Erbil 38°C یەکشەممە 29 ئەیلوول 18:22

نێچیرڤان بارزانى پشتگیری لە ئەرکى یوونیتاد دەکات

پێشوازى له‌ تیمى نێودەوڵەتیى لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانى داعش کرد
کوردستان TV
#7
100%


ئەمڕۆ چوارشەممە 22/7/2020 بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە کەریم خان، ڕاوێژکارى تایبەتى تیمى نێودەوڵەتیى لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانى داعش (یوونیتاد) کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا دوایین هەنگاوەکانى کار و ئەرکى یوونیتاد و کاریگەریى بڵاوبوونەوەى پەتاى ڤایرۆسى کۆرۆنا لەسەر کارەکانیان تاوتوێ کرا و هەردوولا جەختیان لە گرنگیى هەماهەنگیى عێراق و هەرێمى کوردستان لەگەڵ تیمەکەیان کردەوە لەپێناو دابینکردنى دادپەروەرى بۆ قوربانیانى دەستى داعش و دادگاییکردن و بەسزاگەیاندنى تاوانباران کە دەبێتە هۆکارێکى دروستبوونەوەى متمانە و ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ سەقامگیرى و پێکەوەژیان و ئاوەدانکردنەوەى ناوچە زیانبەرکەوتووەکان و گەڕانەوەى ئاوارەکان.

نێچیرڤان بارزانى، وێڕاى دووپاتکردنەوەى پشتگیریى بۆ کار و ئەرکى یوونیتاد، ئامادەیى هەرێمى کوردستانى بۆ کارکردن لەگەڵ تیمەکە و حکوومەتى فیدراڵى عێراق بۆ سەرخستنى ئەرکەکەیان دووپات کردەوە، هەروەها دەستخۆشى لێکردن و هانیدان بۆ جێبەجێکردنى بەرنامەى یوونیتاد بەپێى کات و خشتەى دەستنیشانکراویان کە لە بەرژەوەندیى هەموو پێکهاتەکانى عێراقدایە بەوپێەى هەمووان قوربانیى دەستى داعشن.

هەموارکردنەوەى یاساى پەیوەندار بۆ بەڕێوەچوونى پرۆسەى دادگاییکردنى تاوانباران، بایەخدان بە لایەنى پەروەردەیى بۆ قووڵکردنەوەى پێکەوژەیان و لێبوردەیى و ڕێگرى لە دووبارەبوونەوەى تاوانەکان، پرۆسەى کۆکردنەوەى بەڵگەکانى تاوان و بەئەلەکترۆنیکردنیان، ڕاهێنانى دادوەران و کارکردن بەپێى ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، چەند تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوون کە تیایدا کەریم خان سوپاسى پشتگیریى نێچیرڤان بارزانى و هاوکارى و هەماهەنگیى هەرێمى کوردستانى بۆ ئەرک و کارەکانیان دووپات کردەوە.

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.