ئێواره‌ی هه‌ینی رۆژی 22/11/1996 له‌ناوه‌راستی شاری مێدیا و كو‌لتور، كۆلۆنیا (كۆڵن) به‌نیسبه‌ت كورده‌وه روداوێكی فه‌رهه‌نگی گرینگ روی دا وره‌نگه ئه‌مه ببێته هه‌نگاوێكی مێژوویی. هۆڵی VHS زیاتر لهچوارسهد كه‌سی له خوی‌دا گرتوه. چرا ورده ورده ده‌كوژێته‌وه له ناو تاریكی دا ده‌نگی زیره‌ك به‌رز ده‌بێته‌وه، ده‌نگێكی ژنانه‌ی به گۆی ئاشنا ئه‌لێت: ،، نا،نا، زیره‌ك نه‌مردووه، زیره‌ك زیندووه و یادی لای هه‌موو كوردێك ده‌مێنێ.
ئه‌وه ده‌نگی په‌روین موشیر وه‌زیری یه كه له رادیۆی كرماشان یادی زیره‌ك ده‌كاته‌وه. رووناكی ده‌كه‌ویته سه‌ر په‌رده‌كه، دوو كوتی په‌رده هه‌ركام به لایه‌كدا ده‌كێشرێن، ده‌نگی په‌روین موشیر وه‌زیری ئێستا له سه‌ر سه‌كۆ به‌رده‌وامه، سه‌كۆی شانۆ به فه‌رشی كوردهواری رازاوه‌ته‌وه، وێنه‌ی زیره‌ك ته‌ختایی دیواری شانۆكه‌ی داپوشیوه، به كوردی وئاڵمانی نووسراوه یادی 75 ساڵه‌ی له دایك بوونی حه‌سه‌ن زیره‌ك پیرۆز بێ. ده‌ستی راستی سه‌كۆ به وێنه‌ی تیپی موسیقای رادیۆ كرماشان كه زیره‌ك له نێویان دایه رازاوه‌ته‌وه، موجته‌با میرزاده، عه‌بدولسه‌مدی وئه‌وانی تر له كاتی پێشكه‌ش كردنی ئاهه‌نگدا دیارن.
په‌خشانه‌كه‌ی په‌روین خانم له ناو چه‌پڵه‌رێزانی بینه‌ران دا كوتایی پێدێت. له ده‌سته راستی كاك ئه‌سعه‌دی سراجه‌الدینی و له ده‌سته چه‌پ دوكتور فیروز فه‌روخ دانیشتون و كه‌سانی تر وه‌ك پرۆفیسور دوكتور قادر دیلان، ئیقبال حاجبی، ره‌زا حه‌مه فه‌ره‌ج، سیروان ره‌حیم، و خالید ره‌شید به‌شدارانی كۆڕه‌كه‌ن.
كاك ئه‌سعه‌د كۆڕه‌كه ده‌كاته‌وه، دوكتور فه‌روخ به زمانی ئاڵمانی پاش به‌خێرهاتن كردن له سه‌ر زیره‌ك ده‌ڵێ:« زیره‌كی شاعیر، ئاهه‌نگساز، وه‌رگێڕ، شانۆگێڕ و قسه خۆش كه بێ سه‌واد بو، به ته‌نیا زیاتر له هه‌زار گۆرانی كوتوه، كه هه‌مووی گۆرانی ره‌سه‌نی كورده،هه‌ر بۆیه زیره‌ك به گۆرانی بێژی هه‌زار گۆرانی ناوی ده‌ركردوه.»
دیلان ده‌ڵێت:« ئاماده‌كردنی شه‌وێكی ئاوا له كاری ده‌وڵه‌تێك ده‌چێ، ئه‌وه‌ی شانۆی كۆچه‌ر له ده‌ره‌وی وڵات به بێ یارمه‌تی به ئیشێكی وا هه‌ڵده‌ستێ جێگای رێزه. دیلان له سه‌ر زیره‌ك باسی ساڵانی 1953 ده‌كات ئه‌و كاته كه له باشوری كوردستان بوه»
ئیقباڵ حاجبی واده‌ڵێت:« زیره‌ك یه‌كه‌م كه‌سه كه مه‌كته‌بی موسیقای ره‌سه‌نی كوردی داناوه،ئه‌و موسیقای كوردی له فارس وتورك و عه‌رب جیا كرده‌وه، زیره‌ك له ده‌زگای موسیقای كوردی دا گۆرانی وتوه. موسیقای زیره‌ك مۆركی كوردبوونی پێوه‌یه وهیچ كه‌س ونه‌ته‌وه‌یه‌ك ناتوانێ له مولكی كوردی جیا كاته‌وه. حاجبی ده‌ڵێت: فارسه‌كان زۆریان حه‌ول دا تا زیره‌ك له چوارچێوه‌ی ده‌زگای فارسی دا گۆرانی بڵێت به‌ڵام زیره‌ك له چوارچێوه‌ی كوردی خۆی دور نه‌كه‌وته‌وه. حاجبی پاشان به قه‌ره‌نه‌ی(كلارینێت) ئاهه‌نگێكی زیره‌كی ژه‌ند كه ره‌نگێكی تری دایه به‌رنامه‌كه.
ره‌زا حه‌مه فه‌ره‌ج به‌م جۆره دیته قسه: « زێره‌ك خۆی شاعیر بو» ئه‌و له‌و بڕوایه داب‌و كه زیره‌ك گۆرانی فولكلوری نهكوتووه به‌ڵکو شیعری به زمانی خه‌ڵک به شێوه‌ی فولكلوری داناوه. ره‌زا به هه‌ڵسگاندنی شیعره‌كانی هه‌ستی به‌رزی زیره‌كی ده‌رخست، ئه‌و هه‌روه‌ها باسی به كارهێنانی وشه‌ی ره‌سه‌نی زه‌یره‌ك له شیعره‌كانی دا کرد. پاشان خالید ره‌شید به نه‌ی ئاهه‌نگێكی زه‌یره‌ك ده‌ژنێ.
سیروان ره‌حیم له كورته په‌خشانه‌كه‌ی دا گوتی: « ئێوه به وریاییه‌وه سه‌رنج له‌م ناوانه بده‌ن و گوێی بۆ هه‌ڵخه‌ن«شه‌ده‌لار، كه‌ویار، لۆركێ ولۆركێ،گه‌وهه‌رێ، كۆڵوانه‌سوور، شاییه ده‌گه‌رێ وده‌یان ناونیشانی تری ئاوه‌ها ناسك وجوان وره‌سه‌ن. گه‌لۆ هه‌موو ئه‌مانه له نه‌زانی ونهخوێندهوارییهوه هاتوون یان له هه‌ستی هۆنه‌رمه‌ندێكی سینه به‌ئه‌وینی خاك پڕ و‌دڵ به عشقی بێت و كه‌ونه هونه‌ری گه‌له‌كه‌ی ته‌ژی»؟!
حه‌سه‌ن زیره‌ک ئاوا ده‌نگ هه‌ڵده‌بڕێ:« ئه‌وه به‌و ئاخری پیریه چه‌ند گۆرانی بۆخه‌ڵک ئه‌ڵێم، دورنیه بمرم، بچمه ژیرگڵهوه له‌و دونیاش چاوم به به‌شه‌ڕی كورد نه‌كه‌وێ. هونه‌ر لای كورد قه‌دری نه‌ماوه،هونه‌رمه‌ند قه‌دری نیه، بۆ؟؟ له‌به‌ر ئه‌وه كوردم به زمانی كوردی قسه ده‌كه‌م.عه‌لی مه‌ردان به‌رزه زۆر به‌رزه كورد قه‌دری نازانێ من قۆنده‌ره‌كانی(پێڵاوه‌كانی) ده‌نیمه سه‌ر چاوم.»
به‌رپرسی شانۆی كۆچه‌ر، برایم فه‌رشی له راپۆرتی چۆنیه‌تی پێك هاتنی فستیوالی یادی 75 ساڵه‌ی له دایكبوونی زیره‌ك دا ده‌ڵێت:« ده‌مانویست به‌رێزان شوكروڵا بابان، موجته‌با میرزاده،مێدیا زه‌ندی، مه‌زهه‌ری خالقی، محه‌مه‌د ماملێ، قاله مه‌ڕه، حه‌سه‌ن ده‌رزی، مه‌حه‌مه‌د ره‌مه‌زانی، ده‌رویش عه‌لی و كه‌سانی تر، بانگ بكه‌ین، پێوندیمان به زۆربه‌یانه‌وه گرت به‌ڵام سه‌ری نه‌گرت». له شوێنێكی تردا ده‌ڵێت: « ئێمه بۆ ئه‌م شه‌وه نزیكه‌ی 20 ههزارماركمان خه‌رج بووه و له لایه‌ن هیچ كه‌سێكه‌وه چ كورد و چ ئاڵمان ته‌نانه‌ت یه‌ك ماركمان پێنه‌گه‌یشتووه، ئه‌وه جگه له كاری 9 مانگه‌ی رێكخستن و كاری ده‌ساڵه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی.ئه‌مڕۆ كۆچه‌ر خاوه‌نی ئارشیوێكی پڕبایخی به‌رهه‌مه‌كانی زیره‌كه.»
له كۆتایی راپۆرته‌كه‌دا ده‌ڵێت:« ئه‌م شه‌و وه‌ك مێژوو ده‌مێنێته‌وه،ئێوه‌ش(بینه‌ران) بێ گومان یاد و بیره‌وه‌ری ئه‌م شه‌وه له لای خۆتان راده‌گرن. به‌شداری وهاتنی ئێوه نیشانه‌یه بو ئه‌وه هونه‌رمه‌ندی كورد ده‌بێ رێگای خه‌ڵک وهونه‌ره‌كه‌ی بگرێ، وه‌ك زیره‌ك. هیوادارین په‌یامی ئه‌مشه‌وه بگاته هه‌موو هونه‌رمه‌ندێكی كورد. با مێژووش بزانێ كه كوردی ده‌ره‌وی وڵات گشتیان بێ ئه‌مه‌گ و سپڵه نین، كه نانی نه‌ته‌وه‌یه‌ك بخون و ناندانی بدڕێنن. كورد كوته‌نی با قسه‌یه‌كیش بۆدز بكه‌ین ئه‌ویش ئه‌وه‌یه. با زیره‌ك وسه‌ید عه‌لی ئه‌سغه‌ر و سیوه وعه‌لی مه‌ردان ومه‌ریه‌م خان وزۆری تر نه‌بنه بابه‌ت بۆنان وناوی ئه‌م و ئه‌و».
دڵشاد سه‌عید به ویولهنهكهی هه‌ستێكی نوێ له موسیقای كوردی نوواند. دڵشادیش له ئارشیوی زیره‌ك ئاهه‌نگی كرماشان شاری شیرینمی ژه‌ند و نوواندی كه رێگای هه‌یه به‌ره‌و ئاكادیمیای موسیقای ناونه‌ته‌وه‌یش بروات.پاش پشوودان، شوان په‌روه‌ر به كوردی وئاڵمانی له سه‌ر زیره‌ك دووا، زیره‌ك لای شوان بڵیمه‌ت بوه و بلیمه‌تیش ده‌مێنێته‌وه. كاتێك گۆرانی له‌یل و له‌یلی زیره‌ك له لایه‌ن شوان په‌روه‌ره‌وه پێشكه‌ش كرا دانیشتوانی هۆڵه‌كه هه‌ستی خۆیان به چه‌پڵه‌رێزان ده‌ربڕی.
شیعری شه‌و له لایه‌ن په‌روین خانم هاوڕێ له گه‌ڵ قه‌ره‌نه‌ی ئیقباڵ حاجبی دیكله‌مه كرا و پاشان زیره‌ك خۆی چریكاندی: ،، هه‌سته كامیل به‌سیه سستی ده‌ی بڕۆ لێی راكهوه.
قادر دیلان كه پاش كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه له ساڵی 1988 ته‌ركی سه‌كۆی شانۆی كردبوو، بۆیادی گه‌وره پیاوی موسیقای كوردی جاریكی تر له سه‌ر سه‌كۆ گۆرانی باران بارانه‌ی خوێند‌و ره‌نگێكی تایبه‌تی دایه پرۆگرامه‌كه.
خالید ره‌شید،ئاسۆ سه‌ڵته، نه‌به‌ز به‌رزه‌نجی، پاشان چه‌ند گۆرانیان پێشكه‌ش كرد. شه‌وه‌كه به گۆرانی خاڵه رێبوار و كیژان ده‌چنه مێرگۆڵان به ده‌نگی هاوشاری زیره‌ك به‌كر له‌گزی و قه‌ره‌نه‌ی ئیقباڵ حاجبی كۆتایی هات.
وێژه‌رانی به‌رنامه‌كه په‌روین خانم موشیر وه‌زیری، كاك ئه‌سعه‌د سراج الدینی و كاك دوكتور فیروز فه‌روخ بوون كه به درێژایی دوازده سه‌عات ونیو له زیره‌ك دووان، هه‌ڵگه‌ڕاندنه‌وه‌ی گۆرانیه‌كانی زیره‌ك به ئاڵمانی له گه‌ڵ قسه خۆشه‌كانی بینه‌ری ئاڵمان و كوردی نه‌زانی، كێشایه دونیای زیره‌كه‌وه.
راوبۆچوونی بینه‌ران ده‌ربڕی رازی بوون بوو، به تایبه‌ت ئاڵمانیه‌كان. رێك و پێكی شه‌وه‌كه، زانیاری به زمانی كوردی، ئاڵمانی وفارسی له سه‌ر زیره‌ك به نووسراوه، پێشكه‌ش كردنی ئه‌ده‌بیات وفیلم وموسیقای كوردی له لایه‌ن هاوكارانی ناوه‌ندی كۆچه‌ر له ده‌ره‌وه‌ی هۆڵه‌كه، باری رێكخستنی شه‌وه‌كه به‌رچاو بو. دیاره له‌م شه‌وه‌دا كه‌سیش برسی وتونی نه‌مایه‌وه.
بۆ ئه‌منیه‌تی به‌شداران پۆلیسی شاری كۆڵن له حاڵه‌تی ئاماده‌دا بوون و هاوكاریان به‌رچاو بو. هه‌موو له رازی ده‌چوون جگه له گیرفانی كۆچه‌ر و قه‌رزی تازه‌ی. كورد كوته‌نی گۆم هه‌تا قوڵ بێت مه‌له‌ی خۆشتره. ئه‌ندامانی كۆچه‌ر ده‌ڵێن: « تۆبڵێی ئێمه‌ی مه‌له نه‌زان له گۆمی قوڵدا چمان به سه‌ر بێت؟؟ شانۆی كۆچه‌ر ئاڵمان نوامبری 1996
- هۆی ئهمادهباشبوونی پۆلیسی کۆڵن پێوه‌ندی به دادگای میکۆنووس له شاری به‌رلین بوو. شانۆی کۆچه‌ر به پۆلیسی ڕاگه‌یاندبوو که ئه‌و که‌سانه‌ی که له فستیواڵی زیره‌ک به‌شداری ده‌که‌ن، که‌سانی به‌ناوبانگی کوردن و مه‌ترسی هه‌ڕه‌شه و کاری تیرۆریستی له لایه‌ن ئێران و که‌سانیه‌وه هه‌یه، پێشتر هه‌ر له شاری کۆڵن بۆمبێک له سه‌تڵێکدا له لایه‌ن پۆلیسه‌وه له به‌رنامه‌یه‌کی ڕێکخراوی موجاهد دۆزرابووه و ئه‌وه‌ش پۆلیسی کۆڵنی پاش دوو مانگ ڕاوێژ له گه‌ڵ ناوه‌ندی شانۆی کۆچه‌ر گه‌یانده ئه‌و بڕیاره که پۆلیس به درێژایی هه‌موو شه‌وه‌که له شوێنه‌که بێت و پۆلیسی شاریش له حاڵه‌تی ئاماده‌دا بن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.