وای دابنێ ته‌مه‌نێكی باشت به‌سه‌ر بردووه، ئێستا له لووتكه‌ی پیریدایت، هه‌موو كه‌ره‌سته‌كانی خۆشگوزه‌رانی و ئامانجه‌كانی ژیانی مادیت به‌ده‌ست هێناوه، ته‌نیا چه‌ند هه‌فته‌یه‌كت له پێشه، به‌ر له‌وه‌ی هه‌تاوی ته‌مه‌نت بۆ هه‌تاهه‌تایه ئاوا بێت. به‌سه‌ربووردی ته‌مه‌نتدا بچۆره‌وه، بزانه له چی په‌شیمانیت؟
پێت وایه وه‌ك كه‌سێكی به‌خته‌وه‌ر، بێ داخ و كه‌سه‌ر و په‌شیمانی ئه‌م جیهانه به‌جێ ده‌هێڵیت؟
ده‌فه‌رموو ئه‌م بۆچوونه بخوێنه‌وه، كه له‌ده‌می “برۆنۆ وێر” ده‌یگوازمه‌وه، خاتوو وێر چه‌ند ساڵێك وه‌كو سیسته‌ر، خزمه‌تی ئه‌و كه‌سانه‌ی كردووه كه له دواقۆناخی ته‌مه‌ندان و ته‌نیا له سێ تا دوازده هه‌فته‌یان بۆ دوا هه‌ناسه‌ی ژیان ماوه، جێگه‌ی كاره‌كه‌شی دوا وێستگه‌ی حه‌سانه‌وه و ئارامیی به‌ساڵاچووانه، ئه‌و پیر و كه‌نه‌فتانه‌ی كه ته‌مه‌نێكی دوورودرێژ ژیاون… به‌ڵام زۆربه‌یان په‌شیمانن!! باشه له چی؟
ده‌ڵێن مرۆڤ له چاوه‌ڕوانی مه‌رگدا كامڵتر ده‌بێت و تێده‌گات چه‌ند و له چی په‌شیمانه! هیوادارم ئێمه‌ش بگه‌ینه ئه‌و قۆناخه، به‌ڵام به‌بێ په‌شیمانبوون له ڕابووردوو.
له راپرسییه‌كدا كه له چی په‌شیمانیت؟ چیت پێ ده‌كرا، نه‌تكرد و ئێستا په‌شیمانیت؟ برۆنی وێر ئه‌م پێنج په‌شیمانییه‌ی له ده‌می زۆرینه‌ی ئه‌و گرووپه‌وه تۆمار كردووه.
یه‌كه‌م: خۆزگه جورئه‌تی ئه‌وه‌م هه‌بایه به‌و شێوه‌یه‌ی خۆم ده‌مویست ژیابام نه‌ك به‌و شێوه‌یه‌ی ده‌روبه‌ر ده‌یویست.
كه ژیان به‌سه‌ر ده‌چێت و ئاوڕ له رابووردوو ده‌دینه‌وه، ئه‌وده‌م تێده‌گه‌ین كه چه‌ندین خه‌ون و ئه‌ندێشه و نه‌خشه‌ی جوانمان نه‌هاتنه ئه‌نجام و جێبه‌جێكردن، زۆرینه‌ی خه‌ڵك ته‌نیا به‌ر له ماڵئاوایی هه‌میشه‌یی تێده‌گه‌ن، كه ته‌نانه‌ت نیوه‌ی خه‌وه‌نه‌كانیانیشیان نه‌هاتۆته دی، ئه‌وه‌شیان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه ئه‌م نه‌هامه‌تییه پێوه‌ندیی به هه‌ڵبژاردن و هه‌ڵنه‌بژارنه‌وه هه‌بووه، چی‌یان له ژیاندا هه‌ڵبژارد و چی‌یان هه‌ڵنه‌بژارد.
گه‌لێك گرینگه زۆرینه‌ی خه‌ونه‌كانت به‌دی بهێنێت، به‌ر له‌وه‌ی بۆ یه‌كجاری ماڵئاوایی له ژیان بكه‌یت.
دووه‌م: خۆزگه ئه‌وه‌نده خووم به‌كاره‌وه نه‌ده‌گرت و خۆم له راده‌به‌ده‌ر ماندوو نه‌ده‌كرد.
ئه‌م په‌شیمانییه به زۆری له زاری ئه‌و پیاوانه‌وه ده‌بیسترا، ئه‌وانه‌ی له پێناوی كاره‌كانیاندا كاتێكی كه‌میان له‌گه‌ڵ جگه‌رگۆشه‌كانیان و هاوسه‌ره‌كانیان به‌سه‌ر برد، زۆربه‌ی كات لێیان دابران، ته‌نانه‌ت ئافره‌ته‌كانیش، په‌شیمان بوون له كاری زۆر و له هه‌ڵپه‌ی له راده‌به‌ده‌ر، له‌سه‌ر حیسابی پێوه‌ندیی مرۆڤانه‌ی منداڵ و خێزان و دۆستانیان . واته: ئه‌گه‌ر ژیانێكی ساده‌یان هه‌ڵبژاردبا، شتومه‌ك و كه‌لوپه‌لی كه‌متریان هه‌ڵبژاردبا، ئه‌وه‌نده پێویستیان به دراو و مووچه و پاشه‌كه‌وتی زۆر نه‌ده‌بوو، ده‌كرا گه‌لێك به‌خته‌وه‌رتر ژیابان. كه‌واته دیسانه‌وه به ستایلی ژیاندا بچۆره‌وه. ژیانێكی ساده هه‌پبژێره!
سێیه‌م: خۆزگه جورئه‌تی ئه‌وه‌م هه‌بایه، هه‌ستی راسته‌قینه‌ی خۆم ده‌ربرم.
كه‌سانێكی زۆر نا‌وێرن هه‌ستی راسته‌قینه‌ی خۆیان ده‌ربڕن، نه‌بادا كه‌سانی دیكه نیگه‌ران بكه‌ن و لێیان زویر بن. بۆیه له ئاكامدا تووشی نه‌خۆشیی ده‌روونی و فیزیكی ده‌بن. راسته تۆ نا‌توانیت كاردانه‌وه‌ی خه‌ڵك كۆنتڕۆل بكه‌یت، كاتێك كه به راشكاوی و راستگۆیانه گوزارشت له هه‌ستی خۆت ده‌كه‌یت. به‌ڵام هه‌رچۆنێك بێت هه‌ر راستگۆیی پێوه‌ندیی ته‌ندروست و بونیاتنه‌ر ده‌خوڵقێنێت. ته‌نیا به ده‌ربڕینی هه‌ستی راسته‌قینه‌ت گره‌وی ژیان ده‌به‌یته‌وه.
چواره‌م: خۆزگه كاتی زۆرترم بۆ هاوڕێیه‌كانم ته‌رخان ده‌كرد.
خۆزگه له هاوڕێیه‌كانم نزیكتر ده‌بوومه‌وه. مرۆڤ كه له مه‌رگ نزیك ده‌بێته‌وه، روونتر بایه‌خ و سوودی دۆستایه‌تیی خه‌پكی بۆ ده‌رده‌كه‌وێت. زۆرینه‌مان ئه‌وه‌نده سه‌رقاڵی كار و نیگه‌رانییه‌كانی بژێوین، ناپه‌رژێینه سه‌ر گه‌شه‌پێدانی پێوه‌ندییه گیانی به‌گیانییه‌كانمان، پاشان هه‌ست ده‌كه‌ین كه هاوڕێیه‌تی و دۆستایه‌تیمان له‌گه‌ڵ ته‌مه‌ندا كاڵ ده‌بێته‌وه، تاكو ته‌واو له ده‌ستمان ده‌ترازێت. هه‌موو كه‌سێك به‌ر له مردن تاسه‌ی هاوڕێ و دۆسته‌كانی ده‌كات!
نیگه‌رانییه‌كانی ژیان، خه‌مه مادییه‌كان، ده‌ستكه‌وت و پاشه‌كه‌وته‌كانمان و زۆربه‌ی ورده‌كاریی ژیانی رۆژانه‌مان، به‌ر له مردن كاڵ ده‌بنه‌وه، ئیدی پاره و سامان و پۆست و پێگه و پله و پایه، ئه‌و بایه‌خه‌یان نامێنێت، ئه‌و ده‌م بۆ دواجار تێده‌گه‌ین كه دۆست و براده‌ر و هاوڕێیانمان سامانی راسته‌قینه‌ن. هه‌فته‌ی كۆتایی ته‌مه‌ن، مرۆڤ ئه‌وه‌نده نه‌خۆش و كه‌نه‌فت ده‌بێت، كه هیچ شتێك برینه‌كانی روحی ساڕ‌ێژ ناكات خۆشه‌ویستی نه‌بێت! خۆشه‌ویستی و پێوه‌ندییه گیانی به‌گیانیه‌كانمان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا.
پێنجه‌م: خۆزگه به‌خته‌وه‌رتر ده‌ژیام
ئه‌م خۆزگه‌یه پتر له هه‌موو خۆزگه‌كانی پێشوو دووپات كرایه‌وه. به‌داخه‌وه زۆرینه‌ی خه‌ڵك له‌وه ناگه‌ن كه ده‌كرێت شادی و به‌خته‌وه‌ری هه‌ڵبژێرین، كه مرۆڤ خۆی بڕیار ده‌دات شاد و به‌خته‌وه‌ر یان به‌دبه‌خت و نا‌ئومێد بێت! ئه‌وان له‌وه په‌شیمان بوون كه خۆیان به‌و راده‌یه له‌ناو جوغزی كۆت و پێوه‌ند و پێوه‌ری باو خۆیان به‌ند كرد. ئازادیی خۆیان به‌سته‌وه به‌و شته‌ی كه پێی ده‌گووترێت: چاوچنۆكیی خۆشگوزه‌رانی و پێویسته ماده‌ییه‌كانی ژیان، ده‌ستیان له گه‌لێ شتی جه‌وهه‌ری هه‌پگرت و دڵیان به چه‌ند رواڵه‌تێكی رووكه‌ش و بۆش و بێ ناوه‌ڕۆك خۆش كرد، به راده‌یه‌ك كه خراپ كاری كرده سه‌ر هه‌ست و سۆزیان، ته‌نانه‌ت به‌سه‌ر جه‌سته‌شیاندا!
تۆش له ئێستاوه، به‌رله‌وه‌ی له‌سه‌ر نوێنی مه‌رگ راكشێیت، ژیان هه‌ڵبژێره، هه‌ڵبژاردن ناوه‌ڕۆكی ژیانه.
به‌هۆشمه‌ندی و ئاگاییی و راستگۆییه‌وه شادی و به‌خته‌وه‌ری هه‌ڵبژێره، به‌رله‌وه‌ی په‌شیمان ببیته‌وه
د.فازیل جاف
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.