Erbil 38°C چوارشەممە 22 کانوونی دووەم 04:10

وه‌زیری کشتوکاڵ : به‌هیچ شێوه‌یه‌ک نه‌موتووه‌ ته‌ماته‌ی هه‌رێمی کوردستان بۆ دۆشاو نابێت

كارگه‌ی دۆشاوی شاره‌زوور و هه‌ریر له‌ به‌رووبوومی خۆماڵی دۆشاو به‌رهه‌مده‌هێنن
کوردستان TV
#7
100%

كارگه‌ی دۆشاوی ته‌ماته‌ی شاره‌زوور ده‌ستیكرده‌وه‌ به‌ كاركردن و به‌رهه‌مهێنان و ته‌ماته‌ی جووتیارانی ده‌شتی شاره‌زوور ده‌كاته‌ دۆشاو، كارگه‌ی هه‌ریریش ساڵی ئاینده‌ له‌ به‌رووبوومی خۆماڵی دۆشاو به‌رهه‌مدێنێت.

77

بێگه‌رد تاڵه‌بانی، وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو، له‌ لێدوانێكدا به‌ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگه‌یاندووه‌ : ئێمه‌ هه‌وڵمان ئه‌وه‌بوو ئه‌و كارگه‌ ناوخۆییانه‌ی كه‌ له‌بواری به‌رهه‌مهێنانی دۆشاوی ته‌ماته‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا كارده‌كه‌ن به‌گه‌ڕبخرێنه‌وه‌ و ئێستا كارگه‌ی دۆشاوی ته‌ماته‌ی شاره‌زوور كه‌وته‌وه‌ كار و به‌رووبوومی جووتیارانی ناوخۆش به‌كارده‌هێنن، ئێمه‌ به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی و ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان یه‌كێك له‌ مه‌رجه‌كانمان بۆ ئه‌م جۆره‌ كارگانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت له‌ مۆڵه‌ته‌كانیان بنوسرێت ده‌بێت به‌رووبوومی ناوخۆیی به‌كاربهێنن.

111

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت:توێژینه‌وه‌مان له‌سه‌ر جۆرێك له‌ بنه‌ تۆو كردووه‌ كه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی ده‌ریخست له‌ هه‌ر چوار كیلۆ ته‌ماته‌ كیلۆیه‌ك دۆشاوی لێ به‌رهه‌مدێت كه‌ ئه‌مه‌ به‌رهه‌مێكی باشه‌ و خواستی كارگه‌كانیش هه‌ر ئه‌مه‌ بوو، بۆیه‌ ئێمه‌ ده‌توانین بۆ ساڵی ئاینده‌ هاوكاری جووتیاران بین و ئه‌و بنه‌ تۆوانه‌یان پێبده‌ین كه‌ده‌توانرێت له‌كارگه‌كاندا به‌رووبوومه‌كه‌ی به‌كاربهێندرێت.

ده‌رباره‌ی كارگه‌ی دۆشاوی ته‌ماته‌ی هه‌ریریش كه‌ بڕیاربوو ده‌ست به‌كاركردن بكه‌نه‌وه‌ وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو رایگه‌یاند "له‌گه‌ڵ كارگه‌ی دۆشاوی هه‌ریریش چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌كمان ئه‌نجامداوه‌، ئه‌وان ده‌ستیانكرد به‌كڕینه‌وه‌ی ته‌ماته‌ی جووتیاران به‌ڵام بڕه‌كه‌ی كه‌مبوو چونكه‌ ئه‌وانیش دیاره‌ بیر له‌ رێژه‌ی قازانجی كارگه‌كه‌ و بڕی تێچووی به‌رهه‌مهێنان ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و به‌رهه‌مه‌ هاوردانه‌ی دێته‌ ناو بازاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام بۆ ساڵی ئایینده‌ له‌ ئێستاوه‌ به‌ ئه‌نجامدانی گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ جووتیاران و پێدانی بنه‌تۆو پێیان كه‌ خۆیان ده‌یانه‌وێت جووتیاران دایبچینن ئاماده‌ن كاربكه‌ن، له‌ ئێستاوه‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌ له‌په‌یوه‌ندیدان كه‌ كارگه‌كه‌ به‌ ته‌واوی سه‌رپێ بخه‌نه‌وه‌.

گوتیشی: ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت ئه‌و كارگانه‌ له‌ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان به‌گه‌ڕبخرێنه‌وه‌، به‌رهه‌می ناوخۆ په‌ره‌پێبده‌ین و به‌رهه‌مێكی ته‌ندروست و پاك به‌ كوالێتییه‌كی به‌رز بخرێته‌ بازاره‌وه‌ به‌ڵام ئه‌مه‌ پێویستی به‌ هه‌ماهه‌نگییه‌، هه‌م هه‌ماهه‌نگی جووتیاران و كارگه‌كان پێكه‌وه‌، هه‌م پاڵپشتیكردنی وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ كارگه‌كان و جووتیاران تاوه‌كو بتوانن به‌هه‌موو لایه‌ك هه‌م رێژه‌ی به‌رهه‌مێكی باش كه‌ پێداویستی بازار پڕبكاته‌وه‌ دابین بكه‌ن بیخه‌نه‌ بازاره‌وه‌ و له‌به‌رامبه‌ردا حكومه‌ت باج بخاته‌ سه‌ر به‌رهه‌می هاورده‌ كه‌ له‌رووی كوالێتییه‌وه‌ چه‌ندین پرسیاری له‌سه‌ره‌.

هه‌ره‌وه‌ها گوتی : من به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌موتووه‌ ته‌ماته‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ دۆشاو نابێت، ئه‌مه‌ هێرشێكی ناڕه‌وابوو له‌دژی من ئه‌نجامدرا، قسه‌ی من نه‌بوو قسه‌ی كارگه‌كان بوو، ئه‌گینا من له‌ ماڵی خۆمدا دۆشاوم له‌ ته‌ماته‌ی كوردی دروستكردووه‌ .

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.