بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە، پیرۆزبایی لە موسڵمانانی کوردستان و جیهان دەکەم.
هیوادارم ڕۆژانی جەژن، لە خۆشی و کامەرانیدا بەسەر ببەن و پابەندی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان بن.
بەداخەوە ئەمساڵ جەژنی قوربان، لە دۆخێکی سەختی ئابووریدا بەڕێ دەکەین . ئەم بارودۆخە نەخوازراوە لە دەرەوەی خواست و ویست و دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
ئێمە هەر لە سەرەتای دروستبوونی ئەم قەیرانەوە، هەموو هەوڵێکمان خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم قەیرانە، لە سەر ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانمان سنووردار بێت، بەڵام بەداخەوە ئەم قەیرانە داراییە کە زۆربەی وڵاتانی جیهانی گرتووەتەوە، زۆر لە توانا داراییەکانی بەردەستی حکومەتی هەرێم گەورەترە، بەڵام سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکانیش، هیوادارم هاووڵاتییانی خۆشەویست، متمانەیان بە حکومەتی هەرێم هەبێت کە لە هەوڵێکی بەردەوامدایە بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
بەو هیوایەی لە دوای جەژن، لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی بگەینە ڕێککەوتنێکی هاوسەنگ کە ماف و شایستە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانی تێدا پارێزراو بێت .
ئومێدەوارم بە پشتیوانی هەموو لایەک، ئەم ڕۆژە سەختانەش تێپەڕێنین و هاووڵاتییانمان، جەژنەکانی داهاتوو ، لە دۆخێکی لە بارتردا بەسەر ببەن.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کورستان
2020/7/30
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.