بەشی رۆژنامەوانیی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان وهڵامی ئەندامێكی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی دهداتهوه دهڵێت: پۆستێکی نەشیاوی، بە ھەڵچونێکی دەروونی نا سروشتی و، دوور لە بنەمای رەوشتی نووسین لە سەر پارتی نووسیوە، کە پێدەچێ دەمێک بێت راھێنانی بۆ کردبێ.
وەڵامێک لە بەشی رۆژنامەوانیی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بۆ مونیرە عەلی عەبدولعەزیز.
مونیرە عەلی عەبدولعەزیز ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، لە ئەکاونتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک، پۆستێکی نەشیاوی، بە ھەڵچونێکی دەروونی نا سروشتی و، دوور لە بنەمای رەوشتی نووسین لە سەر پارتی دیموکراتی کوردستان نووسیوە، کە پێدەچێ دەمێک بێت راھێنانی بۆ کردبێ، تا بەو فکر و ئاراستە پۆپۆلیستیە زمانی بگەڕێت!
ئێمە لە وەڵامدا دەڵێین:
لە ململانێی سیاسی و کەشی ئازادی ھەرێمی کودستاندا زۆرێک لە پەرلەمانتار و کادیر و سەرکردەی ھێز و لایەنە سیاسییەکان بە ھەندێ لێدوان و دەربڕینیان ھەستی ئێمە و خەڵک و تەنانەت جەماوەرەکەی خۆشیان ئازارداوە، بەڵام ناکرێت ھەموو ئەوانە لەسەر خودی حزبەکان حیساب بکرێن و بکرێنە دەرفەت بۆ دنەدانی رق و پشێوی! برایانمان لە بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان باش لەم راستیەدەگەن بەتایبەتی کە پەیوەندیی دێرین و لە مێژینەی نێوان پارتیمان و بزووتنەوە پەیوەندیەکی جێگیر و رێزلێگیراوە.
بە حوکمی ئەو رابردوو و پەیوەندیەی نێوانمان، ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان واینابینین کە نووسینەکەی مونیرە عەلی عبدولعەزیز ھەڵوێستی فەرمیی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان بێت، وەلێ بەداخەوە ناوبراو کە ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەکەیە بەبێ رەچاوکردنی ئەو پەیوەندیە مێژووییە و پەرێزی پڕ شانازی پارتی، لە ئاستێکی نزمی دەربڕین و بە زمانێکی زبر و ناتەندروست و پێچەوانەی عورفی دەربڕینی سیاسی و بنەماکانی ئاینی پیرۆزی ئیسلامیش، بابەتێک دەکاتە دەرفەت بۆ لەکەدارکردنی پارتیمان! ئەمە لە کاتێکدا کە لای خەڵکی کوردستان و یار و نەیار و خودی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستانیش زانراوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە رابردوو تا ئێستا بەگرتنەبەری رێباز و راستەڕێیەکی دروستی خەبات و تێکۆشان، پارێزەری کولتووری جوانی کوردەواری و رێزگرتنە لە بیروباوەڕە ئاینی و ئایدۆلۆژیە جیاوازەکان و، ھەروەھا ھاندەری پێکەوەژیان و زامنی ئاشتی و ئارامی کوردستانیشە.
مێژوو رابردوویەکی نەگۆڕە، جگە لە توێژینەوە و بەڵگەی دانپێدانراوی زانستی و لۆژیکی، ھیچ رێگایەکی دیکە نیە بۆ جوانکردن یاخود ناشرینکردنی ئەو زەمەن و رابردوە، بۆیە لە جیاتی تەشھیر و لەکەدارکردن باشترە خاتوو مونیرە و ھاوشێوەکانی لە سەرنج و رەتکردنەوە و وڵامی وتە و دەربڕینی ھەر کەس و لایەنێک پەنا بۆ شێواز و رێگای دروست و باوەڕھێنەر ببەن و بەلایەنی کەمەوە لە ئاکاری ئیمانداری دەرنەچن، چونکە بەپێچەوانەوە ئەو زمان و ئاراستە خراپە خزمەت بە پێکەوەیی و ئارامی و رەوشی ئێستای کوردستان ناکات.
بەشی رۆژنامەوانیی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی
پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٩ـی٧ـی٢٠٢٠
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.