Erbil 38°C چوارشەممە 22 کانوونی دووەم 04:19

له‌ که‌رکووک شه‌پۆڵێکی نوێ ته‌عریبکردن ده‌ستی پێکردووه‌

سه‌رجه‌م جومگه‌كانی ئه‌م شاره‌ی گرتۆته‌وه‌
کوردستان TV
#7
100%


چالاكوانێك له‌ كه‌ركووك رایگه‌یاند: جومگه‌یه‌كی ده‌سه‌ڵات له‌م شاره‌ نه‌ماوه‌ ده‌ستی بۆ نه‌برابێت و پڕۆسه‌ی ته‌عریبكردنی تیدا جێبه‌جێ نه‌كرابێت.

په‌یامنێری كوردستان تیڤی رایگه‌یاند: تەعریبکردنی کەرکووک لە لایەن ئیدارە بە زۆر سەپێندراوەکەی ئه‌و پارێزگایه‌ بەردەوامە و ئێستا بەدەر لە داگیرکردنی زەوی و موڵکی کورد، لە دەورووبەری کەرکووک و لە ناو شاریش بە بڕیاری راکان ئەلجبوری حەوت گەڕەکی نۆی بۆ عەرەبی ھاوردە دروست کراوە .

لە چەند رۆژی رابردووش بە بریاری وەزارەتی پەروردەی عێراق، ھەزار و پێنجسەد پلەی وەزیفی بۆ عەرەبی کەرکووک تەرخان کراوە كه‌ زۆربەیان لە عەرەبه‌كانی ھاوردە و خەڵکی کەرکووک نین.

له‌م باره‌یه‌وه‌ چالاكوانێكی مه‌ده‌نی له‌ كه‌ركووك به‌ كوردستان تیڤی راگه‌یاند: به‌ده‌ر له‌ ده‌وروبه‌ری كه‌ركووك ئیداره‌كه‌ی راكان جبوری بۆ عه‌ره‌بی هاورده‌، حه‌وت گه‌ڕه‌كی نوێی بۆ دروستكردوون و شاڵاوكه‌شی به‌رده‌وامه‌.

ئه‌و چالاكوانه‌ گوتی: ته‌عریب له‌و پرۆسه‌یه‌ش گه‌وره‌تره‌، له‌ گه‌ڕه‌كه‌ كوردییه‌كان سه‌دان ماڵی عه‌ره‌ب هه‌یه‌، بۆ نموونه‌ خه‌ڵكی فه‌لوجه‌یه‌، خه‌ڵكی حه‌ویجه‌یه‌، خه‌ڵكی روومادییه‌، زه‌وییه‌ كشتوكاڵیه‌كانیش هه‌مووی داگیركراوه‌ له‌لایه‌ن عه‌ره‌بی هاورده‌، ھاوکات لە گەڕەکە کوردییەکانیش نیشتەجێیان دەکەن وەک شاڵاوێكی نوێی تەعریب.

ئه‌م چالاكوانه‌ گوتیشی: ئێستا ته‌عریبكردن له‌ ناو بازاری قه‌یسری كه‌ركووكیش ده‌ستی پێكرد، له‌ هه‌موو بواره‌كان كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت، ئه‌مه‌ پلان بۆ دارێژراوه‌.

گوتیشی: ته‌عریبكردن سه‌رجه‌م جومگه‌كانی ئه‌م شاره‌ی گرتۆته‌وه‌، له‌ رووی دامه‌زاندنیشه‌وه‌، ته‌نها بۆ نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب ده‌كرێت، كورد فه‌رامۆش كراوه‌.

په‌یامنێری كوردستان تیڤی رایگه‌یاند: له‌ 120 فه‌رمانگه‌ له‌ كه‌ركووك و ده‌وروبه‌ری پۆسته‌كان له‌ كورد وه‌رگیراوه‌ته‌وه‌، له‌ شوێنی ئه‌وان به‌ عه‌ره‌ب و توركان دراوه‌.

ئه‌ندامێكی لقی كه‌ركووكی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان به‌ كوردستان تیڤی راگه‌یاند: له‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوو سێ هه‌زار كه‌س بۆ په‌روه‌رده‌ی كه‌ركووك له‌لایه‌ن حكوومه‌تی ناوه‌ندی عێراقه‌وه‌ دامه‌زراوه‌، له‌و رێژه‌یه‌ش زیاتر له‌ 1500 پله‌ بۆ عه‌ره‌بی كه‌ركووك ته‌رخان كراوه‌، كه‌وا زۆربه‌ی عه‌ره‌بی هاورده‌ن و له‌ په‌روه‌رده‌ی كه‌ركووك داده‌مه‌زرێن، ورده‌ ورده‌ كورد له‌ دامه‌زراندن بێ به‌ش ده‌كرێن.  

به‌پێ زانیارییه‌كانی كوردستان تیڤی له‌ دوای رووداوه‌كانی 16 ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2017 زیاتر له‌ 25000 هه‌زار خێزانی عه‌ره‌بی هاورده‌ هاتوونه‌ته‌ كه‌ركووك، له‌ به‌شێك له‌ شوێنه‌كان زه‌وی و موڵكی كوردیان داگیركردووه‌.

داڕشتنه‌وه‌ی: سامان زاهیر

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.