- بەرپرسی راگەیاندن لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق، جیهاد دیڤان رایگهیاند لەسەر داوای دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنیی و ناوەندی قەیرانەکان، فڕۆکەخانەکە بەڕووی گەشتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا کراوەتەوە
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (Covid-19)، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لە ١٦ی ئادارەوە بەڕووی گەشتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا داخرابوو، بەڵام لەئێستادا و دوای کەمکردنەوەی رێوشوێنەکان، جارێکی دیکە فڕۆکەخانەکە بەڕووی گەشتەکاندا کراوەیە.
بەرپرسی راگەیاندن لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق، جیهاد دیڤان لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە لەسەر داوای دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنیی و ناوەندی قەیرانەکان، فڕۆکەخانەکە بەڕووی گەشتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا کراوەتەوە.
جیهاد دیڤان ئاماژەی بەوەیش دا کە پێویستە گەشتیارەکان لەناو فڕۆکەخانەدا دەمامک و دەستکێش بەکاربهێنن و لە ریزەکاندا رەچاوی دوورەپەرێزی کۆمەڵایەتیی بکەن و گوتی: لەنێوان هەر گەشتێکدا، سێ بۆ چوار کاتژمێر ماوە هەیە، ئەم ماوەیەش بۆ ئەوەیە لە پێناو پاراستنی تەندروستیی گەشتیارەکاندا، فڕۆکەکان خاوێن بکرێنەوە و بە دەرمانی دژەبەکتریا بڕشێندرێن.
یەکەم گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بۆ شارەکانی دوبەی، کییڤ، بەیروت و قاهیرە ئەنجامدران.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.