Erbil 38°C یەکشەممە 29 ئەیلوول 08:28

بەشی رۆژنامەوانیی دەزگای ڕۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی وه‌ڵامى راگه‌ێندراوه‌که‌ى یەکێتی ده‌داته‌وه‌

پارتی: ئەوانەی ڕاگەیاندراوەکەیان داڕشتووە، پێدەچێت زۆر شارەزای مێژوو و پارتی دیموکراتی کوردستان نەبن
کوردستان TV
100%

لە ڕاگەیاندراوێکی ئینفیعالییانەی مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، بە نێوی (ھەموو کوردستان مەیدانی خەباتی یەکێتییە و پایتەختیش چەقی ئەو خەباتەیە) باس لە نەفەسێکی نوێی یەکێتی دەکات، کە گوایە نەفەسی دوای کۆنگرەی چوارەمیانە، لە ڕێگەی خستنەڕووی ئەو نەفس و ئاراستەیەیش، ڕاگەیاندراوەکە ھێرش دەکاتە سەر پارتی دیموکراتی کوردستان و تەنانەت دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش، تایبەت لە ناوھێنانی بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی ھەولێر وەک لقێکی پارتی!..

جارێ ئەم زمانەی ڕاگەیاندراوەکەی پێ نووسراوە، کە پێدەچێت لە سەرووی خۆیانەوە دەقەکەیان بۆ ڕەوانە کرا بێت، زمانێکی گرژی گرفتخوڵقێنە و ھێندەی گرێبینە نیشتیمانبین نییە و، ناتوانی چارەسەر لەگەڵ خۆیدا بێنێتە نێو پرۆسەی سیاسیی کوردستان، بەتایبەت لەم قۆناغە ھەستیارەدا، کە جەماوەری خۆشەویستی کوردستان چاوەڕوانی لێکتێگەیشتنی زیاتری حزبە سیاسییەکانی کوردستانن.

بۆ وەڵامی ئەم ڕاگەیاندراوەی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، زۆر بە کورتی دەڵێین:-


- ئەگەر ئەم سیاسەتەی ئێستای یەکێتی، کە لە ڕاگەیاندراوەکەیاندا ناوی بە نەفەس و ئاراستەی نوێ ھاتووە، بریتی بێت لە سیاسەتی ئێستای ھەموو یەکێتی، کە ئەمەیان بۆ خۆی جێی ھەڵوەستە و پرسیارە !.. ئەوا دەبێ پرسیار بکەین: ئەم سیاسەتە کوردستان بەرەو کوێوە دەبات و ئەی ئاییندەی یەکێتی بەرەو کوێ ؟! .. ڕێک و ڕەوان دەمانەوێت بڵێین، ئەم نەفەس و ئاراستە سیاسییە نوێیە، دژ  و ناکۆکە بە ڕوانگا و پەیام و دوا وەسیەتەکانی جەنابی مام جەلال و تێکۆشەرەکانی دەوری مام جەلال، سیاسەتێکە نەک ھەر لەگەڵ دەرەوەی یەکێتی ناتوانێت تەبا بێت و بسازێت، بگرە نێوخۆی یەکێتیش بنکۆڵ دەکات و دوور یا نزیک بناغەکانی خۆیشی ھەڵدەتەکێنێتەوە!..

- ئەوانەی ڕاگەیاندراوەکەیان داڕشتووە، پێدەچێت زۆر شارەزای مێژوو و پارتی دیموکراتی کوردستان نەبن، جارێ پارتی دیموکراتی کوردستان پارتێکی سەرانسەریی کوردستانی کۆکەرەوەی نیشتیمانییە و ئارمانجی کۆکردنەوەی ھەموو ھێز و شیان و تواناکانە لە پێناو ئازادیدا و، لە کوێ پیلانی دوژمنان ھەبووبێت، پارتی لەبەرامبەریدا، پێشمەرگانە لە سەنگەردا وەستاوە و مێژوویش شاھێدە و تەنانەت شەھیدەکانی ئەم دواییەی پردێ و سحێلایش ئەم ڕاستییە ڕۆشنتر دەکەنەوە، کە پارتی دیموکراتی کوردستان واتە پڕۆژەی وەستانەوە بەڕووی پیلاندا !..


- ئیشکالیەتێکی تری نێو ڕاگەیاندراوە ئینفیعالییەکەی یەکێتی ئەوەیە، کە دوو چەمکی جیاوازی وەک : (ململانێی سیاسی) و (دوژمنایەتی) لێ تێکەڵ بووە، جا نازانین ئەم تێکەڵکردنە، لە بێئاگایی بووە، یان لە بە ئاگایی !!.. گرنگ دەبێ داڕێژەرانی ڕاگەیاندراوەکە ئەو ڕاستییە بزانن، کە ململانێی سیاسی بەشێکە لە پرۆسەی سیاسی و پارتی دیموکراتی کوردستان نەک ھەر قەناعەتی قووڵ و نەگۆڕی بە ململانێی سیاسی ھەیە، بەڵکو لە زۆر وێستگەی مێژووییدا دەستپێشخەر و بگرە لە پێناویدا قوربانیشی بەخشیوە.


- ململانێی سیاسی نەک ھەر ڕەوایە، بگرە ژیانی سیاسی ڕەنگدار دەکات و جۆرێک لە زەنگینیی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کلتووری و ئابوورییش لەگەڵ خۆیدا بۆ کۆمەڵگاکان دەھێنێت، بەڵام مەرج نییە ئەوانەی ململانێی سیاسی دەکەن ھەمیشە براوە بن، ئەوانەی دێنە نێو ململانێ سیاسییەوە، دەبێ پشوودرێژ و مەدەنیانە قۆڵی لێ ھەڵبکەن و لەھەر دۆڕانێکا قینچکەتەنگ شتێک نەشکێنن و بەشورەییەوە داخلی مێژوو نەبن !..  سەبارەت پیلان و ھەڕەشەیش، دووجار سنوور و جارێک بەغدا  شاھێدن، کە پارتی دیموکراتی کوردستان ھەڕەشە شکێنە !..

- زمانی زبر و ھەڕەشە و گرژی و ناکۆکی، زیان بە خاوەنەکەی دەگەیەنێت بەر لە ئەوانیتر، بۆیە دەخوازین بە تەباییەوە، بە نەفەسی چارەسەری کێشەکان و خزمەتکردنی ھاوڵاتییان، ڕوو لە بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردستان بکرێت و ئیتر کۆتایی بەم دڕدۆنگییە سیاسییە میدییاییە بێت و ڕۆژانی بەر لە جەژن بکەینە ڕۆژانی تەبایی و چارەسەری کێشەکان.

بەشی رۆژنامەوانیی دەزگای ڕۆشنبیری و راگەیاندنی
پارتی دیموکراتی کوردستان

٢٤ـی٧ـی٢٠٢٠

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.