Erbil 38°C دووشەممە 20 کانوونی دووەم 23:54

کازمی : ساڵانێکی زۆر له‌ کاولکاریی و گه‌نده‌ڵی و خراپ ئیداره‌دان به‌ شه‌و و رۆژێک چاره‌سه‌ر نابێت

هیوا ده‌خوازم ئه‌گه‌ر به‌ده‌ستم بووایه‌ چاره‌سه‌رێكی سیحراوییم بكردبایه‌
کوردستان TV
100%

مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، دوای ئه‌وه‌ی خۆپیشاندان له‌چه‌ند شارێكی عێراق له‌دژی نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری به‌ڕێوه‌چوو، له‌ په‌یامێكی ڤیدیۆییدا كه‌ ئاراسته‌ی گه‌لی عێراقی كرد، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد ساڵانێكی زۆر له‌ كاولكاریی و گه‌نده‌ڵی و خراپ ئیداره‌دان به‌ شه‌و و رۆژێك چاره‌سه‌ر نابێت.

كازمی له‌ په‌یامه‌ ڤیدیۆییه‌كه‌یدا گوتی: هه‌ست به‌ ئازارێكی گه‌وره‌ ده‌كه‌م كاتێك كه‌ گه‌له‌كه‌م له‌ناو گه‌رما ده‌بینم به‌هۆی كاولكاریی و خراپ ئیداره‌دان له‌ كاره‌بادا، هیوا ده‌خوازم ئه‌گه‌ر به‌ده‌ستم بووایه‌ چاره‌سه‌رێكی سیحراوییم بكردبایه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌، ساڵانێكی زۆر له‌ كاولكاریی و گه‌نده‌ڵی و خراپ ئیداره‌دان به‌ شه‌و و رۆژێك چاره‌سه‌ر نابێت، ویژدان له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ داوا له‌ حكوومه‌تێك بكه‌ن كه‌ ته‌مه‌نی راسته‌قینه‌ی ته‌نها دوو مانگه‌ باجی ئه‌و فه‌رهوود و تاڵانییه‌ بدات كه‌ گرووپ و حكوومه‌ته‌كانی پێشوو كردوویانه‌.

سه‌باره‌ت به‌ داواكاریی گه‌ل له‌باره‌ی قه‌یرانی كاره‌با، كازمی رایگه‌یاند: له‌گه‌ڵ داواكاریی گه‌لدام به‌ لێپێچینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی بوونه‌ته‌ هۆكاری ئه‌م نه‌هامه‌تییانه‌، چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌و لیژنه‌یه‌ ده‌كه‌م كه‌ بۆ پرسی كاره‌با له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه‌ پێكهێنراوه‌، حكوومه‌ت په‌له‌یه‌تی ئه‌و ئه‌نجامه‌ بخاته‌ سه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌كانی خۆی تاوه‌كو ئه‌م دۆسیه‌یه‌ بخرێته‌ به‌رده‌م گه‌ل و دادگا.

هه‌روه‌ها له‌به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌یدا گوتی: خۆپیشاندانی شه‌وی رابردووی گه‌نجان مافێكی ره‌وایه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی مافی ئه‌وه‌یان نییه‌ ته‌نانه‌ت یه‌ك فیشه‌ك به‌ڕوویاندا بته‌قێنن، هه‌ر فیشه‌كێك كه‌ هاووڵاتییانمان بكاته‌ ئامانج كه‌ داوای مافه‌كانیان ده‌كه‌ن، فیشه‌كێكه‌ ئاراسته‌ی كه‌رامه‌تمان و بنه‌ماكانمان ده‌كرێت، لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی گشتگیرمان ده‌ستپێكردووه‌ له‌باره‌ی رووداوه‌كه‌ی گۆڕه‌پانی ته‌حریر، داوامكردووه‌ له‌ماوه‌ی ٧٢ كاتژمێردا راستییه‌كان بخه‌نه‌ به‌رده‌مم.

ژێده‌ر / AA

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.