به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی رزگاری رایگه‌یاند ، دوو كاتژمێر ھێنانی ئۆكسجین له سلێمانی-یه‌وه بۆ ھه‌ولێر دواكه‌وتووه، به‌ڵام ھیچ نه‌خۆشێك به‌مھۆیه‌وه گیانی له‌ده‌ست نه‌داوه.
لاوه‌ند میران ،به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی رزگاری له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییدا گوتی: ئه‌م به‌یانییه تۆزێك كێشه‌ی كه‌می ئۆكسجین ھه‌بووه له نه‌خۆشخانه‌ی رزگاری، به‌ڵام دواتر كێشه‌كه چاره‌سه‌ركرا و ئێمه دڵنیاتان ده‌كه‌ینه‌وه كه ئێستا ھیچ كێشه‌یه‌كی كه‌می ئۆكسجین نه‌ماوه و هیچ نه‌خۆشێك به‌هۆی كه‌می ئۆكسجینه‌وه گیانی له‌ده‌ستنه‌داوه.
گوتیشی: ئێستا زیاتر له ٢٣٠ نه‌خۆشمان ھه‌یه و ئه‌م نه‌خۆشخانه‌یه ته‌نیا ئه‌و نه‌خۆشانه وه‌رده‌گرن كه باری ته‌ندروستییان ناجێگیره، له‌سه‌دا ٥٠ی ئه‌و نه‌خۆشانه له‌ژێر ئامێری هه‌ناسه‌دانن له چاودێری چڕدان، ئه‌مه‌یش بێگومان ئۆكسجینی زیاتری ده‌وێت، هه‌روه‌ها نیوه‌كه‌ی دیكه‌یش ئۆكسجینی ئاسایی وه‌رده‌گرن و ئه‌مه‌یش وا ده‌كات رێژه‌ی به‌كارهێنانی ئۆكسجین زیاد بكات.
به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی رزگاری، ئاشكرایشی ده‌كات كه سه‌رچاوه‌ی ئۆكسجینی شل له سلێمانی-یه و دوو رۆژ جارێك ئۆكسجینه‌كه ده‌گوازنه‌وه بۆ هه‌ولێر و ئه‌مڕۆش هێنانی ئۆكسجینه‌كه دوو كاتژمێر دواكه‌وتووه و به‌م هۆیه‌وه دڵه‌ڕاوكێ له‌لایه‌ن هاووڵاتییانه‌وه دروست بووه و له‌مباره‌یه‌وه گوتی:"سه‌رچاوه‌ی ئۆكسجین شل له شاری سلێمانی-یه و دوو رۆژ جارێك ئۆكسجین دێت بۆ هه‌ولێر، ئه‌وه‌ی دیكه به بوتڵ ده‌درێت به نه‌خۆش، ئه‌م گرفته رۆژانه ھه‌یه و رێژه‌ی به‌كارھێنانی ئۆكسجین زۆره و قه‌ت نه‌مانھێشووه‌ته كاریگه‌ری له‌سه‌ر نه‌خۆش هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌مڕۆ چونكه ماوه‌ی دوو كاتژمێر ئۆكسجینه‌كه دواكه‌وت، كه‌سوكاری نه‌خۆش وایانزانی ئۆكسجین نه‌ماوه و قه‌ره‌باڵغه‌یان دروست كرد و ھیچ نه‌خۆشێك له‌به‌ر كه‌می ئۆكسجین گیانی له‌ده‌ستنه‌داوه.
له‌باره‌ی ژماره‌ی ئه‌مڕۆی گیان له‌ده‌ستدانی نه‌خۆشه‌كانی تووشبوو به ڤایرۆسی كۆرۆنا، لاوه‌ند میران گوتی: ئه‌مڕۆ چوار نه‌خۆش گیانیان له‌ده‌ستداوه و یه‌كێك له‌وانه كارمه‌ندی نه‌خۆشخانه بووه و لۆدی ڤایرۆسی زۆری بۆ ھاتووه و گیانی له‌ده‌ستداوه، هه‌روه‌ها سه‌رۆكی په‌رستاران له‌ژێر چاودێری چڕدایه و دۆخی ته‌ندروستی ناجێگیره.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.