سەرۆک وەزیران سوپاسی وەزیرانی حکومەتی کرد بۆ خستنەڕووی زانیاریی و ڕوونکردنەوەی بابەتەکانی پەیوەست بە پرسیاری پەرلەمانتارانی کوردستان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/7/29 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و بەشداریی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆبووەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا ، سەرۆک وەزیران باسی ئەو کەشە ئەرێنی و لەیەکگەیشتنەی کرد کە لە ئەنجامی گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هاتووەتە ئاراوە بۆ نەهێشتنی گرژییەکانی ناوخۆ و بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، دەستخۆشی لەو گفتوگۆ و دیدارانە کرد کە هەنگاوێکی گرنگە، بۆ یەکڕیزی و پشتیوانیکردنی زیاتر لە حکومەتی هەرێمی کوردستان .
دواتر سەرۆکی وەزیران ئاماژەی بە گرنگیی ئامادەبوونی وەزیرانی حکومەت لە دانیشتنی تایبەتی پەرلەمانی کوردستان دا و بە ناوی ئەنجومەنەوە، سوپاسی کردن بۆ خستنەڕووی زانیاریی و روونکردنەوەی بابەتەکانی پەیوەست بە پرسیاری پەرلەمانتارانی کوردستان. ستایشی ئەو هەماهەنگی و کارکردن بە گیانی یەک تیمی کرد، کە لە نێو کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە.
پاشان ھەریەک لە وەزیرە پەیوەندیدارەکان بە پێی تایبەتمەندیی، پوختەی پرسیار و سەرنجی پەرلەمانتارانیان لە دانیشتنی پەرلەمان لە ڕۆژانی 27- 28 ی تەمموزی 2020 بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕوو لەسەر تەوەرەکانی تایبەت بە دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم و بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی پەتای کۆرۆنا ڤایرۆس و دواتریش بابەتی دۆخی دارایی وئابووری ھەرێم و دوا پێشھاتەکانی دانووستان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی.
ئینجا سەرۆک وەزیران تیشکی خستە سەر دوایین ئەنجامەکانی گفتوگۆی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و ئاماژەی بەوە دا ، کە گفتوگۆ و دانوستان بەردەوامە و حکومەتی ھەرێم دووپاتی پابەندبوون بە ئیلتزامە دەستوورییەکانی خۆی دەکاتەوە لە بەرامبەر دابینکردنی ماف و شایستە دەستوورییەکانی ھەرێم، چەندین پێشنیاریش بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن ئالوگۆڕ کراون و ھیوای خواست لە نزیکترین دەرفەتدا، دوای پشووەکانی جەژن بگەینە ڕێکەوتنێکی ھاوسەنگ کە بەرژەوەندی هەردوولای تێدا پارێزراو بێت.
ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی لە پلان و ھەوڵەکانی خۆی بەردەوام دەبێت بۆ ڕووبەڕوبونەوەی قەیرانی دارایی و بە تایبەتیش دابینکردنی شایستەی دارایی مووچەخۆران کە ئەرکی لە پێشینەمانە.
پاشان گفتوگۆ دەربارەی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە تایبەتی لە ڕۆژانی جەژنی قوربان کرا .
ئەنجومەنی وەزیران ژوورەکانی ئۆپەراسیۆنی ڕاسپارد بۆ دەرکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنمایی تەندروستی نوێ لە پێناوی پاراستنی ژیان وسەلامەتی ھاووڵاتیان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.