Erbil 38°C چوارشەممە 22 کانوونی دووەم 15:57

سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان پێشوازى له‌ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى فینلاندا ده‌کات

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فینلاند: کونسولخانه‌ی وڵاته‌كه‌مان له‌ هه‌ولێر ده‌كه‌ینه‌وه‌
کوردستان TV
100%

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 23/7/2020  نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ پێكا هاڤیستۆ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى فینلاندا و شاندێكى یاوه‌رى كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا په‌یوه‌ندیى فینلاندا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و بره‌ودان به‌ بواره‌ جیاكانى په‌یوه‌ندییه‌كان، كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنیان، گرنگیی به‌شداریی هه‌موو پێکهاته‌کانی عێراق له‌ پرۆسه‌ی سیاسیدا بۆ سه‌قامگیریی وڵات، دوایین پێشهاته‌كانى شه‌ڕى دژى تیرۆر و ڕۆڵى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى و گرنگیى به‌رده‌وامیى پشتگیرى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تاى ڤایرۆسى كۆرۆنا و لێكه‌وته‌كانى به‌تایبه‌تیش له‌ بوارى ئابووریدا، په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌رێم و وڵاتانی دراوسێ، دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران، پێكهاته‌كان و پێكه‌وه‌ژیان له‌ هه‌رێمى كوردستان، پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ و چه‌ند پرسێكى دیكه‌یان تاوتوێ كرد.
نێچیرڤان بارزانى وێڕاى ده‌ربڕینی خۆشحاڵى به‌ سه‌ردانى به‌ڕێز وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌، سوپاسى فینلانداى كرد كه‌ له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیى دژى داعشدا هاوكارییان پێشكه‌ش به‌ هه‌رێمى كوردستان كردووه‌، به‌تایبه‌تیش له‌ بوارى مه‌شق و ڕاهێنانى سه‌ربازى به‌ پێشمه‌رگه‌ و هاریكاریى مرۆییدا، هه‌روه‌ها خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ بره‌ودانى زیاتر به‌ په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ فینلاندا و ڕه‌خساندنى ده‌رفه‌تى وه‌به‌رهێنان و سه‌رمایه‌گوزارى بۆ كۆمپانیا فینلاندییه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه.

لاى خۆیه‌وه‌  هاڤیستۆ، وێڕاى خۆشحاڵى به‌م سه‌ردانه‌ى، پێزانینى وڵاته‌كه‌ى بۆ ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستان له‌ شكاندنى داعش و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر و پێشوازیكردن و حه‌واندنه‌وه‌ى ژماره‌یه‌كى زۆرى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان نیشان دا، هه‌روه‌ها خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ بره‌ودانى زیاترى په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و فراوانكردنى بواره‌كانى هاریكارى هاوبه‌ش و هه‌نگاوه‌کانیان بۆ کردنه‌وه‌ی کونسولخانه‌ له‌ هه‌ولێر، دووپات كرده‌وه‌.

1

 

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.