Erbil 38°C یەکشەممە 19 کانوونی دووەم 22:55

بەیاننامەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان وئەنفالکراوان لە یادی (٣٧)ساڵەی قوربانیانی جینۆسایدی بارزانییەکان

بەپێی هەموو ئەوبەڵگە ڕاست و دروستانەی لەبەردەستن ئەوەی لە هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو بەرامبەر بە گەلی کوردستان كراوە جینۆسایدە
کوردستان TV
100%

كەس و كاری سەربەرزی شەهیدان و قوربانییانی جینۆسایدی بارزانیەكان، ئەمرۆ ( ٣٧ ) ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر تاوانێكی گەورەی دژ بە بەهاكانی
ئایین و سروشت و مرۆڤایەتی ، تاوانی جینۆسایدی گەلی كوردستان كە تێیدا نزیکەى (۸٠٠٠)مرۆڤی بێتاوان تەنها بەهۆی كوردبوونیان جینۆسایدكران
كۆمەڵكوژی بارزانییەكان سەرەتای پیلانێكی گەورە بوو بۆ لەناوبردن و پاكتاوی رەگەزی گەلێك كە دەیویست لەسەر خاكەكەی خۆی بە ئاشتی وئازادی بژی
دوژمنانی كورد بۆ ئەم مەبەستە مەڵبەندی تێكۆشانی سەدەیەك خەبات و زێدی شۆڕشگێڕانیان لە بارزان كردە ئامانج و هەر لەدوای رێكەوتننامەی بەدناوى جەزائیرەوە دەستیان پێكرد، ساڵی ( ١٩٧٧ ) هەزاران خێزانیان بەرەو دیوانییە و شارەكانی باشووری عێراق ڕاگوێزا ،بەخەیاڵی خۆیان بۆ ئەوەی دایان ببڕن لە چیا و گوندەكانیان ودەرفەت نەمێنێتەوە بۆ خەبات و مقاوەمەت دواتر بۆ ئۆردوگاكانی قوشتەپە و بەحركەو هەریر و گۆڕەتوو دەوروبەری هەولێر گوێزرانەوە، سەرەڕای قوربانیدان و باوەڕی بەرزی خەباتكارانەی بارزانیەکان و پشتیوانیی خەڵكی ناوچەكانی كوردستان و بەتایبەتیش شارى هەولێر ، بەڵام پیلانی نەخوازراوی رژێمی رەفتار فاشیستی بەعسی رووخاو بەردەوام بوو بۆ ئەنجامدانی تاوانێك كە لەمێژووی مرۆڤایەتیدا بوونی نەبوو


لە ۳۱ / ۷ / ۱۹۸۳ یەكەمین قۆناغی ڕەشبگیری  بارزانیەكان دەستپێكرد و بە سێ قۆناغ و لە ماوەی (۱۲) ڕۆژدا نزیکەى(۸٠٠٠) مرۆڤی بێتاوان دەستگیرکران و لە بیابانەكاندا شەهید و بێسەروشوێن كران
 دوای ئەو تاوانە گەورەیە ڕژێمی بەعس لەسەر پیلان و بەرنامەی داڕێژراوی لە سڕینەوە و قڕكردنی گەلی كوردستان بەردەوامبوو ، کە بەپێی هەموو ئەوبەڵگە ڕاست و دروستانەی لەبەردەستن ئەوەی لە هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو بەرامبەر بە گەلی کوردستان كراوە جینۆسایدە و دەچێتە ئاستی ئەو گەلانەی كە زۆرترین تاوانی كۆمەڵكوژییان بەرامبەر ئەنجام دراوە و زیانەكانی جینۆساید و دەرئەنجامە تاڵەكانی زامێكی قوڵی جەستەی ئەم نەتەوەیەن و ساڕێژبوونیان ئەستەمە، بەڵام مایەی شانازیە كە ئەو نەمرانە لە یادو بیرەوەری گەلى کوردستاندا سەرچاوەی ئیلهامی ژیان و بەرخودانن و تاوانبارانیش لە مێژووى رەشى مرۆڤایەتیدا دەمێننەوە.

کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان
‏‎هەرچەندە لەم ساڵدا بەهۆى بڵاو بوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا و رێکارەکانى خۆ پارێزى تەندروستى نەتوانرا وەک ساڵانى پێشوو ئەم یادە بکرێتەوە بەڵام وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی بەرنامەی حكومەت هەموو تواناكانمان دەخەینەكار تا خزمەتی شایستە پێشكەش بە كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوان بكەین و یادى قوربانیەکان بەرز رابگرین و کار دەکەین بۆ بە جینۆساید ناساندنی ئەوتاوانانەی دەرحەق بە گەلەکەمان کراون
لەماوەى رابردووشدا توانراوە نزیکەى ( ٣٠٠٠ ) رووفاتى ئەنفالکراوانى بارزانیەکان بگەرێنینەوە باوەشى کوردستان و بەردەوامین لە کارکردن بۆ دۆزینەوە و هەڵدانەوەى گۆرە بەکۆمەڵەکان و هێنانەوەى  رووفاتى شەهیدانمان بۆ زێدى باو باپیرانیان ، هەروەها لەسەر ئەو بنەمایەى کە داداگاى باڵاى تاوانەکانى عێراق کەیسى کۆمەڵکوژى بارزانیەکانى بە بریارى ژمارە ( ٤ ج ١ )لەرێکەوتى ۱۱ / ٥ / ۲٠۱۱ بەجینۆساید و تاوانى دژ بە مرۆڤایەتى و تاوانى جەنگ ناساندووە ، لەبەر ئەوە دەبێت حكومەتی عێراقی فیدراڵ هەرچی زووە قەرەبووی ماددى و مەعنەویان بکاتەوە و پابەندبێت بە دەستور بەتایبەت ماددەی  ( ۱۳۲) بۆ ژیانێكی شایستە و هاوتاو و هاوبەش و پێكەوە هەڵكردنی  ئاشتییانە  


‏‎بە پلان و بەرنامەى نوێ لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین بۆ ئەوەى گۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕێكخراوەكانی مافى مرۆڤی جیهانیی تاوانەكانی كۆمەلكوژی کوردستان هاوشێوەی هۆلۆكۆست و قەتڵ و عامەكانی تری مێژووی مرۆڤایەتی بە جینۆساید بناسێنن.

‏‎نەمری بۆ قوربانییانی جینۆسایدی بارزانییەكان و سەرجەم شەهیدانی رێگای ڕزگاریی كورد و كوردستان
‏‎ سەربەرزی و شكۆمەندی بۆ كەسوكاریان
‏‎وەزارەتی كاروباری شەهیدان وئەنفالكراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان
۳۱ / ۷ / ۲٠۲٠

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.