Erbil 38°C پێنجشەممە 23 کانوونی دووەم 05:43

سەرۆک وەزیرانی عێراق و سه‌رۆک کۆماری ئێران چه‌ند پرسێکیان تاوتوێکرد

مستەفا كازمی و حه‌سه‌ن روحانی كۆبوونه‌وه‌
کوردستان TV
#11
100%

سەرۆك وەزیرانی عیراق به‌سه‌رۆكایه‌تی شاندێكی باڵا گەیشتە تارانی پایتەختی كۆماری ئیسلامی ئێران و لەلایەن ڕەزا ئەردەكانیان وەزیری كارەبای ئێران پێشوازی لێكرا.

ئه‌مرۆ سێشەممە 2020/7/21 مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق  به‌سه‌رۆكایه‌تی شاندێكی باڵا گه‌یشته‌ تارانی پایته‌ختی ئێران له‌گه‌ڵ حەسەن روحانی، سەرۆک کۆماری ئێران كۆبووه‌وه‌، دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامه‌وانیدا هاوبه‌شدا سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند: به‌غدا په‌یوه‌ندی مێژوویی خۆی كه‌ بۆ سه‌دان ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئێران ده‌پارێزێت و عێراق نابێتە ڕووبەرێک بۆ هەڕەشە بۆ سەر ئێران.

مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند: یەکێک لە ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌مان بۆ تاران چالاکردنی رێککەوتنەکانی نێوان هەردوو وڵاتە لەگەڵ چالاکردنی ‌هێڵی گواستنەوەی شەمەندەفەر لە نێوان باشوور عێراق و ناوچەکانی دیکەی ئێران گفتوگۆی لەسەر کراوە.

کازمی ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ تێپەڕاندنی ئەو بەربەستانەی بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوتەوە بەرەنگارمان بوونەتەوە پێویستە یەكریز بین.

گوتیشی: لە چوارچێوەی پەیوەندییەكانماندا هەوڵی كەمكردنەوەی گرژییەكان لە ناوچەكەدا دەدەین.

لای خۆشیه‌وه‌ حەسەن روحانی، سەرۆک کۆماری ئێران له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا رایگه‌یاند: مسته‌فا كازمی له‌ دۆخێكی زۆر تایبه‌تدا ئه‌و پۆسته‌ی وه‌رگرتوه‌ و ئێران به‌ڵێنی هه‌موو جۆره‌ هاوكاریه‌كی به‌ عێراق داوه‌.

ڕوحانی ئاماژەی بەوەش کرد کە لەگەڵ کازمی باسیان لە ڕۆڵی عێراق کردووە، لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکە.

حەسەن روحانی رایگەیاند: لەگەڵ كازمی چەند پرسێكی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتمان تاوتوێكرد، لەوانەش بەرزكردنەوەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات، بەشێوەیەك كە ساڵانە بگاتە 20 ملیار دۆلار.

راشیگه‌یاند: ئێران ده‌توانێت پێداویستییه‌ پزیشكیه‌كان بۆ عێراق د‌ابین بكات و به‌ڵێنی هه‌موو جۆره‌ هاوكاریه‌كمان پێداون، هه‌موو تواناكانیشمان ده‌خه‌ینه‌ خزمه‌تی عێراقه‌وه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

شایه‌نی باسه‌ هه‌ر ئه‌م هه‌فته‌یه‌ محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی بەغدا و هەولێری کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومی کۆبووەوە.

مستەفا كازمی، بەیانی ئەمڕۆ سێ شه‌ممه‌ بە سەرۆكایەتی شاندێكی باڵا كە پێكهاتوون لە وەزیرانی دەرەوە، نەوت، كارەبا، دارایی، بەرگریی، تەندروستی و ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران و بڕیاریشە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای دیكەی ئێران، كۆببێتەوە.

داڕشتنه‌وه‌ی هه‌واڵ: سامان زاهیر

ئاژانسه‌كانی هەواڵ

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.