Erbil 38°C شەممە 28 ئەیلوول 08:16

ئیدارەی ڕاپەڕین لە ڕۆژانی جەژندا کردنەوەى بازاڕ و مارکێتەکان قەدەغە دەکات

چه‌ند بڕیارێك بۆ ڕێگه‌گرتن له‌ به‌ریه‌ككه‌وتن و دروستكردنی قه‌ره‌باڵغی له‌ ڕۆژانی جه‌ژن ده‌ركران
کوردستان TV
100%

کاتژمێر ( 9:30 ) ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە رێكەوتی ( 29 / 7 / 2020 ) لە دیوانی ئیدارەی را پەرین بە سەرپەرشتیی بەڕێز سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەرین و ئامادەبوونی ئەندامانی ژووری ئۆپەراسیۆنی ئیدارەی راپەرین بۆ رووبەرووبوونەوەی پەتای كۆڕۆنا كۆبوونەوەیەكی تایبەتی سەبارەت بە رێكار و ئامادەكاریی رۆژانی جەژنی قوربانی پیرۆز و میكانیزمی جێبەجێكردنی بەیانی ژمارە ( 44 ) ی وەزارەتی ناوخۆ ساز كرد.

لە كۆبوونەوەكەدا رەوشی تەندروستیی سنووری ئیدارەی راپەرین و بەردەوامیی چالاكیی و تەوژمی پەتاكە و مەترسیەكانی لە سەر كۆی ژیانی كۆمەڵگا و تاك بە تاكی خەڵك خرایە بەر باس و لێكۆڵینەوە و لە سۆنگەی هەست كردن بە لێپرسراوێتیی ئایینی و نەتەوەیی و ئەخلاقییەوە لە بەرامبەر گیان و ژیان و تەندروستیی هاووڵاتیانی خۆشەویستی ناوچەكەمان و بە لەبەرچاوگرتنی ئاماری هەڵكشاوی رۆژانەی ژمارەی تووشبوو و قوربانیانی ئەو پەتا نەفرەتییە بڕیاردرا بە :

یەكەم / سەرجەم بڕگە و خاڵەكانی بەیانی ژمارە ( 44 ) ی وەزارەتی ناوخۆ تایبەت بە داخستن و قەدەغەی كرانەوەی شوێن و محەلەكان جێبەجێبكرێن .

دووەم / داوا لە مامۆستایانی ئایینیی دەكەین هەروەك رابردوو ئیسپاتیان كرد كە هاوكارێكی بێدرێغی ئیداراتی ناوچەكەن لە جێبەجێ كردنی رێنمایی و بڕیارەكانی پەیوەست بە بەرژەوەندیی گشتی هاووڵاتیان و تەندروستی خەڵكەوە، بە هەمان گیانی دڵسۆزی و بەرپرسیارێتییەوە هاوكارمان بن لە رێنوێنی و هوشیاركردنەوەی هاووڵاتیان بۆ پابەندبوونیان بە رێكارەكانی خۆپارێزی و تەندروستییەوە لە رۆژانی جەژندا و خۆدوورگرتن لە هەموو چەشنەكۆڕ و كۆبوونەوەیەك كە ببێتە هۆی قەرەباڵغی و جەنجاڵیی و بەریەك كەوتنی ناپێویست وەك مەراسیمەكانی پرسە و سەرقەبران و نوێژی جەژن

سێیەم / بەڕێوەبەرایەتی ئاوی راپەرین ئەوپەڕی هەوڵ و تەقەلاكانی خۆیان چڕدەكەنەوە تا لە رۆژانی جەژن و پشوودا ئاوی خواردنەوە بۆ سەرجەم شاروشارۆچكەكان دابین بكەن و بۆ ئەمەش میكانیزمی گونجا و و كاری پێویست ئەنجام دەدەن .

چوارەم / بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی راپەرین و بەڕێوەبەرایەتی كارەبای راپەرین میكانیزمی گونجاو بۆ خەفارەتی رۆژانی جەژن و پشوو دادەنێن بۆ بەردەوامیی خزمەتگوزارییەكانیان .

پێنجەم / بەڕێوەبەرایەتی شارەوانیەكان و كۆمپانیای پاككردنەوە بۆ پاك راگرتنی شار و شارۆچكەكان و پاككردنەوەی پاشماوەی ( قوربانی ) كاری خۆیان ئەنجام دەدەن .

شەشەم / بەڕێوەبەرایەتییەكانی پۆلیس و ئاسایش و هاتوچۆ و سەرجەم دامودەزگا ئەمنییەكان خشتەی ئەرك و پلانی كاری رۆژانی جەژنیان بە تۆكمەیی جێبەجێ دەكەن .

حەوتەم / بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی راپەرین تیمەكانی غەواص و دەربازكردن ساز و ئامادە دەكەن لە بەنداوی سەروچاوە و دەربەند .

هەشتەم / داوا لە سەرجەم هاووڵاتیانی خۆشەویست دەكەین بۆ پاراستنی تەندروستی خۆیان و خزم و كەس و كار و ئازیزانیان بە هەموو شێوەیەك خۆیان لەسەردان و هاتوچۆ و هەرچەشنە بەریەك كەوتن و قەرەباڵغییەك بەدوور بگرن .

نۆیەم / سەرجەم یەكە كارگێڕی و بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەكانی سنووری ئیدارەمان ئاگادار دەكەینەوە كە لە دوای پشووی جەژن ئەو لیژنەیەی لە بەیانی ژمارە ( 44 ) ی وەزارەتی ناوخۆدا ئاماژەی پێدراوە كارا دەكرێت بەمەبەستی چاودێریی رەوشی جێبەجێ كردنی رێنماییە تەندروستییەكان لە فەرمانگەكاندا و پێویستە ئامادەكاریی تەواو بكەن لەم بابەتەوە …

لەگەڵ هیوای سەلامەتی و جەژن و پشوویەكی خۆش بۆ هەموو لایەك ….

هیوا قەرەنی عبداللە سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەرین و سەرۆكی ژووری ئۆپەراسیۆنی ئیدارەی راپەرین بۆ رووبەرووبوونەوەی پەتای كۆڕۆنا

29 / تەممووزی 2020

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.