Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 15:27

ئه‌زموونی کچه‌ دیڤیلۆپه‌رێک “Zarda Dev” له‌ کوردستان

كه‌س ناتوانێت ژیانت بگۆڕێت ئه‌گه‌ر خۆت نه‌ته‌وێت
کوردستان TV
100%

ته‌مه‌نم ته‌نھا 11 بۆ 12 ساڵ ده‌بوو كاتێك بۆ یه‌كه‌مجار لاپتۆپ ھاته‌ نێو خێزانه‌كه‌مانه‌وه‌ ، به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی خوشكه‌كه‌م له‌ به‌شی نێتوۆرك ئه‌یخوێند ، زیاتر عاشقی كۆمپیوته‌ر بووم ، ھه‌وڵم ئه‌یا ھه‌موو شتێك بكه‌م ، تا له‌ 14 ساڵی لاپتۆپێكی خۆمم كڕی.

ئه‌و لاپتۆپه‌ بوو به‌ ھه‌موو ژیانم ، ھه‌موو شتێكم پێ ئه‌نجام ده‌دا ، به‌رنامه‌ی ھه‌مه‌ڕه‌نگم تاقی ئه‌كرده‌وه‌ ، ھه‌موو به‌رنامه‌كانی چاككردنی وێنه‌ و ڤیدیۆ ، فۆتۆشۆپ و به‌رنامه‌كانی  مۆنتاژكردنی ڤیدیۆ . له‌ پۆلی ١٠ یه‌كه‌م یوتیوبی خۆمم دانا و ژێرنوسی ڤیدیۆم ئه‌كرد كه‌ ئه‌وكات زۆر كه‌م بوو ، عیشقی من بۆ كۆمپیوته‌ر زیاتر بوو. به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی كچێكی زیته‌ڵه‌ و زیره‌ك بووم و ھه‌موو ساڵێك له‌ یه‌كه‌مه‌كانی خوێندنگاكه‌م بووم ، ھه‌موان ھه‌تا خێزانه‌كه‌شم نوسیبویان و دایاننابوو كه‌ من ده‌بم به‌ پزیشك،ب ه‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ خه‌ونی من شتێكی تربوو.

له‌ پۆلی 12 نمره‌ی 92 م به‌ده‌س ھێنا ، ھه‌ستم كرد خه‌ونه‌كه‌م فه‌وتا ، چونكه‌ خه‌ونی من «ئه‌ندازیاری سۆفتوۆیر » بوو .

كه‌ ئه‌و ساڵه‌ نمره‌كه‌ی زۆۆر به‌رز بووه‌وه‌ ، دواتر له‌لایه‌ن خێزانه‌كه‌شمه‌وه‌ زۆرم لێ ده‌كرا كه‌ ده‌بێت به‌شێكی پزیشكی ھه‌ڵبژێرم له‌جیاتی كۆمپیوته‌ر چونكه‌ به‌لای ئه‌وانه‌وه‌ ھیچ داھاتویه‌كی نه‌بوو جگه‌ له‌وه‌ پێیان وابوو من ئافره‌تم و به‌شێكی پزیشكی یان په‌روه‌رده‌ بۆ من ئاسانتر ده‌كه‌وێت ، به‌ڵام من كۆڵم نه‌یا تا له‌ به‌شی ته‌كنه‌لۆجیای زانیاری وه‌رگیرام!

به‌ڵێ وامزانی ئیتر ئاواته‌كانم ھاتنه‌ دی و ده‌بمه‌ كچه‌ دیڤیلۆپه‌رێكی باش ، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ، كه‌ چوومه‌ زانكۆ ئینجا زانیم كه‌ به‌و جۆره‌ نیه‌ ، خوێندن و زانكۆ شتێكی وای فێرنه‌كردم ، وه‌ ھه‌میشه‌ له‌ دڵه‌ڕاوكێ دابووم و قسه‌ی كه‌سانی چوارده‌ورم كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌رم ھه‌بوو ، ھاوڕێیانی زانكۆم ھه‌موان ھاتبوون تا خوێندنه‌كه‌یان ته‌واو بكه‌ن و شه‌ھاده‌كه‌یان به‌رن و بڕۆن به‌ڵام نا به‌ڕاستی من بۆ فێربوون چووم !

ھه‌میشه‌ ئه‌و قسانه‌ له‌ژێر مێشكم ئه‌زرنگانه‌وه‌ كه‌ ” من كچم” ،” خوێندنه‌كه‌ ته‌واو بكه‌ و بچۆ ماڵه‌وه‌ و زه‌واج بكه‌، له‌گه‌ڵ ھاوسه‌ره‌كه‌ت منداڵه‌كانت په‌روه‌رده‌ بكه‌، نه‌ك ھه‌موو ته‌مه‌نت به‌دیار لاپتۆپێك دانیشیت و ژیانت سه‌ره‌وژێر بكه‌ی” ئه‌م بیركردنه‌وانه‌ نه‌ك ته‌نھا ناخۆشبوو به‌ڵكو كاتێك بیرم ئه‌كرده‌وه‌ به‌ جۆرێك ئازاری ئه‌دام كه‌ ئه‌گه‌ر حه‌قیقه‌ت بوونایه‌ له‌وانه‌بوو توشی نه‌خۆشی ده‌روونی بومایه‌ .

له‌كۆتایدا بڕیارمدا و ھه‌ڵسامه‌وه‌ ، ئه‌گه‌ر من ژیانی خۆم نه‌گۆڕم كێ ئه‌بێت بۆم بگۆڕێت؟! مه‌گه‌ر ژیان كردن به‌ خۆشی ئاسوده‌كردنی ناخم نه‌بێت ئه‌بێت چی تر بێت ! وازم نه‌ھێنا ، وه‌كو كچێك له‌ژێر دروشمی “به‌ڵێ بۆ گه‌یشت به‌ خه‌ونه‌كانم” ھه‌وڵم یا ، سه‌ره‌تا وازم له‌ ده‌رخكردن و له‌به‌ركردنی وانه‌ ته‌قلیدییه‌كان ھێنا ، ھه‌میشه‌ به‌دوای ئه‌وه‌ بووم پرۆژه‌ی خۆمم ھه‌بێت ، له‌بیرمه‌ كاتێك پرۆژه‌یه‌كم باس ئه‌كرد بۆ كه‌سێك یان هاوڕێیه‌كم دنیایه‌ك گاڵته‌ی پێ ئه‌كردم ! بۆیه‌ له‌وێدا وه‌ستام ، له‌ خه‌ونه‌كه‌م نا ،به‌ڵكو له‌ باسكردنیان بۆ چوارده‌ورم.

وازم له‌ قسه‌ی خه‌ڵك ھێنا، زیاتر ده‌ستم ئیشی ئه‌كرد وه‌ مێشكم سه‌رقاڵ كرد به‌ بیرۆكه‌ و ڕێگه‌چاره‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانم . ھه‌میشه‌ ئه‌وه‌م له‌یاد بووه‌ كه‌ دامه‌زرێنه‌ری (پرۆگرامینگ لانگویجه‌كان) ئافره‌ت بووه‌، كه‌واته‌ بۆچی ئه‌بێت بۆ من زه‌حمه‌ت بێت.! كاتێك بێتاقه‌ت و ماندوو ده‌بم ده‌چم سه‌یری ژیانی دیڤیلۆپه‌ره‌كان ده‌كه‌م  له‌ سۆشیاڵ میدیاكان ، ئه‌مه‌ ھه‌رچه‌نده‌ ھیچ ناگۆڕێت به‌ڵام ئه‌توانێت ئه‌و ھه‌سته‌م لا دروست بكات كه‌ به‌ڵێ منیش ده‌توانم ھه‌موو شتێك بكه‌م .

كه‌س یارمه‌تیده‌رم نه‌بوو و كه‌سیش ده‌ستی نه‌گرتم به‌ڵكوو به‌ ته‌نھا ڕێگه‌م گرته‌به‌ر، نزیك ده‌بمه‌وه‌ و نزیكتریش ده‌بمه‌وه‌ ، گوێ ناده‌م به‌وه‌ی كچم و ڕێگه‌ی سه‌ختترم له‌به‌رده‌م بێت ! ڕاسته‌ بۆ كوڕ چه‌ند سه‌خت بێت بۆ كچ دوو ئه‌وه‌نده‌ ، به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ ناگرێته‌وه‌ كه‌ عاشقی ئه‌و ژیانه‌ بن.!

ئێستاش ڕۆژانه‌ جگه‌ له‌وه‌ی پرۆژه‌كانم جێبه‌جێ ده‌كه‌م ، خۆم فێری زمانی نوێ ده‌كه‌م ، ته‌كنه‌لۆجیای نوێ تاقیده‌كه‌مه‌وه‌ ، ئه‌مه‌ ھه‌رگیز بێزارم ناكات به‌ڵكو دڵخۆشم ده‌كات ، كتێب ده‌خوێنمه‌وه‌ و سه‌یری ژیانی ئه‌وانی تر ده‌كه‌م ، ته‌نانه‌ت كێشه‌ی كۆد و پرۆژه‌ی ھاوڕێكانیشم چاره‌سه‌ر ده‌كه‌م كه‌ پێیان وایه‌ كۆد و پڕۆگرام ھیچ سودێكیان نیه‌ جگه‌ له‌ شه‌ھاده‌كه‌ و ھیچی تر !

باوه‌ڕم وایه‌ ھه‌ڵبژاردنی كاره‌كه‌ت په‌یوه‌ندی به‌ ڕه‌گه‌زه‌كه‌ته‌وه‌ نیه‌ ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر جورئه‌تت نیه‌ ده‌ست مه‌به‌ بۆ جیاوازه‌كان!

ئێستاش كه‌ خوێندنم ته‌واو كردووه‌ نه‌ك وازم نه‌ھێناوه‌ به‌ڵكو پلانی فێربوونی پڕۆگرام و لانگویجی نوێم ھه‌یه‌ ، ڕۆژانه‌ چه‌ند كاتژمێرێك فێر ده‌بم ، وه‌ چه‌ند كاتژمێرێك كار ده‌كه‌م ، وه‌ چه‌ن كاتژمێرێكیش ده‌به‌خشم . وه‌كو ھه‌موو كچانی تر منیش قسه‌ی ئه‌وه‌م له‌سه‌ره‌ كه‌ بۆچی زه‌واج ناكه‌م و واز له‌م شته‌ مناڵانه‌یه‌ ناھێنم ! به‌ڵام به‌ڕاستی من به‌مه‌وه‌ گه‌وره‌بووم و ژیانمی پێوه‌ به‌ند بووه‌ ، تۆ بڵێی خه‌ڵكی ھێنده‌ نا ڕۆشنبیر بن ڕۆژێك ژیانێك بۆ من دروست نه‌بێت به‌ھۆی ئه‌وه‌ی خولیای خه‌ونه‌كه‌م ھه‌یه‌ و ئه‌مه‌وێ سه‌ركه‌وتوو بم! وازھێنان لێی مردن نیه‌ ، به‌ڵام ھه‌موان ئه‌وه‌ ده‌زانین كاتێك خه‌ونه‌كانت پشت گوێ ده‌خه‌یت چ ئازارێك له‌ ژیانت دروست ده‌بێت وه‌ چی زوڵمێك له‌ خۆت ده‌كه‌یت .

ھه‌موان پێیان وایه‌ كچان له‌ ته‌كنه‌لۆجیا لاوازن و سه‌ركه‌وتوو نین ، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌وه‌ كچان خۆیانن كه‌ ئه‌وه‌یان دروست كردووه‌ ، كاتێك له‌ ئه‌كاونته‌كانمه‌وه‌ ڕۆژانه‌ نامه‌یه‌كی زۆرم بۆ یه‌ت كه‌ به‌ڕاستی سه‌رسامین كه‌ چۆن كچیت و دیڤیلۆپه‌ریت ! به‌ڕاستی ئه‌سه‌ف و داخ ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ چۆن من كچم و دیڤیلۆپه‌رم به‌ڵكو ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌ریانسوڕماوه‌ كه‌ كچم و دیڤیلۆپه‌رم و عاشقی كاره‌كه‌مم ! كچان ھیچ ڕێگریه‌ك نیه‌ له‌ ھه‌ڵبژاردنی جۆری خه‌ونه‌كه‌یان ، ئه‌مه‌ جلوبه‌رگێك نیه‌ تا خه‌ڵك ئه‌خلاق و ڕه‌فتاری تۆی له‌گه‌ڵ پێناسه‌ بكه‌ن ، به‌ڵكو ئه‌مه‌ كار و پیشه‌یه‌ ، خه‌ون و ئاواته‌ . ئه‌وه‌ خۆمانین كه‌ وامان كردوه‌ كۆمه‌ڵگاكه‌مان وا ھه‌ست بكه‌ن كچان له‌گه‌ڵ ته‌كنه‌لۆجیا ناگونجێن، ئێستاش كچان هه‌ن له‌ به‌شه‌ ته‌كنه‌لۆجیه‌كان نازانن ئیمه‌یڵ ئه‌كاونتێك بۆ خۆیان دروست بكه‌ن، نازانن پاسۆردی فه‌یسبووكه‌كه‌یان بگۆڕن  یاخود ئه‌كاونتێكی نوێ دروست بكه‌ن.

ھه‌مووی به‌لایه‌ك به‌ڵام ئه‌سته‌مه‌ و زوڵمه‌ كچانمان له‌ ڕۆژی ته‌كنه‌لۆجیا و پێشكه‌وتنی ژیان ، له‌ كۆلێژ و به‌شێكی ته‌كنه‌لۆجی بخوێنن و به‌ڵام تا ئێستا كه‌ مامۆستا داوای ئه‌رك و پڕۆژه‌ و ڕیپۆرتیان لێبكات نه‌زانن به‌ ئیمه‌یڵێك بۆی بنێرن و داوا له‌ یه‌كێكی تر بكه‌ن ! خۆ منیش وه‌كو تۆ ئافره‌تم ، وه‌ ژیانیشم ھیچ ناخۆشیه‌كی نیه‌ به‌ھۆی خه‌ونه‌كه‌مه‌وه‌ به‌ڵكو ئه‌وه‌ خۆتیت كه‌ ئه‌و ئه‌سته‌میه‌ت له‌ مێشكت دروست كردوه‌ و كردوته‌ به‌ به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م ژیانت ..!

كه‌واته‌ با خۆمان بیر بكه‌ینه‌وه‌ و خۆمان ھه‌وڵبه‌ین ! كه‌س ناتوانێت ژیانت بگۆڕێت ئه‌گه‌ر خۆت نه‌ته‌وێت.

به‌كه‌مێك ده‌ستكارییه‌وه‌:

plustheedge

Shanaz Abdulwahi

ژێده‌ر: تێك ئای

زانست و تەکنۆلۆژیا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.