وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان وردەكاریی هاتنی دالیا موسلیم بۆ هەرێمی كوردستان و بە قاچاخ رۆیشتنی بۆ توركیا و گەیشتنی بە خانەوادەی سەلامی رەمەزان محەمەد ( سەلامی یەڵماز ) بڵاودەكاتەوە.
ئهمه دهقهكهیهتی:
دوای بەدواداچوونی دامودەزگا ئەمنییەکان لە سەر چۆنێتی ڕۆیشتنی دالیا مەحمود موسلیم بۆ تورکیا ، توانرا لە ڕێگەی کەفیلی ناوبراو لە هەرێمی کوردستان بە ناوی بەیار ئەحمەد سەعید کە بازرگانێکی دانیشتووی دهۆکە ، زانیاریی زیاتر بەدەستبخەین و ڕاستییەکانی پەڕینەوەی دالیا مەحمود موسلیم بۆ ناو خاکی تورکیا بخەینەڕوو.
بەیار ئەحمەد سەعید، کە دانیشتووی شاری دهۆكە و كاری بازرگانی لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا دەكات، چۆنیەتی گەڕانەوەی سەلامی یەڵماز و دواتر بە قاچاخ ڕۆیشتنی دالیا مەحمود موسلیم بۆ توركیا باس دەكات.
بەیار، نزیكایەتی و پەیوەندی لەگەڵ ماڵباتی سەلامی یەڵماز هەبووە، لەكاتی هاتنی دالیا موسلیم بۆ هەرێمی كوردستان، بەیار لەسەر داوای ماڵباتی سەلامی یەڵماز دەبێتە كەفیلی و لەگەڵ سەلامی یەڵماز، لە ماڵەكەی خۆی دەیانحەوێنێتەوە.
دوای گەڕانەوەی سەلامی یەڵماز بۆ توركیا، دالیا لە ماڵی بەیار دەمێنێتەوە و دواتر لە سەر داوای ماڵباتی سەلامی یەڵماز بە رێگەی قاچاخ دەینێرێتە توركیا. بەیار، دالیا دەداتە دەست ئەو قاچاخچییەی كە ماڵباتی سەلامی یەڵماز بۆیان دەستنیشان كردووە و لەگەڵی رێككەوتوون.
دوای گەیشتنی دالیا بە ماڵباتی سەلامی یەڵماز، وەك لە وێنەكان دەردەكەوێت، پەیوەندی بەیار لەگەڵ ئەوان بەردەوام دەبێ و ماڵباتی سەلامی بە (بەیار)یان راگەیاندووە کە سەلام و دالیا بە سەلامەتی بەیەکەوە گەیشتن و خۆیان ڕادەستی پۆلیسی شاری مێرسینی توركیا كردووەتەوە و دەشیانەوێت دوای خۆناساندن بە پۆلیس ژیانی هاوسەرگیری پێكبهێنن و بەیەکەوە بژین.
وەک لە پەیوەندییە ڤیدیۆکەشدا دیارە ، سەلامی یەڵماز بە ئاشکرا بە بەیار ئەحمەد ڕادەگەیەنێت کە دالیا لە ڕێگەی قاچاخ دەرباز بووە و و هاتووەتە لای پیاوەکەی و پەیوەندیی بە هیچ کەسەوە نییە و خۆی ڕادەستی پۆلیسی تورکیا کردووە لە مێرسین و تەنیا خۆی و دالیا ئەو کارەیان ئەنجام داوە.
بەداخەوە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا خەڵکانێک ویستیان ڕاستییەکان بشێوێنن و بازرگانی بەم بابەتەوە بکەن ، ئێمە لە کاتێکدا ئەو زانیارییانە دەیخەینەڕوو ، دووبارە ئامادەیی خۆمان بۆ هەر لێکۆڵینەوەیەکی زیاتر لەمبارەیەوە دەردەبڕین. هیوادارین چیتر ئەم بابەتە بۆ مەرامی سیاسی بەکارنەهێنرێت و واز لە ژیانی کۆمەڵایەتی و تایبەتی دالیا مەحمود و سەلامی یەڵماز بهێنرێت.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان
2020/7/22
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.