. هەروەها لە دوای هێرشی تیرۆریستان لایەنە ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند رێوشوێنێکی ئەمنییان گرتە بەر بەتایبەتی لە بازگەکان بۆ رێگا گرتن لە دزە کردن تیرۆریستان و پاراستنی سەر و ماڵیان و رێگا گرتن لە شێواندنی ئەمن و ئاسایشی هەرێم، ئەم رێکارە ئەمنیانەش بەپێی رێنمایی تایبەت ئەنجامدراوە بەبێ جیاوازی لە نێوان پێکهاتەکانی ئەم ناوچانە، زۆر جاریش بە هۆی ئەوەی بەشێک لە گوندەکان کەوتوونەتە سەر هێڵی تەماس رێگا نەدراوە خەڵکەکەی بگەڕێنەوە، چونکە ئامانجی سەرەکی ئەو رێوشوێنانە پاراستنی سەرو ماڵی هاووڵاتیانە.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بەو گوندانەی کە لە راپۆرتەکەی هیومان رایتس وۆچ ئاماژەیان پێکراوە وتی: لە کاتی هێرشی تیرۆریستانی داعش بەشێکی دانیشتووانی ئەم گوندانە هاوکاری داعشیان کرد و رۆڵیان لە تاوانەکانی داعشدا هەبوو، بۆیە دوای ئازادکردنەوەی ئەم ناوچانە روویان لە سەنتەری موسڵ و سوریا کرد. لە گوندی قاهیرە (٣٧) خێزان پەیوەندییان بە داعشەوە کرد و بەشێکیان کردەوەی خۆکوژییان دژی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکان ئەنجامداوە. لە گوندی سوفییە زیاتر لە (٢٠) خێزان پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە لەوانەش خێزانی نەواف برجش ئەلشمەری کە وەزیری دارایی دەوڵەتی ئیسلامی بوو.

دیندار زێباری ئەوەشی خستە روو کە لە گوندی سعودیە نزیکەی (٧٠) خێزان پەیوەندییان بە داعشەوە و سەرکردایەتی شەڕەکانیان دەکرد دژی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاشکراکردنی شوێنەکانیان، لە گوندی مەحمودیە زیاتر لە (٨٠) پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە و بەشێکی زۆریان خۆکوژ بوون، سەبارەت بە گوندی شێخان بەشێکی زۆری دانیشتوانی ئەم گوندە یەکەم جار پێشوازییان لە هاتنی داعش بۆ ناوچەکەیان کرد و رۆڵێکی سەرەکییان هەبووە لە داخستنی رێگای نێوان پارێزگای دهۆک و ناحیە زوممار کە بووە هۆی شەهید بوونی ژمارەیەک لە پێشمەرگە.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی ئەوەشی روونکردەوە کە دانیشتوانی ئەم ناوچانە خۆیان رازی نەبوون بە گەڕانەوەی ئەوانەی پەیوەندییان بە تیرۆریستانەوە هەبووە و داوایان لە لە هێزەکانی هاوپەیمانان کرد کە رێگا نەدرێت بە گەڕانەوەیان، چونکە دەبنە هۆی تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە و زیندووکردنەوەی شانە نووستووەکانی داعش، هەروەها بەهۆی بوونی چەندین هێزی جیاجیا و هێرشی وڵاتانی ئیقلیمی بۆ سەر ناوچەکە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە شڵەژاوە.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێم وتی: سەرەڕای رێوشوێنەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام حکومەتی هەرێم لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ پارێزگای موسڵ بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو بۆ بابەتی گەڕانەوەی خەڵکی ئەم ناوچانە بۆ سەر زێدی خۆیان و لەم رووەوە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم رێنمایی تایبەتی دەرکردووە بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیان بەبێ جیاوازی ئایین و نەتەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.